747وتار

پرسی مانەوەی ھێزەكانی ئەمریكا لە عیراق لە نێوان دوو بەرەی دژ بە یەكدا؟

8/19/2020 12:33:00 PM
د نەوزاد ھێتوتی


لە سەرەدانەكەی كازمیدا بۆ واشنتون كە بریارە لە 20 ئابی 2020 چاوی بە ترەمپ بكەوێت، یەكێك  لەو مەلەفە گرنگانەی كە گفتوگۆیەكی  چری لە سەردەكرێت بە تایبەت لە گەری دووەمی دیالوكی ستراتیژی نێوان ئەمریكا و عیراقدا پرسی مانە یان خود كشانەوەی ھێزەكانی ئەمریكایە.

 ئەم پرسە نەك ھەر بۆ عیراق بەڵكو بۆ دەۆلەتەكانی ناوچەكەش  جێگەی بایەخێكی  یەكجار زۆرە .  ئەوەی تێبینی دەكرێت جیاوازی ھەیە لە نێوان بۆچونی سەروكوەزێران و شیعەكانی ھاوپەیمانی ئێران لە عیراقدا. بە تایبەت كازمی پێش ئەوەی سەرەدانی واشنتون بكات لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەل  ئاژانسی  Associated Press راگەیاند كە ھێشتا پێویستیمان بە مانەوەی ھێزەكانی ئەمریكا ھەیە بۆ ئەوەی یارمەتی ھێزەكانی عیراق بدەن لە شەری دژە داعش. ئەمەش ئاماژەیەكی روونە بەوەی كە كازمی لە گەل مانەوەی ھێزیەكانی ئەمریكادایە و ھەۆل دەدات لە رێككەوتنی ستراتیژی نێوان ھەر دوولا  مێكانیزمێك بدوزریتەوە لەسەر چوونیەتی مانەوەی ھێزەكانی ئەمریكا لە عیراقدا. ھەر پەیوەست بە مانەوەی ھێزەكانی ئەمریكا، كینیس ماكینزی فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمەریكا لە تەمموزی 2020 ئاشكرایان كرد كە حكومەتەكەی كازمی لە گەل مانەوەی ھێزەكانی ئەمریكایە بۆ ئەوەی یارمەتی عیراق بدەن لە چەسپاندنی سەقامگیری، دژایەتی كردنی داعش و  ڕووبەروو بۆونەوەی مەترسییەكانی میلیشیا شیعەكان.

 بێگومان ئەم ھەلوێستەی كازمی و ھاودژ و ناكوكە لە گەل سیاسەتی ئیران وھێزە پروكسییەكانی لە عیراقدا كە داوا دەكەن ھێزەكانی ئەمریكا لە عیراق دەربچن. كازمی كاتێك لە 21 تەمموزی 2020 سەردەدانی ئێرانی كرد،  خامنەیی بە ئاشكرا پیێ راگەیاند ك دەبێت ھەۆل بدات ھێزەكانی ئەمریكا لە عیراق دەربكات. تەنانەت پێش سەرەدانەكەی كازمی بۆ واشنتون بە گوێرەی ھەندێك لە سەرچاوە ھەوالەكان فەرماندەی سۆپای قودسی ئێرانی و  بەرپرسانی لیستی فەتح سەر بە ھادی عامری لە گەل  سەروكوەزێران  كوبوونەتەوە و  داوایان لێ كردووە كە پابەند بێت بە بریاری پەرلەمانی عیراق  كە  لە  5ی كانوونی دووەمی 2020،  كە بە دەنگی زۆرینە، دوای دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق كردووە. بێگومان بڕیارەكەی پەرلەمان هاوكات بوو لەگەڵ تووندبوونی گرژییەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران لە دوای كوشتی قاسم سولەیمانی لە 3 كانوونی دووەمی 2020. تەنانەت بە گوێرەی ھەندێك لە سەرچاوە ھەوالەكان جەواد  زەریف لە كاتی سەرەدانەكەیدا بۆ عیراق لە 19 تەمووزی 2020 دیسان داوای لە كازمی كردووە كار بكات بۆ دەكردنی ھێزیەكانی ئەمریكا لە عیراق، بەلام كازمی داواكەی ئێرانی رەتكردوتەوە. كازمی پڕسی مانەوە یان خۆد كێشانەوەی ھێزەكانی ئەمریكا پەیوەست كردووە كە بە دەرئەنجامی گفتگوی ستراتیژی نێوان ئەمریكا و عیراق.

دیارە ئێران ماوەیەكی زۆر بوو هەوڵی دەدا ئەو پرۆژە بڕیارە لە پەرلەمان دەرباز بكات. بە تایبەتی لە دوای كشانەوەی ترەمپ لە رێككەوتننامەی ئەتۆمی لە ئایاری 2018،  ئێران لەگەڵ هاوپەیمانەكانی زۆر بە چڕی كاری كردووە بۆ ئەوەی لە عێراقیشدا گوشار لەسەر ئەمریكا دروست بكەن. ئاراستەكانی ئەم سیاسەتەی ئێران زیاتر لەو كاتەدا بەدەركەوت كە ترەمپ لە كانوونی یەكەمی 2018 سەردانی بنكەی سەربازیی عەین ئەسەدی كرد لە ئەنبار و ئاماژەی بەوە كرد كە هێزەكانیان لە عێراق دەمێننەوە بۆ چاودێریی كار و چالاكییەكانی ئێران لە ناوچەكەدا. ئێران لەگەڵ هاوپەیمانەكانی ئەو كات زۆر هەوڵیاندا لە رێگەی پەرلەمانەوە كار بۆ دەركردنی ئەمریكا بكەن. بەڵام بەهۆی نەبوونی كۆدەنگی تەنانەت لەناو خودی پێكهاتەی شیعەدا، نەیتوانی پرۆژەكە لە پەرلەمان دەرباز بكات. بەڵام دوای كوشتی قاسم سلیمانی كۆدەنگییەك لە نێو پێكهاتەی شیعەدا گەڵاڵە بوو بۆ دژایەتیكردنی ئەمریكا و ئێرانیش ئەو دەرفەتەی قۆستەوە.

 بێگومان ئەمریكییەكان مەبەستیان نییە بەو زووانە لە عیراق دەربچن. ئەمریكا عێراق بە ناوچەی نفوزی خۆی دادەنێت و بەدەر لە زیانی گیانی، پارەیەكی یەكجار زۆریشی تێدا خەرج كردووە. بۆیە زەحمەتە بەو ئاسانییە رادەستی ئێرانی بكات. هەر ئەمەش وای لە بەرپرسانی ئەمریكا كرد لە چەندین لێدوانی جیاوازدا جەخت لەسەر ئەوە بكەن كە لە عێراق دەرناچن. لەم رووەوە، ترەمپ لە دوای بریاری پەرلەمانی عراق بۆ دەركردنی ھیزەكنای ئەمریكا، ئاماژەی بەوە كرد كە ئەگەر بەرپرسە عێراقییەكان سوور بن لەسەر دەركردنیان، دەبێت قەرەبووی زیانەكانی ئەمریكا بكەن. تەنانەت هەڕەشەی سەپاندنی گەمارۆی ئابووریی سەختی بەسەر عێراقدا كرد. بەهەمان ئاراستەش وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند كە هێزەكانیان لە عێراق دەمێنن و ئامادە نین گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی عێراقی بكەن لەوبارەوە. بە ھەمان شێوەش، كینیس ماكینزی فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمەریكا لە ئابی 2020 جەختی لە سەر ئەوە كرد كە  ھێزەكانی ئەمریكا و ناتو بو ماوەیەكی درێژ لە عیراقدا دەمینن تاكو یارمەتی عیراقییەكان بدەن لە ڕووبەروو بوونەوەی گروپە تیروریستەكان و میلیشیا چەكدارەكان.

ئەوەی لێرەدا زیاتر جێی سەرنج و گفتوگۆیە، ئەوەیە ئایا دەرچوونی ھێزیەكانی ئەمریكا لە بەرژەوەندی عیراقدایە یان زیان لە بەرژەوەدنی ستراتیژی عیراق دەدات؟ ئایا بە دەرچوونی ھێزەكانی ئەمریكا سەروەریی عێراق بە هێز و پارێزراوتر دەبیت وەك شیعەكان بانگەشەی بۆ دەكەن یان ئەو سەروەرییە كەمەش كە ماوە لەدەستی دەدات؟ ئایا كشانەوەی ئەمریكا لەم كاتەدا هەڕەشەی راستەقینە لەسەر پرۆسەی دیموكراسی و رەوشی ئەمنی دروست ناكات؟ ئایا عێراق زیاتر بەرەو دابەشبوون، شەڕی ناوخۆ و تایفی ئاراستە ناكات؟ ئایا هێزەكانی عێراق بێ پاڵپشتی و یارمەتی دەرەكی دەتوانن رووبەڕووی تیرۆر ببنەوە؟

لەڕاستیدا دەرچوونی هێزەكانی ئەمریكا لە چەند روویەكەوە زیانی زۆر گەورە لە پێگە و بەرژەوەندیی عێراق دەدات. رەوشی ئاسایشی عێراق هێشتا باش نییە و بەپێی زۆربەی سەرچاوەكان هێزە عێراقییەكان بێ یارمەتی دەرەكی ناتوانن رووبەڕووی داعش ببنەوە. بە تایبەت ئێستا كە داعش دووبارە خۆی رێكخستووە و بووەتە هەڕەشەی راستەقینە. بۆیە بە دەرچوونی هێزەكانی ئەمریكا لەم كاتەدا، بەدوور نابینرێت هەمان سیناریۆی ساڵی 2014 دووبارە ببێتەوە و داعش دەست بەسەر نیوەی خاكی عێراقدا بگرێتەوە.  

لەڕووی سیاسیشەوە، بەدەرچوونی ئەمریكییەكان دەبێت فاتیحە لەسەر پرۆسەی سیاسی عێراق بخوێنین و دیموكراسی و هەڵبژاردن هیچ مانایەكی نامێنێ. دەبێت ئەو راستییە بزانین كە وجودی ئەمریكا وایكردووە تاڕادەیەك پرۆسەی سیاسی سەرەڕای هەموو ئەو كێشانەی هەیەتی، بە تەواوەتی پەكنەكەوێت و فاكتەرێكی رێگر بووە بۆ ئەوەی پێكهاتەی شیعە بە تایبەت ئەوانەی سەر بە ئێرانن، كۆنترۆڵی تەواوی عێراق نەكەن و بەرەو تاكڕەوی و دیكتاتۆریی نەبەن. بەڵام بەدەرچوونی ئەمریكا ئیدی پێكهاتەی شیعە دەبنە هەمەكارە، پرۆسەی سیاسی بە تەواوەتی پەكدەكەوێت و ئێران كونترۆڵی تەواوی عێراق دەكات و هیچ مانایەك بۆ سەروەریی عێراق نامێنێ. بە هەمان ئاراستەش دەكرێت بڵێین میلیشیا شیعەكان جێگەی سوپای عێراق دەگرنەوە و دەبنە بڕیاردەری یەكەم و كۆتایی لەم وڵاتەدا. 

لەلایەكی تریشەوە، هەموو ئەو هێز و لایانانەی كە لە دژی دەستێوەردانی ئێرانن، بەتایبەت كورد و سوننە و تەنانەت فیگەرە شیعە نەتەوەپەرست و سێكولارەكان دەكەونە ژێر هەڕەشە و گوشاری گەورەی ئێران و هێزە پرۆكسییەكانی. لەم رووەوە دەكرێت بڵێین هەمان سیناریۆی پاش كشانەوەی ئەمریكا لە ساڵی 2011 لە عێراق دووبارە دەبێتەوە. وەك دیتمان دوای ئەوەی بە فەرمانی ئۆباما هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق كشانەوە، نوری مالیكی سەرۆكوەزیرانی ئەوكات كە لەلایەن ئێرانەوە ئاراستە دەكرا، دەستی كرد بە راوەدوونانی فیگەرە سیاسییە سوننەكان. هەروەها گوشارەكانی لەسەر كورد زیاتر بوون و تەنانەت گەیشتە ئەوەی بودجەی هەرێمی كوردستان ببڕێت.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن