حزبە كوردییەكان وەك مەزنترین ھەرەشە لە سەر ئاسایشی نەتەوەی ھەرێم
8/31/2020 6:13:00 PM
د نەوزاد ھێتوتی
زۆربەی كات كە باسی ھەرەشەكانی لە سەر ھەرێم دەكەین، یەكسەر دەۆلەتانی ناوچەكە و دەرەوە تومەتبار دەكەین و پێمان وایە زۆربەی ھەرەشەكان لە لایەن دەۆلەتانی ناوچەكەوە ئاراستەی كورد دەكرین. بە تایبەتیش، ئیران، توركیا و بەغدا. بەلام زۆر بە كەمی باسی ئەوە كراوە تا چەند كورد خۆی گەورەترین ھەرەشە بووە لە سەر ھەرێم و بەرژەوەندیەكانی ؟ تا چەند ھێزە سیاسییەكان خۆیان ھۆكاری سەرەكی بوون لەوەی كە كوردستان بكەوێتە بەردەم مەترسی گەورەدا و دەرفەتی مێژویی لە دەست بدەین ؟
با پڕسیارەكە ھندێك گشتی تر بكەین ئایا ھیچ نەتەوەیەك لە دونیادا ئەگەر سیستمێكی حكومرانی باشی نەبێت یان ھەر ھیچ نەبێت كۆمەلێك رەگەزی دەولەتداری تێدا نەبێت بتوانێت بەرگیری لە بەرژەوەندییە ستراتیژییەكانی بكات؟ ئایا كاتێك ولاتێك نقووم ببێت لە گەندەلی و تەنانەت گروپی مافیایی تێدا دروست ببن و بەتالان بردنی سەروەت وسامانی ولات ببیتە شتێكی نەرمال و ئاسایی، چاوەری دكرێت ئەو ولاتە بتوانێت بەرگیری لە سەروەی و یەكپارچەیی خاكی خۆی بكات؟ ئایا ولاتێك پارچە پارچە بێت دوو زوون، سێ زوون و چوار زوونیان ھەبێت لە ھەر زونێكیش گروپێك خودان دەسەلات بێت وھیزی تایبەت بە خۆی ھەبێت، چاوەری ئەوەی لیدەكرێت ئەو ولاتە یان ھەرێمە بتوانیت لە سەر ئاستی دەرەكی بەرگیری لە بەرژەوەندی نەتەوەی خۆی بكات یان دەۆلەت دورست بكات؟ بە تایبەت كاتێك بەرژەوەندی كەسی، گروپ و تاقمەكان ھاودژ بێت لە گەل بەرژەوەندی نەتەوەی؟ ئایا لە ولاتێكدا ھێزی سەربازی كە فاكتەری بنەرەتی و یەكلاكەرەوەیە بو پاستنی ئاسایشی نەتەوەی ھەر ولاتێك، ئەگەر دابەشكراو بێت و لە لایەن گروپ، حزبەكان وتەنانەت كەسەكان ئاراستە بكرێت، دەتوانێت پشت بەو ھێزە ببەستین بۆ پاراستنی ولات؟ ئایا كاتێك بەرژەوەندی كەسی یان گروپێك كەوتە مەترسییەوە، ئەو ھێزە ئامادە دەبێت بەرژەوەندی نەتەوەیی لە سەرووی بەرژەوەندی گروپ وكەسەكان دابنێت؟
بێگومان ھیچ ولاتێك لەم جیھانەدا نییە كە بەھێز بێت خودان سەروەری بێت و بتوانێت كاریگەری لە سەرھاوكێشە سیاسیییەكان ھەبێت یان بتوانێت رووبەرووی ھەرەشە و مەترسییە دەرەكییەكان ببێت و كیانەكەی بپارێزێت، ئەگەر لە سەر ئاستی ناوخوی بەھێز نەبێت. ئەگەر سیستمێكی فەرمانرەوای باشتی نەبێت. ئەگەر ھێزیكی یەكگرتوری سەربازی نەبێت كە بەرژەوەندی ولات لە سەروی ھەموو شتیكەوە دابنێت و لە دەروەی بریاری حكومەت ملكەچی بریاری ھیچ گرۆپ و تاقمیك نەبێت. تو سەیری ئەو ولاتانە بكە كە بەھێزن تەنانەت با دیكتاتوریش بن. ئایا بەھێزیان لە چی دایە؟ بێگومان لەوەدایە كە خودان سیستمێكی فەرمانرەوەی بەھێزن. خودن كیانێكی یەكگرتوورن. خودان یەك ھێزێكی سەربازین كە فەرمان تەنیا لە یەك كەس وەردەگرن كە ئەویش فەرماندەی ھێزی چەكدارەكانە. راستە لە ھەموو ولاتانەدا بە تایبەت ولاتە دیموكراتەكاندا لە نێوان حزبەكاندا ململلانی ھەیە. بەلام ھەرگیز ئەو ململانییە ناگاتە ئەو ئاستە ھەرەشە بێت لە سەر ئاسایش، خاك وسەروەی ئەو ئەو ولاتە. ھەرگیز ململانییەكان ناگاتە ئەو ئاستە چارەنوسی ئەو ولاتە بخاتە بەردەم مەترسییەوە . بۆیە ململانی لە نێوان ھێزە سیاسییەكاندا نەك ھەر شتێكی ئاساییە ، بەڵكو ئەوەی نائاساییە ئەوەیە كە لە نێوان حزبەكاندا ململانێ نەبێت.
بەلام وەك گوتمان ئەو ململانییە ھەرگیز نابیتە ھەرەشە لەسەر بەرژەوەندی وئاسایشتی نەتەوەیی ئەو ولاتە لە بەر زۆر ھۆكار. یەكەم، ململانییەكان بە یاسا و دەستوور ریكخراووە. واتە ململانییەكان لە چواچێوەی یاسا و دەستووردا دایە . دووەم، ھەموو لایانەكان پابەندن بە نەبەزاندنی ھێلی سوور كە ئەویش پاراستنی ئاسایش و بەرژەوەندی نەتەوەی ولاتەكەیانە. سێیەم، لەم ولاتانەدا ھێزیكی سەربازی یەكگرتوو ھەیە تەنیا ئەركی پاراستنی خاكی ولات و رووبەروو بوونەوەی ھەرەشە دەرەكییەكانە وتەنیا فەرمان لە حكومەتەكەی وەردەگرێت، نەك لە گروپ یان كەسەكان. چوارەم، لە ولاتە بەھێزەكاندا بە پێ دەستوور بەرژەوەندی نەتەوەی ھیلی سوورە و ھەرلایەنێك پابەندی نەبێت یان پێشیلی بكات بە خیانەتی گەورە لە قەلەم دەدرێت و بە تووند ترین شێوە سزا دەدرێت. پینجەم، لەو ولاتانەدا كیانێكی یەكگرتوو ھەیە و حكومەت دەسەلاتی بە سەردا دەروات.
جا با بینە سەر ھەرێمی كوردستان ئایا لە كوردستان ململانی نێوان ھێزە سیاسییەكان لە چوارچێوەی یاسا و دەستوردا دایە؟ ئایا حـزبەكان پابەندی بەرژەوەندی و ئاسایشی نەتەوەی ھەرێمی كوردستانن بە تایبەت كاتێك بەرژەوەندی گروپێك، حزبیك یان كەسەكان كەوتە مەترسییەوە یان ھاودژ بێت لە گەل بەرژەوەندی نەتەوەی؟ ئایا سیستمێكی راست و دروستی حكومرانیمان ھەیە؟ ئایا دەسەلاتدارانی ھەرێم بە دریژایی 29 سال توانیانە ھێزیكی یەكگرتووی پێشمەگە دروست بكەن كە تەنیا ئەركی پاراستنی خاك و سەروەی خاكی كوردستان بێت و نەكەوێتە ژێر كارێگەری ھێچ گروپ و تاقمێك كە تەنانەت بۆ بەرژەوەندی شەخستی ئامادەیە خیانەتی نیشتمانی بكات؟ ئایا سەركردەكانی كورد توانیانە كیانێكی یەكگرتوو دروست بكەن ھیچ زوون و موونی تیدا نەبێت و حكومەت دەسەلاتی بەسەردا بروات؟
بێگومان لەوكاتەی حكومەتی ھەرێم دوای سالی 1991 دروست بووە، حكومرانی كوردی ھیچ كاتێك نەیتوانیەتی لە چواچێوەی تەقلیدی دەربچیت.ھەرگیز نەیتوانییەتی سیستمێكی فەرمانرەوای باش لە كوردستان دروست بكات كە بەرژەوەندی نەتەوەی ونیشتمانی لە سەرووی بەرژەوەندی كەسەكان وحزبەكان بێت. تەنانەت موبالغە ناكەین ئەگەر بلین كە ھەموو كات بە تایبەت لە ھەرێمی كوردستان فاكتەرە ناوخوییەكان ھەرەشەی راستەقینەیان دورست كردووە لە سەر ھەرێم و كیانەكەی زیاتر لەوەی ھەرەشە دەرەكییەكان ئەو مەترسییەیان دروست كرد بیت.
وەك ئاماژەمان پێكرد ھۆكارەكانی بەھێز بوونی ھەر گەلیك یان نەتەوەیەك پەیوەندی بەوە ھەیە كە تا چەند لە سەر ئاستی ناوخوی بەھێزە. بۆیە دەكرین بپرسین لەو كاتەی ناوچەی دژە فرین دروست كراوە تاكو ئێستا ھێزە سیاسیە بالادەستەكان چییان كردوە لە سەر ئاستی ناوخۆی بۆ ئەوەی پێگەی ھەرێم بەھیز بكەن. ئەگەر بە شێوەیەكی ورد سەیری میژوی 29 سالی حوكمرانی كوردی بكەین بێگومان فاكتەری ناوخۆی ھۆكاری زۆربەی كیشەكانی كورد بووە. تو سەیری قوناغەكانی حوكمرانی كوردی بكە، لە قوناغی یەكەمی حكومرانی( 1991-1994 ) كە بە قوناغی فیفتی فیفتی ناسراوە، قوناغی شەری ناوخۆیی (1994-1998)، قوناغی شەری سار ( 1998-2005)، قوناغی رێككەوتن و دابەشكردنی دەسەلات لە نێوان پارتی یەكیتی (2005-2014) و قوناغی دووبارە گەرانەوە بۆ ململانێ و دووبەرەكی ناوخوییەكان (2014-2020).
لە ھەموو ئەم قوناغانەدا واتە لە سالی 1991 تاكو 2020 ، كە ئێستا ململانییەكان تەنیا لە نێوان پارتی یەكیتیدا نەماوە و چەندی ھێزی تریش ھاتوونەتە مەیدانەوە، نەك ھەر ھیچ ھەنگاوێكی پراكتێكی نەھاوێژراوە لەو فاكتەرانەی باسم كرد بۆ بەھێز كردنی پێگەی ھەرێم، بەڵكو فاكتەری ناوخوی سەرچاوەی زۆربەی كێشەكان بووە و گورزی گەورەشی لە پێگە و كیانی ھەرێم داووە. بە دریژایی 29 ھەموو ئەو فاكتەرانەی دەبنە ھۆی لاواز كردنی پێگەی ھەرێم بوونیان ھەیە و بەھێز تر بوونە. لەوانە ھەرێمێكی دابەشبوو، دوو ھێزی پیشمەرگە و دوو زوون وسێ زوون ، پەرە سەندنی گەندەلی لە ھەموو چومكەكانی فەرمانرەوای، سیستمێكی فەرمانرەوای ناكاملی دیموكراستی، لاوازی و بێ دەسەلاتی دامەزراوەكان بە تایبەتیش دامەزراوەییە یاساییەكان و زالبوونی بەرژەوەندی كەسەكان، گروپەكان وحزبەكان بە سەر بەرژەوەندی نەتەوەیدا.
زۆر جاران باسی ئەوە دەكریت دەبیت حزبە سیاسییەكان گوتارێكی یەكگرتویان ھەبێت یان دەبێت ناكوكی ودووبەرەكی لە نێوانیاندا نەبێت. لە راستیدا بومن ئەوە گرنگ نییە تا چەند لە نێوان لایانەكاندا ململانێ ھەیە یان نییە. ئەوەی گرنگە ئەوەیە كە دامەزراوەمان ھەبیت كاتیك ھێزێك لە دەروەی بەرژەوەندی نەتەوەی گەمە دەكات یان بەرژەوەندی حزبی زال دەكات بەسەر بەرژەوەندی نەتەوەیدا، سنورێكی بوی دابنیرت. نەك ھەموو كات بەرژەوەندی نەتەوەی، ھاولاتیان وخاك دەبیتە قوربانی ململانێ حزبەكان وھیچ دەسەلاتەكیش نەبێت سنووری بوی دابنێت. یان زور جار رێككەوتنی حزبەكان بە دەستكەوت بو خەلكی كوردستان لە قەلەم دەدریت، بەبی ئەوەی لەوە ورد ببینەوە ئەمانە لە سەر چی رێككەوتوون . لە راستیدا دەبیت رێككەوتن لە پیناوی حزب و رێككەوتن لە پێناوەی بەرژەوەندی نەتەوەی لیك جیابكەینەوە.
جا لێرەدا پرسیار ئەوەیە ئایا ئەو رێككەوتانەی لە كوردستان لە نێوان حزبە سیاسییەكان دەكرێت بو دابەشكردنی دەسەلات و درێژەدان بەو ئەمری واقعەی كە ھەیە و29 سالە بەردەوامە یان بۆ ئەوەیە واقعێكی نوێ لە كوردستان دورست بكرێت؟ ئایا رێككەوتنەكان لە پێناوەی بەھێز كردنی دیموكراسی و ئەنجامدانی چاكسازیی و دژایەتی كردنی گەندەلییە یان لە سەر حسابی دیموكراسی و چاكسازییە؟ ئایا رێككەوتنەكان بۆ دروست كردنی كوردستانێكی یەك زوونە و یەك فەرمانرەواییە یان دریژەدانە بە فرە زونی لە كوردستان؟ ئایا رێككەوتنەكان بو ئەوەیە كە دامەزراوەكانی حكومەت بەھیز بكرین یان بۆ بە كارتونێكردنیانە ؟ ئایا رێككەوتنەكان بۆ ئەوەیەی ھێزێكی پیشمەرگەی یەكگرتوو و دامەزراوەیی دروست بكرێت بە شێوەیەك لە ژێر دەستی كەسەكان دەربھێنرێن یان بۆ درێژەدانە بە ئەو ئەمرە واقعەی كە ئێستا ھەیە.
بیگومان تاكو ئیستاش رێككەوتنەكان بۆ درێژە دان بووە بەو واقعەی كە ھەیە نەك بە دامەزروەی كردنی ھەرێم. ھەر ئەمەش وایكردووە فاكتەری ناوخوی ببیتە گەورەترین ھەرەشە لە سەر ھەرێم و لە دەست چوونی بەشێكی زۆری دەرفەتەكان. بەھۆی فاكتەری ناوخوییەوە ئێمە نێوەی خاكی كودرستان لە دەستدا. بە دلنیاییەوە ئەگەر ھێزێكی یەكگرتوومان ھەبوایە 16 ئوكتوبەر رووی نەدەدا و نێوەی خاكی كوردستانمان لە دەست نەدەچوو. ھەروەھا فاكتەری ناوخویی بووە ھۆی ئەوەی گەورەترین سەرچاوەی نەوت لە كەركوك وناوچە دابراوەكان لە دەست بدەین كە گەورەترین فاكتەر بووە بۆ بەھێز كردنی پێگەی ئابووری ھەرێم و دابین كردنی موچەی فەرمانبەرانی ھەرێم.
بە ھەمان شیوەش، بە ھۆی ھەبوونی فرە زوونی و پابەند نەبوون بە نەبەزاندنی بەرژەوەندی نەتەوەی، بەغدا و دەۆلەتانی دەوروبەر زور بە ئاسانی دەستیوەردان لە كاروباری ھەرێم دەكەن و تەنانەت پرسی ریفراندوم ودەۆلەتی سەربەخو بوونە قوربانی ململانی ناوخویی. ھەروەھا فاكتەری ناوخویی بووتە ھۆی دارمانی ئابووری كوردستان و تەشەنە كردنی دیاردەی بەرفراوانی گەندەلی. بە شێوەیەك خەریكە ئێستا خەلك باوەری موتمانە بە خاك ونیشتمانەكەی نامێنیت. تەنانەت ھەر بە ھۆی فاكتەری ناوخوییەوە ئێستا خەریكە دوستەكانمان كورد پشتمان تێدەكەن. بە دلنیاییەوە ئەگەر ریفورم و چاكسازی ھەمە لایەنە نەكەین و سیستمیكی دروست دیموكراسی پراكتیزە نەكەین پالپشتی دەرەكیش لە دەست دەدەین. .