498وتار

كورد ستراتیژی بۆ بەغدایەكی بەھێز نییە

9/5/2020 1:57:00 PM
د نەوزاد ھێتوتی


 بە درێژای 29 سال سیاسەت و ستراتیژی ھەرێم  بریتی بووە لەوەی كە بە ھێزی بوونی خۆی  لە لاواز بوونی بەغدادا بینیووە. واتە ڕوانگەی سیاسەتی كوردی  بەو ئاراستەیە بووە كە  كاتێك ھەرێم بەھێز دەبێت بەغدا لاواز بێت، بەغدا شەری تایفی ھەبێ، بەغدا میلیشیای ھەبێت یان داعش نێوەی خاكی عێراق داگیر بكات. ئەمەش مانای وایە كە كورد خۆی ھیچ سیاسەتێكی نەبووە بۆ بەھیز كردنی پێگەكەی. بەڵكو ئەوە لاواز بوونی بەغدایە كە بووتە ھۆی بەھێز بوونی پێگەی كورد. سەركردەكانی كورد یان حزبە سیاسییەكانی كورد كارێكی وایان كرد نەكردووە ھەرێم كیانێكی بەھێز و خاوەن كاریگەری ھەبێت لە سەر ئاستی دەرەوە بەرامبەر دەوڵەتانی ناوچەكە یان بەغدا. 

لێردا، ستراتیژی كورد لەسەر ئەو گریمانەیە بونیاتنراوە كە  ھەموو كات بەغدا دەبێت  لاواز بێت بۆ ئەوەی خۆی بە ھێز بێت. بەلام ھیچ كات ستراتیژیەكی درێژخایەنی نەبووە لە سەر ئەو بنەمایەی كە چۆن ھەرێم بە  بەھێزی دەمێنیت، ئەگەر سبەینێ رۆژ بەغدا كە ئێستا وەك پیاوێكی نەخوشە، ھەستایەوە و بووە خاوەن فروكەی F36، شەری تایفی نەما وسوپایەكی بەھێزی دروست كرد و دەوڵەتە گەورەكانیش پالپشتیان كرد. لێردا پڕسیار ئەوەیە ئەی ئەوكات بەھێزی كورد لە چی دا دەبێیت؟ ئایا ئەوكات ھاوكێشەكە رێك پێچەوانە نابیتەوە؟ ئایا بەو سیاسەتەی ئێستا كورد ھەیەتی دەتوانێت بەرامبەر بەغدا خۆی رابگرێت وبە ھێزی بمێنیت؟ بە تایبەت ئەو عەقلییەتەی لە بەغدا ھەیە ھەرگیز لە ڕوانگەیەكی دیموكراسی و ھاوبەشییەوە سەیری كورد ناكات وبگرە ھەر باوەریشی بە دەستوور، مافەكانی كورد و دیموكراسی نییە و ھەموو كات خەون بەوەدە دەبینیت كە دووبارە دەسەلاتەكان بە سەنترال بكرین و ھەرێم ببیتە پاشگوی بەغدا.

 بێگومان  سیاسەتی كوردی بەرامبەر بەغدا خۆی لە خۆیدا جێگەی گومان و پڕسیاری زورە. ھەرێم نابێت سیاسەتی خۆی لە سەر ئەو بنەمایە دابرێژێت یان بەردەوام چاوەری ئەوە بكات بەغدا نەخوش بیت یان شەری ناوخۆیی ھەبێت تاكو پێگەی بەھێز بیت یان مەترسی لەسەر كیانەكەی دورست نەبێت. دەبێت كورد خۆی ئامادە بكات و بەشێوەیەك خۆی بەھێز بكات كە بەھێز بوونی بەغدا كارێگەری نەكاتە سەر پێگەكەی. بێگومان بەو سیاسەتی ئێستا ھەرێم ھەیەتی لە بەغدایەكی بەھێزدا جێگەی نابیتەوە یان ئەگەر جێگەش ببیتەوە زۆر بچوك دەبێتەوە.ھەر ئەمەش وایكردووە كورد ھەموو كات ھەست بە مەترسی بكات كاتێك دەبینیت عراق بەھێز دەبێت.

 كەواتە پڕسیار ئەوەیە ھەرێم دەبێت چی بكات و چون خوی بەھێز بكات، چوون وابكات لە بەغدایەكی بەھێزیدا بچوك نەبیتەوە یان پالپشتی دەرەكی بە تایبەت دوستەكانی لە دەست نەدات و ئاراستەیان بەرەوە بەغدا نەبێت لە سەر حسابی كورد. بێگومان ئەگەر كوردستانێكی بەھێز ھەبێت لە عیراقیكی بەھیز ناترسێت. بەلام پڕسیار ئەوەیە چوون كوردستانێكی بەھێز دروست بكەین یان خود فاكتەرەكانی بەھێز بوونی ھەرێمێكی بەھێز و خودان ستراتیژیەكی دورمەدا لە سەر ئاستی ناوخوی ودەرەكیی چنە؟  

ئەوەی راستی بێت ھیچ ولاتێك لەم جیھانەدا نییە كە  بەھێز بێت یان خودان سەروەری بێت  و بتوانێت كاریگەری لە سەرھاوكێشە سیاسیییەكان ھەبێت یان بتوانێت رووبەرووی ھەرەشە و مەترسییە دەرەكییەكان ببێت و كیانەكەی بپارێزێت، ئەگەر لە سەر ئاستی ناوخوی بەھێز نەبێت. ئەگەر سیستمێكی فەرمانرەوای باشتی نەبێت. ئەگەر ھێزیكی یەكگرتوری سەربازی نەبێت كە بەرژەوەندی ولات لە سەروی ھەموو شتیكەوە دابنێت و لە دەروەی بریاری حكومەت ملكەچی بریاری ھیچ گرۆپ و تاقمیك نەبێت. تو سەیری ئەو ولاتانە بكە كە بەھێزن ئایا بەھێزیان لە چی دایە؟ بێگومان لەوەدایە كە خودان سیستمێكی فەرمانرەوەی بەھێزن. خودن كیانێكی یەكگرتوورن. خودان یەك ھێزێكی سەربازین كە فەرمان تەنیا لە یەك كەس وەردەگرن كە ئەویش  فەرماندەی ھێزی چەكدارەكانە. 

 كەواتە بۆ ئەوەی كوردستانێكی بەھێز  دورست  بكەین كە ھیچ كاتێك بەغدا نەبیتە ھەرەشە لە سەری و لە سەر ئاستی دەرەكی حسابی بۆ بكریت و لە ھاوكیشە سیاسییەكاندا رۆڵی ھەبێت. دەبێت ھەرێم  كومەلێك ھەنگاوی خێرای بھاویژێت. یەكەم، زۆر گرنگە  بە زوترین كات ھێزیكی كوردستانی و یەكگرتوو دروست بكرێت. بە شیوەیەك ئەو ھێزە تەنیا ولائی بۆ خاك و ولاتەكەی بێت نەك بۆ حزب و كەسەكان. دەبێت  دور بێت لە ململانێ و كیبركی حزبی یان لەلایەن كەسەكانەوە ئاراستە بكرێت. بوونی ھێزیكی یەكگرتوو وادەكات كورد لە زۆر ھەرەشە و مەترسییەكان بپاریزێت. بوونی ھێزیكی یەكگرتوو وادەكات كە  ھیچ لایەنێك یان حزبیك نەتوانێت ھێزی سەربازی  بۆ بەرژەوەندی كەسی وتایبەتی خۆی بەكار بھینیت، یان لە دەرەوەی دەسەلات و فەرمانی حكومەت  فەرمانی پێبكات یان بگاتە ئەو ئاستە خیانەتی نیشتمانی پی بكات. دەبێت ئەو راستیە بزانین فرە ھێزی زیانێكی گەروەی لە پێگە و ئاسایشی نەتەوەی كورد داووە و بۆتە ھۆی لاواز بوونی پێگەی  كورد لە سەر ئاستی ناوخوی ودەرەكی.  

 خالێكی دیكەی گرنگ ئەوەیە دەبێت كار بكرێت بۆ كوتاییھێنان  بە فرە زوونی و فرە  دەسەلاتی لە كوردستان.  بێگومان  دووئیدارەی  كارێگەری زۆر خرابی كردووتە سەر پێگەی ھەرێم بەرامبەر بەغدا. دوو ئیدارەی بووتە ھۆی ئەوەی ھەریم  نەتوانێت سیاسەتێكی نیشتمانی لە سەر ئاستی دەرەكی پراكتیزە بكرێت. بۆتە ھۆی ئەوەی دەۆلەتانی ناوچەكە بە ئاسانی ئیستغلالی ئەو دابەش بوونە بكەن و دەستوەردان لە كاروباری ناوخۆی ھەرێم بكەن. تەنانەت بووتە ھۆی ئەوەی حزبەكان بەرژەوەندی كەسی وحزبی زاڵ بكەن بەرسەر بەرژەوەندی نەتەوەیدا. بۆیە بوونی قەوارەیەكی یەگگرتوو و  یەك فرەمان رەوا خۆی لە خۆیدا دەبێتە ھۆی بەھێزی بوونی پێگەی ھەرێم و ئەگەری دەستیوەردانی دەرەكیش كەم دەكاتەوە. دەبێت حكومەت دەسەلاتی بەسەر تەواوەی خاكەكەیدا بروات. ناكرێت ھەر كاتێك حزبیك پرۆسەی سیاسی بەدلی نەبێت ئیدی زوونەكەی بە ئاراستەیەك ببات كە ھەرەشەی مەزن لە سەر ئاسایشی نەتەوەی كوردستان دروست بكات.

 ھەروەھا حكومەت دەبێت گرنگی زۆر بدات بە دامەزراوەی كردنی و بە موئەسساتی كردنی دامودەزگاكانی ھەرێم. بەھێز كردنی  پرۆسەی دیموكراسی و  ئەنجامدانی چاكسازیی بنەرەتی لە ھەموو سیكتەرەكان فاكتەریكی گرنگە بۆ بەھێز كردنی پێگەی ھەرێم لەسەر ئاستی دەرەكی. ئەمە  وا دەكات سیستمی فەرمانرەوەی لە كوردستان بەھێز ببیت و موتمانەی خەلك زیاتر بكات بە ھەرێم و كیانەكەی.  بە ھەمان شیوەش،  زۆر گرنگە حكومەت بەرنامەیەكی چروپری ھەبێت بۆ ئەوەی رووبەرووی گەندەلی ببیتەوە. دەبێت ئەو راستییە بزانین یەكیك لەو فاكتەرە گرنگانەی كە بۆتە ھۆی لاواز بوونی كیانی ھەرێم و دارمانی ئابووری كوردستان بەشێكی گرنگی پەیوەندی بە گەندەلییەوە ھەیە. گەندەڵی بۆتە ھۆی لاواز بوونی پێگەی ئابووری كوردستانوتەنانەت كارگەتیشتووتە ئەوەی حكومەت پێناكرێت موچەی فەرمانبەرانی بدات. یان خود وایكردوە كە ھەرێم لە بەرامبەر بەغدا تەنازلاتی گەورە بكات. لە كاتێكدا ئەگەر سەرچاوەكانی گەندەلی لە كوردستان بنبر بكرێن بەشێكی زۆری كیشەكانی ئابووری لە كوردستان چارەسەر دەبن. دەوڵەتانی دەرەكی زیاتر موتمانەیان بە ھەرێم دەبێت و زیاتر پالپشتی دەكەن. دژایەتی كردنی گەندەڵی ئابووری كوردستان بەھێز تر دەكات  دەبیتە فاكتەریكی بەھیز بۆ ئەوەی ھەرێم بتوانێت لە سەر پی خۆی بوەستیت.  

بە شێوەیەكی گشتی، ھەموو ئەو فاكتەرانەی باسم كردوون راستەوخو دەبنە ھۆی بەھێز كردنی پێگەی ھەرێم، دەۆلەتانی دەرەوە زیاتر پالپشتی كورد دەكەن و بەرامبەر بەغداش كورد بەھێز دەبێت. ئەو كات بەغدایەكی بەھێزیش ھەبێت  كارێگەری ناكاتە سەر پێگەی كورد.  بۆیە بەدلنیایەوە ئەو كات دەتوانم بڵێم ھەرێم بەھیزە كە ئەگەر سبەینی روژ بەغداش بەھیز بیت، ھەرێم وەك خۆی بەھیزی بمینیت و بەھێزی بەغدانە بیتە ھۆی لاواز بوونی هەولێر. 
 

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن