ئەفغانستان و هەرێم
8/13/2021 2:21:00 PM
د نەوزاد ھێتوتی
ئەوانەی رخنە لە ئەمریکا دەگرن گوایە خیانەتی لە ئەفغانستان كردووه، هێچ ئەسڵ و ئەساسی نیە. ئەمریکا 20 ساڵە بە هەموو شێوەیەک پاڵپشتی حکومەتە گەندەڵەکەی ئەفغانستانی كرد. نزیکەی 2 ترلیۆن دۆلاری لەو وڵاتە سەرف کرد. نزێکەی 5 ههزار کەس لە هێزەکانی کوژران و بە ههزاران بریندار بوون. ئەمە بەدەر لەوەی ئەمریکا موچەی بو دابینکردن و چەکی هەرە پێشکەوتوی دایە دەست هێزەکانی ئەفغانستان و بە گوتەی بایدن نزیکەی 300 ههزار سەربازی ئەفغانی راهێنانیان پێکراوە.
کەچی لە بەرامبەر ئەم هەموو مەسرەف و خەرجییە، هێزەکانی ئەفغانستان ناتوانن 3 مانگ بەرامبەر هێزێکی میلییشیای وەک تاڵیبان خویان راگرن. واتە ئەگەر لێکی بدەینەوە، ئەگەر ئەمریکا 20 ساڵی تریش لە ئەفغانستان بمێنێت و 2 ترلیۆن دۆلاری تریش سەرف بکات بێجگە لە کوشتن و زیانەکانی دیکە ، حکومەتە گەندەڵەکەی ئەفغانستان تەنیا دەتوانێ 6 مانگ خۆی بگرێت. واتە ئەگەر ئەمریکا 4-5 ترلیۆن دۆلار سەرف بکات و نزێکەی نۆو قهرن لە ئەفغانسان بمێنێت بە دەرکەوتنی بە شەش مانگ دەروخا.
لێرەدا پرسیار ئەوەیە ئایا پێویست دەکات ئەمریکا ئەو هەموو پارەیە سەرف بکات بۆ دەسەڵاتێکی گەندەڵ کە دوای نیو قهرن نەتوانێت شەش مانگ شەڕ بکات، ئایا رەوایە ئەمریکا ئەو هەموو پارەیە لەدەسەڵاتێکی گەندەڵ سەرف بکات یان کور وکچەکانی بویان بە كوشت بدات لە کاتێکدا ئەوان لەگەندەڵی زیاتر هێچیان بۆ گەلەکەیان نەکردووە؟ ئایا رەوایە تا دوونیا ماوە پشت بە خەڵک و گەلانی تر ببەستێت بۆ ئەوەی بێ بەرامبەر پتپارێزن؟ بەپێی دواین راپۆرتی واشنتون پۆست بەشێکێ هەره زۆری هێزەکانی ئەفغانستان بندیوارن واتە وەهمین و ئەمریکاش مووچەیان پێدەدات. واتە دەسەڵاتی گەندەڵی ئەفغانستان لە جێگەی ئەوەی بیر لەوە بکاتهوه، رۆژێک دێت هێزەکانی بیانی دەردەچن و دەبێت سوپایهکی بەهێز و خاوهن ئێرادە درووست بکەن دەستیان کرد بە گەندەڵکردنی سیکتەری سەربازی.
سەرکردەکان بە ههزان کەسیان بۆ خۆ دەوڵەمەندکردن بە بندیوارنوسیوە و پارەکەش لە ئەمریکا وەردەگرن. سەرکردەکانی ئەفغانستان هەر یەک هێزی تایبەت بە خۆی هەیە. دەسەڵات لە دەست کەسەکان و گروپەکانە. ئەمە بێجگە لە ههزاران شتی تر. هەموو ئەمانەش وایکرد ئەمریکا بگاتە ئەو قەناعەتەی کە یارمەتیدانی ئەمانە هیچ سودێکی نییە و ئەمانە بە کەڵکی حکومرانی نایهن.
ئیمەی کورد دەبێت پەند لە ئەفغانستان وەربگرێن. دەبێت بزانین ئەمریکا 30 ساڵە ئێمە بێ بەرامبەر دەپارێزێت. لە بەرامبەردا ئێمە چیمان کرودوە؟ ئایا توانیمان هێزێکی نێشتمانی درووست بکەین کە لە دەستی کەسەکان و گروپەکان نەبێت؟ ئایا توانیمان هێزی سەربازی درووست بکەین لە سەر بنەمای پێوەری لێهاتویی و زیرەکی و پێوەرەکانی سەردەم، یان زۆرترین گەندەڵێمان خستە ناو هێزی پێشمەرگە؟
بۆچی بە ههزان کەس بندیوار لە ناو هێزی پێشمەرگەدا هەیە بۆ دەوڵەمەندبوونی چەند گەندهڵێك؟ ئایا گوناح نییە وەزارەتێکی وەک پێشمەرگە کە ستونی یەکەم و کۆتایی پاراستنی قەوارەی، ئاسایش و خاکی کوردستانە گەندەڵی تێدا بێت؟ بۆچی دوو هێز، دوو ئاسایش و دوو دەزگای هەواڵگەری هەیە؟ بۆچی دوو زۆن و مۆن هەیە؟ بۆچی نەمان توانییوه سیستمێکی بەهێز و دیموکراسیمان هەبێت؟ بۆچی گومەڵگاکەمان بەرەو عەشایەرگەری، گڕوپچیتی و واستەگەری برد.
ئایا 30 ساڵ بەس نەبوو بۆ ئەوەی کوردستانێک درووست بکەین ببیتە نمونە و دوونیاش پاڵپشتی ئێمە بکات؟ بۆیە کات درەنگە و ئەگەر بەخۆمان نەکەوین چارەنوسمان لە ئەفغانستان باشتر نابێت و دوور نیە ئەمریکا لە ئێمەش نائومێد بێت و وازمان لێبهێنێت؟ دواتر نەڵین ئەمریکا خیانەتی کرد. گەڵێک هۆشیار بێت دەتوانێت بە سی ساڵ ئێمپراتورێک درووست بکات.