563وتار

ئەم كاتەت باش كوردی عێراق!

10/21/2022 11:33:00 AM
هەندرێن شێخ راغب

دیدی یەكەم:

نوسین رەخنەو ئاگایی و بەرپرسیاریەتیە، لەم گۆشەیەوە دەرگای نوسینی هەر وتارێك دەكەمەوە، واتە چەمكی دنیایەكی رەش و دنیایەكی بەهەشتی نیەو بۆ داهاتووش هەمیشە  گەشبینانە دەڕوانم. بڕوام بەوەیە بە نوسین دەتوانین بەرپێی خۆمان ببینین. ئەمەش لای من ئامانجە.

دیدی دووەم:

لە ئێستادا كورد لە عێراقدا لە لاوازترین ئاستی خۆیدا دەژی، تەعریب سەد لەسەد دەستی پێكردۆتەوەو رێگای پێ لێناگیرێ. هیچ بڕە بودجەوموچەو پارەیەكی لە عێراقەوە بۆ نایەت و ناشتوانێت فشارێكی توند بكات. هیچ عەرەبێكی سونەو شیعە باسی ماددەی 140 دەستوری ناكات و بڕگەیەك چیە لە دەستور جێبەجێ ناكرێ. هێزی زۆر لە خانەقین كۆدەكرێتەوەو بە ئاشكرا داوای دەركردنی كورد دەكەن. پەروەردەی عێراق بە نوسراوی فەرمی و زۆر بێ منەت ئیلغای زمانی كوردی دەكاتەوەو وانەی كوردی بۆ خوێندكاران بە كەوتوو هەژمار ناكات. عێراق نەك ئاسمانی كوردستان ناپارێزێت بەڵكو رێگری لەوەش دەكات چەكی بەرگری بگاتە دەست پێشمەرگە. ماڵی شیعە هەردو بەرەكەی بەكردەوە هیچ هەنگاوێكیان نەناوە لە دژی بڕیارەكانی دادگای فیدڕاڵی لەدژی هەرێم، ئێستاش راشكاوانە دەڵێن پابەندین بە جێبەجێكردنی بڕیارەكانی دادگای فیدڕاڵی. وەزارەتی نەوتی عێراق بەفەرمی داوای راگرتنی نەوتی هەرێم دەكات، بەشێك لە كۆمپانیاكان كشانەوە، عێراق داوا دەكات كەس نەوتی هەرێم نەكڕێت و خەریكی دادگای پاریسە لەدژی توركیاو رێككەوتنی فرۆشی نەوتی هەرێم لە رێگای توركیاوە. دۆخی عێراق لەدژی كوردەو هەرێمی كوردستانیش خەریكی شیرین خواردنەوەی سەرۆك كۆمارێكی تەشریفاتیە..؟ هەرچەندە دەكرێت وەك پۆستێكی سیاسی راقی لێ بكەین و دەرگای چونە بەغدای ئێمە بێت و سەنگەرێكی پتەو بێت. بەلام كورد خەریكی شكاندنی یەكترە نەك سودوەرگرتن لە پێگە سیادیەكەی. شەنگال دابڕاوە لە هەرێم و رێككەوتنی شەنگال ناكۆكی زیاتری كوردی دروست كردووە، نەك ئاسایی كردنەوەی دۆخی شەنگال؟.

دیدی سێیەم:

ئەمەی باسمان كرد لەناوخۆی عێراق و دۆخی عێراق بوو، لە ئاستی هەرێمی(ئیقلیمی) هەرێمی كوردستان لەبەردەم مەترسی زۆر گەورەدایە، زۆر بێ ترس وەزیری بەرگری توركیا لە تەلەفزیۆن گوتی: 140 كلیۆمەتر چووینەتە ناو خاكی هەرێمی كوردستان، تەبعەن لای ئەوان باكوری عێراق؟؟. توركیا سەنگەر بەسەنگەر دێتە ناوەوە. زەبری لە سومعەی گەشتیاری تۆداو كۆمەڵكوژی ئەنجام دا لەناو خاكی هەرێم و پۆلێك گەشتیاری عەرەبی كوشت، هیچت پێ نەكراو ناكرێ چونكە كلیلی بۆڕیە نەوتەكەت لەچنگی ئەوە.
ئێران بە فراوانی و بە موشەك و درۆن ناو هەولێر بۆردومان دەكات، كۆیەو سەنگەرەكانی پێشمەرگە بۆردومان دەكات، گوندەكانت بۆردومان دەكات، كۆمەڵكوژی ژن و منداڵ دەكات و باسی ئەوەش دەكات ئامادەی پەلاماردانی هێزی زەمینین بۆ ناو خاكی هەرێمی كوردستان. ئاستی دبلۆماسیەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ توركیاو ئێران جێگای پێداچوونەوەیە، هێزەكانی كوردی ئەم دوو پارچەیە گلەییان لە هەڵوێستەكانی هەرێمی كوردستان هەیەو دەوڵەتەكانیشیان هەرێمیان كردۆتە مەیدانی جەنگ. گرنگە خوێندنەوەیەكی وردتر بۆ گۆڕانكاریەكان بكرێت.

دیدی چوارەم:

لە ئاستی نێودەوڵەتی، زلهێزەكانی وەك ئەمریكاو فەرەنساو ئەڵمانیاو بەریتانیا، رۆژ نیە داوای یەكگرتنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە نەكەن، ئەرێ بەجددی ئێوە لەمەترسیەكانی پشتگوێخستنی ئەمە ناگەن؟؟. ئاگادارن دەستپێكردنەوەی سەربازی ئیجباری لەعێراق كراوەتەوە بڕیارو ئەوەی موالیدی بێت لەمەودوا دەبێت سەربازی بكات، ئەمە گۆڕانكاریەكی گەورەیە لە عێراق كە دەبێت زۆر بەجددی چاودێری بكرێت، رێكخستنەوەو بەهێزبونەوەی سوپای عێراق زۆر شت بۆ هەرێمی كوردستان دەگەیەنێت.
نوێنەری نەتەوەیەكگرتوەكان لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی ئاسایش باسی زۆن و خراپی ئیدارەدانی هەرێم و مەترسیەكانی دواخستنی هەڵبژاردن دەكات لەبەرچاوی هەموو دنیا، ئەم دۆخە نێودەوڵەتیە زۆر مەترسیدارە ئەگەر كورد گوێی لێ نەگرێت و حسابی لەسەر نەكات. كە پشتگیری نێودەوڵەتیت نەماو لاواز بوو، فشارو پەلاماردانی دەوڵەتانی نەیاری ناوچەكە زیاتر دەبن.

دیدی پێنجەم:

تەنگت بە هاوڵاتیانی خۆت هەڵچنیوە بەهۆی گازو بەنزین و نەوتی سپی، لەم كاتەدا كە هێشتا كابینەی حكومەتی دروست نەكردوە عێراق پاوڵاگەی كەربەلا دەكاتەوە كە توانای دابینكردنی 12 دوازدە ملیۆن لیتر بەنزین و نەوتی سپی و گازی هەیە لەیەك رۆژدا، لەوەرزی سەرماوسۆڵە دارستانەكان ئەنفال دەكرێن و حكومەتیش بە بڕی 100 هەزار دینار بەرمیلێك نەوت دابەش دەكات. ئەم كاتەت باش پاڵاوگەی كەربەلا..
لەناو جەرگەی گەڕەكەكانی شارەكان، لەبەردەم دوكان و بەردەم ماڵ چالاكوانی سیاسی و ژنان وروناكبیران تیرۆر دەكرێن، نەك یەك جار، دەیان جار دووبارە دەبێتەوە، لەم ماوەیەدا بینیمان چەندان كەس لە ناوجەرگەی هەرێمی كوردستان تیرۆر كران. ناوە ناوە تەقینەوەو تەقەو تۆقیش روو دەدات و دووبارە دەبێتەوە.
ئاسایش و دژە تیرۆر سەروماڵ و كەرامەت و ئاسایشی ئێمەیان لە ئەستۆیە، خەریكی ناشیرینترین جۆری ململانێ و سیاسەتن لەناو ئەم هێزە ئەمنیانە، خەریكی ململانێی شەخسی و گروپ بەندی و راو نان وئەزیەتدانی ئەم هێزانەن، ئاخر بۆ دەبێت ئەم هێزانە تێكەڵاوی تەكەتول و ململانێی بۆگەن بوونی ناو حیزبەكان بن. كارەكە بەجۆرێك مەترسیدار بووە بینیمان لەناو هەولێری پایتەخت ئەفسەری ئاسایش و دژە تیرۆر بە ماڵ ومنداڵەوە دەتەقێنرێتەوە؟؟. ئەمە پێشهاتێكی زۆر مەترسیدارەو ئەم هێزانە سامانی نیشتمانین و ئاسایش و ئارامی وڵاتیان لە ئەستۆیە، نابێت موڵكی حیزب و گروپ و شەخس بن.
لە ناو ئەم هەموو قەیران و كێشانەدا، دەرفەتی راستكردنەوەو بەهێزبونەوەو سەرەتایەكی بەهێزت لە پێشە كە ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی سەركەوتووە، بەدیموكراسی و هەڵبژاردن پرۆسەی سیاسی نوێ بكەیتەوەو لەقەیرانەكان دەرباز بیت، كەچی رێك لەم كاتەدا تەمەنی پەرلەمان درێژ دەكەیتەوەو هەلًبژاردن ناكەیت؟. ئەم هەموو لەدەست دانی دەرفەتە سەیرە..
دەمەوێت ئەوە بڵێم لەم رۆژانە مامۆستایەكی زانكۆ گوتی: رێژەی كوڕ زۆر كەم بۆتەوە لەناو پۆلەكانی زانكۆ، كوڕ بەردەوام كەم دەكات، كۆچی گەنجان بە لێشاو بەردەوامە، ئەمە قەیرانێكی هێجگار مەترسیدارەو ناشێ لەوە زیاتر بەرامبەری بێ دەنگ بین. نرخی نەوت زۆر بەرزەو عێراق داهاتی خەیاڵی كۆكردۆتەوە، تۆش وەك هەرێم نەوت دەفرۆشی و داهاتت زۆرە، دامەزراندن و هەلی كار و پێدانی پێشینەكان بۆ گەنجان دەست بەجێ دەبێت دەست پێ بكاتەوە. ئەگەر خواستی مانەوەتان هەیە، گەنج داهاتووی مانەوەتانە.
لەگەڵ ئەوەی پڕ بەدڵ خۆشحاڵم بە پێشكەوتن و ئاوەدانی كەركوك، بەڵام كردنەوەی فڕۆكەخانەی كەركوك لە رۆژانی رابردوو بەبێ هەرێمی كوردستان و كورد، مانای سیاسی و نەتەوەیی خۆی هەیە.

دیدی شەشەم:

هەرێمی كوردستان، توانای بەهێزبونەوەو چارەسەری قەیرانەكانی هەیە، بەڵام سەرەتا پێویستی بە كۆتایی هێنان بەم عەقڵیەتە هەیە لە ئیدارەدانی سیاسەت. گەڕانەوە بۆ دیموكراسی و ئازادی رادەربڕین و گوێگرتن لە یەكتری، ئەنجام دانی هەڵبژاردنێكی سەركەوتوو، یەكگرتنەوەو بەنیشتمانی كردنی هێزەكانی پێشمەرگەو ئەمنیەكان و ئاشتكردنەوەی گەنج..واز هێنان لەم هەموو بارگرانیەی لەسەر بژێوی هاوڵاتیان هەیەو ئاوڕدانەوەیەك لەژیانی هاوڵاتیان. پێویسته‌ راشكاوانه‌ دانی پێدا بنێین له‌ئاستی ناوخۆو عێراق و ئیقلیمی و نێوده‌وڵه‌تی دۆخمان باش نیه‌، ده‌رفه‌تی باش هه‌یه‌ بۆ چاره‌سه‌ر وه‌ك له‌سه‌ره‌وه‌ باسمان كردوه‌.
دەمەوێت بۆ هەمیشە لە هەولێر بڵێم: ئەم كاتەت باش كوردستانەكەم. نەك گوێم لێ بێت : صباح الخیر شمال الحبیب.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن