515وتار

بازەكە نیشتۆتە سەر شانی سلێمانی

5/1/2022 10:50:00 AM
هەندرێن شێخ راغب

بەپێچەوانەی دۆخی ئێستای ناوچەی سلێمانی، كە دژوارو هەستیارو پەراوێزخراوە، لەبەردەم دۆخێكی زێڕین دایە كە لە مێژووی ئەم ناوچەیە كەم وێنەیە. ئەگەر جەنگی جیهانی دووەم لەسەر كەركوك بەلادا كەوت، ئەمڕۆ جەنگی سێیەمی جیهان؟؟ لەسەر ناوچەی سلێمانی وەستاوە(دیارە بەم زیادە رەوییە نیە، بەڵام بەشێكی زۆری راستی تێدایە). هیتلەر بەهۆی نەمانی سوتەمەنی پەنای بۆ دروستكردنی دەوڵەتێكی كوردی بردو رەمزی نافعی تێكۆشەری هەولێر سەری خۆی لەپێناو دانا.

ئەمڕۆش جیهان دوو بەرەیە، بەرەی روسیا بەسەركردایەتی پۆتین، بەرەی رۆژئاواو ئەمریكا بەسەركردایەتی بایدن. ناوچەی ئێمە واتە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێ لایەن نیەو بەتەواوی بەسەر هەردوو بەرەدا دابەش بووە. ئەگەر لە جەنگی یەكەم و دووەمی جیهان بەرەی كورد شكست خواردووبوو، بەرەی سەركەوتووی ئینگلیزو فەرەنساو ئەمریكا دژی خواستی كورد بوون. ئەوا ئێستا ئینگلیزو فەرەنساو ئەڵمانیاو ئەمریكا پێویستیان بە غازی سروشتی تۆیەو داوای دەكەن. ئەمەش دەرفەتی زێڕینە، چونكە ئینگلیزی دایكی سیاسەتی دنیا كە دروستكەری دەوڵەتی عێراقە، ئەمڕۆ خواستی لەگەڵ غازی تۆیەو داوای دەكات.

ناوچەی سلێمانی لەبەردەم دەرفەتێكی هێجگار زێڕین و گەشاوەدایە، كە ببێتە خاوەنی بەهێزترین ئابوری و داهاتی ناوچەكە، بەجۆرێك لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نمونەی هەرە باڵای خۆشگوزەرانی بێت. واتە هەولێر نەوت دەفرۆشی       َو سلێمانیش غاز. ئەمەش گەورەترین گۆڕانكاری دەبێت لە ئابوری هەرێمی كوردستان. بەڵام كە داهات نەگەڕایەوە ناو خەزێنەی حكومەت و بۆ میللەت خەرج نەكرا، سودی چیە؟ ئێستا لەبری داڕشتنی سیاسەتێكی نیشتمانی و دەوڵەتداری پڕ دەستكەوت بۆ فرۆشتنی نەوت و غاز، خەریكی شەڕە حیزب و شەڕە گەڕەك و شەڕە بەرەبابین. ئەمەیە كێشەی جەوهەری كورد. واتە لەرووی بابەتی دەرفەتی زێڕین لەبەردەم كوردە، بەڵام لەروی زاتیەوە كورد نەك ئامادە نیە، بەڵكو كرچ و كاڵ و بێ پلان و بێ سیاسەتی حەكیمانەو نیشتمانیە. كورد تەنها بەردەم بارەگای خۆی دەبینێت و ئاگای لەم گۆڕانكارییە گەورەیە نیە دوای شەڕی ئۆكرانیا دنیای گرتۆتەوە. ئەگەر دەسەڵاتدارانی كورد لە ئێران و روسیاو بەرەكەی دەترسن، واقعیە، بەڵام ئینگلیزو فەرەنساو ئەمریكا لەبەرەی تۆدان. یان دەكرێت تۆ لەبەرەی ئەوان بیت. بۆیە فرۆشتنی غازو نەفرۆشتنی غازەكە هەردووكی وەرەقەیەكی بەهێزی دەستی كوردە ئەگەر بتوانێت زیرەكانە بەكاری بهێنێت. چۆن؟ ئەگەر ئێران و روسیا هەڕەشە دەكەن كە نەیفرۆشن، دەكرێت بەرامبەر ئەوە داوای چارەسەری بنەڕەتی بودجەو موچە بكرێت لەبەغداوە لە 17% بگەڕێتەوە كە عێراق ئاسان دەتوانێت و داهاتی فڕیوە. ئینجا دۆسیەی كەركوك بدرێتەوە دەست كورد. ئەمە زامنی گرنگی بەهێزبونەوەی هەرێمی كوردستانە. ئەگەر ئەوەش نەبوو فرۆشتت، ئەوا ئینگلیزو فەرەنساو ئەڵمانیاو ئەمریكا دەتوانن بەرگەی فشارەكانی سەر ئێران بگرن و هەندێ شتت بۆ بكەن. دەستی توركیا كورت دەكەنەوە.

بەكورتی دەرفەتی زێڕین هاتۆتە پێش بۆ كورد، تاكە بەربەست و دوژمن و نەیار تەنها دۆخی ناوخۆی كوردە. ئەگەر واز لە گەندەڵی و شاردنەوەی داهات بهێنن و صندوقی داهاتە نەوتی و نانەوتیەكانی پەرلەمانی كوردستان كارا بكەن، غازو نەوت بە سیاسەتێكی نیشتمانی بفرۆشن، ئەوا كوردستان دەبێتە دوبەی ئیمارات و پاریس و بەرلین. ئەگەر خەریكی شەڕە حیزب و شەڕە گەڕەك و شەڕە بەرەباب بن، ئەوا سەرباری ئەم هەموو نەوت و غازە وەك نەیجیریا دەژین لە ئەفەریقا، چونكە نەیجیریاش خاوەنی نەوت و سامانێكی سروشتی بێ شومارە، بەڵام بەهۆی خێڵگەرایی و گەندەڵی و دزی و شەڕە گەڕەك لە كولە مەرگیدا دەژی.

خۆری شاری سلێمانی هەڵهاتووە، غازەكە بفرۆشن، بەڵام بە حەكیمانە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن