كامیان باشترە بۆ كورد ترەمپ یان بایدن؟
10/10/2020 4:50:00 PM
د نەوزاد ھێتوتی
ئەمریكا ڕولێكی
گەورە و یەكلاكەرەوەی ھەیە لە ھاوكێشە سیاسییەكاندا چ لەسەر ئاستی سیستمی نێودەلەتی
بە شێوەیەكی گشتی و چ لەسەر ئاستی عیراق و ناوچەكە. ھەر بۆیە ھەموو كات سیاسەت و
ھەڵوێستەكانی ئەمریكا كاریگەری راستەخوی لە سەر ئاراستەی كیشەو ململانێكانی ناوچەكە
ھەبووە. لەم چوارچێوەیەشدا، سەبارەت پڕسی كورد بە تایبەت دوای كوتایھاتنی سیستمی
دووجەمسەری و شەری سار، ئەمریكا یەكیك لەو ھێزانە بووە كەبەردەوام پاڵپشتی كوردی
كردووە. تەنانەت موبالغە ناكەین ئەگەر بڵێن بوونی ھەرێمی كوردستان و زۆربەی ئەو
دەستكەوتانەی كە كورد بە دەستی ھێناووە چ لە باشور و ئێستاش لە رۆژئاوا دەرئەنجامی
راستەخۆی یارمەتی و پاڵپشتی ئەمریكا بووە.
پاڵپشتییەكانی ئەمریكا وایكردووە كە كورد لە
ناوچەیەكی پر لە كێشەو مڵملانیدا، بتوانێت خۆی لە سەرپێ خۆی بگرێت. تەناتە لە زۆر
حالەتی ناخوش و تەنگانەدا، ئەگەر ئەمریكا بە ھانای كوردەوە نەھاتبوایە خودا دەزانێت
چارهنوسی كورد بە كوێ دەگەیشت. بەلام، ئەمەش بەو مانایە نییە كە ھەموو سەرۆكەكانی
ئەمریكا وەك یەك سەیری كوردیان كردووە یان سیاسەتیان بەرامبەر كورد گۆرانكاری
بەسەردا نەھاتووە. بە تایبەت دەبێت ئەو راستییە بزانێن كە ئەو سەرووكانەی كە لە
ئەمریكا ھاتوونەتە سەر دەسەلات ئاستی پاڵپشتیان
بۆ كورد گۆرانكاری بەسەردا ھاتووە. ھەندێك لە ئیدارەكانی ئەمریكا پاڵپشتی گەورەی
پرسی كوردیان كردووە. بەلام ھەندێكی تریش ئاستی پاڵپشتیان بۆ پرسی كورد سنووردار
بووە یان بەو ئاستە نەبووە كە كورد چاوەرێ كردووە.
ھەر بویە
كورد مافی خۆیەتی وەك ھەموو دۆستەكانی ئەمریكا بە گرنگییەوە سەیری ھەڵبژاردنەكانی ئەمریكا بكات و چاوی لەوە بێت كە ئەوانەی زیاتر
ھاوسۆزن لە گەل پرسی كورد و ئامادەن پاڵپشتی زیاتری كورد بكەن بێنە سەر دەسەلات.
لەم چوارچێوەشدا، ھەڵبژاردنەكانی ئەمریكا كە كەمتر
لە مانگێكی ماووە، دیسان لە ناو شەقامی كوردی و تەنانەت دەستهبژێر و راگەیاندنی
كوردیدا ئەو پڕسیارە سەری ھەڵداووە كە كام كاندیدی ئەمریكا بۆ كورد باشرە، بایدن
یان یان ترەمپ؟ كامەیان زیاتر و باشتر
دەتوانێت چاوی لە ھەرێم و بپارێزێت یان خود ئەگەرھەرەشەو مەترسییەك لە سەر كورد بە گشتی درووست ببیت، ئامادە دەبێت بەرگیریان
لێ بكات یان رێگە نەدات لە لایەن بەغدا و دەولەتانی دراوسێیەوە ھێرش بكرێتە سەرییان
بە تایبەت لە روژئاوا و ھەرێمی كوردستاندا؟
یا خود كامە سەروك زیاتر یارمەتیدەر بێت بۆ چارەسەری كێشەكانی نێوان ھەرێم و
بەغدا؟ ئایا دەكرێت باوەرمان بەو تێروانینە
ھەبێت كە ھەر سەروكێك لە ئەمریكا دەربچێت سیاسەتی بەرامبەر كورد گۆرانكاری بەسەردا
ناھێت؟
بێگومان دەبێت ئەو راستییە لە بەرچاو بگرین كە ئەمریكا پێش
ھەموو شتێك بەرژەوەندی خۆی بەلاوە گرنگە.
بەلام دەكرێت ئەوەش بڵێن كە لە نێوان كورد
و ئەمریكا چەندین بەرژەوەندی گرنگ و ھاوبەش
ھەیە بە تایبەت لە ھەرێم و رۆژئاوای كوردستان. بۆیە پڕیسیار ئەوەیە كام كاندید دەتوانێت زیاتر رەچاوی بەرژەوەندییە
ھاوبەشەكانی نێوان كورد ئەمریكا بكات و پشت لە كوردەكان نەكات. سەبارەت سیاسەتی
ترەمپ ھەمبەر كورد، دەكرێت بڵێن لە سالی 1991 تاكو ئێستا خراپترین سەرۆك كوماری
ئەمریكا بووە سەبارەت بهھەڵویستەكانی له ھەمبەر كورد.
ترەمپ كەسێكی بازرگانە و لە ڕوانگەی بارزگانییەو
سەیری دووست و نەیارەكانی دەكات بە تایبەت لە رۆژھەلاتی ناوەڕاستدا. ھەر ئەمەش
وایكردووە كە ترەمپ باوەری بە بهھا و قیەمی دیموكراسی نەبێت و تەنانەت زۆر بە
ئاسانی دەتوانێت پشت لە دۆستەكانی بكات.
لێردا، ئەگەر نەڵێن ھەموو پرسی كورد، بەلام
بەشێكی گرنگی پەیوەندی بە پرنسیپەكانی
دیموكراسی ، مافی مروڤەوە ھەیە. ئەمە وادەكات ترەمپ كەمتر گرنگی بە پرسی كورد
بدات. تەنانەت ترەمپ ھیچ ھاوسوزییەكی نییە لە گەل كورد.
ترەمپ لەو
كەسانەیە كە زۆر باوەری بە ھاوپەیمانتیی و دووستایەتی نییە و بویە نەك ھەر لەلای شتێكی ئاساییە پشت لە دووستەكانی بكات،
تەنانەت زۆر درەنگیش لە سەر ھاوپەیمانەكانی دێتە وەلام. ئەگەر بە شێوەیەكی راستەخو
بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا نەكەوێتە بەردەم مەترسییەوە، ترەمپ كەمتر ئامادەیە
یارمەتی ھاوپەیمانەكانی بدات یان رووی سەربازییەوە پاڵپشتییان بكات. وەك دیتمان،
كاتێك عەرەبستان سعودی كەوتە بەردەم ھێرشی پرۆكسییەكانی ئێران، ترەمپ بەدەر لە
ھەرەشە كردن، ھیچ یارمەتییەكی عەرەبستانی نەدا. بە ھەمان شێوەش، قەتەر كە ھاوپێمانێكی
گرنگی لە گەل ئەمریكا ھەیە كاتێك لە لایەن دەۆلەتانی عهرەبییەوە گەمارووی ئابووری
بەسەرێدا سەپێنرا، ترەمپ بە ھانای قەتەریشەوە نەھات. ئێستا ترەمپ لە دواین لێدوانیدا
باسی ئەوەی كردووە كە ھەموو ھێزیەكانی لە ئەفغانستان دەكێشیتەوە و گوشاری لە سەر
حكومەتی كابول درووست كرددوە كە بە ھەر شێوەیەك
بێت گەل تالیبان رێككەوتن بكات.
بۆیە سەبارەت
كوردیش ئەمە راستە، كاتێك كورد لە 16 ئۆكتوبەر
كەوتە بەردەم پەلاماری ھێزە میلیشیاكانی شيعە بە پاڵپشتی راستەخۆی ئێران، ترەمپ
ھیچ ھەنگاوێكی نەھاوژێت بۆ پاڵپشتی كردنی كورد یان رێگری كردن لەو ھێرشە. لە كاتێكدا
زۆر بە ئاسانی دهیتوانی رێگری لەو ھێرشانە بكات. تەنانەت ئیدارەی ترەمپ پیێ
وابووە كە ئەو ھێرشانە دەكرێت ببیتە ھۆی بەھیز كردنی پێگەی عەبادی لە ھەڵبژارتەكانی
عیراقدا.
بەھەمان
شیوەش، بەرژەوەندییەكانی بازرگانی ترەمپ لە گەل توركیا، رەچاو نەكردنی راوبوچوونی
دامەزراوەكانی ئەمریكا سەبارەت پرسی كورد لە سوریا، وایكرد كە سەرەرای ئەوەی كورد
قوربانییەكی زۆری دا لە شەری دژی داعش، بەلام رێگەی بۆ توركیا كردەووە بۆ ھێرشكردنە سەر رۆژئاوای
كوردستان و بەشێكی گرنگی رۆژئاوا داگیر بكات.
لێرەدا، دیسان گرنگە جەخت لەسەر ئەو خاڵە بكەین كەترەمپ لە بەر
ئەوەی كەسێكی بازرگانە، بە موئەسساتی كار
ناكات، باوەری بە بھاو قیمەتی دیموكراسی نییە و ھاوسوز نییە لە گەل پرسی كورد.
بۆیە دەتوانێت زۆر بە ئاسانی پشت لە كوردەكان بكات یان رەچاوی بەرژەوەندییەكانی
نەكات. راستە لە ناو پارتی كومارییەكاندا، كورد دووستی زۆرە، بەلام لێرەدا، كێشەكە
ئەوەیە كە ترەمپ زۆر جاران بە تاكلایەنە بریار دەداتو كەمتر گوێ لە دەورووبەری دەگرێت.
ھەر ئەمەش وایكردووە لە سەردەمی ترەمپ، كورد گەورەترین گورزی سیاسی و سەربازی بەر
بكەوێت.دەبێت ئەو راستییەش بزانێن كە ئەگەر لە سەردەمی ترەمپ داعش ھێرشی سەر كورد
بكردایە، گومانم ھەبوو كە ترەمپ دووبارە ھێز
رەوانەی عیراق بكات و یارمەتی كورد بدات.
لەلایەكی
تریشەوە، جو بایدن كەسێكە كە ھاوسوزە لە گەل پرسی كورد تەنانەت خاوەن بێروكە و
پرۆژەی دابەشكردنی عیراق بووە لە سالی 2008. بایدن بە ھۆی ئەوەی جێگیری ئوباما بووە شارەزاییەكی زۆری لە سەر ناوچەكە، عیراق و پرسی
كورد ھەیە و پەیوەندی نێزیكی لە گەل بەرپرسانی كورد ھەیە. لەوەش گرنگتر ئەوەیە كە لە شێوازی بریارداندا بە دامەزراوەی
كاردەكات نەك تاكرەوی. ئەگەر بایدن ببێتە سەرۆك گرنگی بە راو بوچوونی دامەزراوەكانی
ئەمریكا دەدات لەوانەش پینتاگون، گونگریس وهزارهتی دهرهوه، راویژكارەكانی و رای
گشتی و لە ھەر بریارێكدا راوێژ بە دامەزراوە پەیوەندیدارەكان دەكات. راستە لەسەر
مەسەلەی كەمكردنەوە یان كشانەوەی ھێزیەكانی ئەمریكا لە ناوچەكەدا، یا خود دورخستنی
ئەمریكا لە شەرەكی دێكە لە ناوچەكەدا تارادەیەك لێكچوونی زۆر لە نێوان بایدن و
ترەمپدا ھەیە. بەلام سیاسەتی بایدن سیاسەتیكی جێگیر و سەقامگیر و پیشبینی
كراودەبێت و بەو ئاسانییە پشت لە دۆستەكانی ناكات و تەنانەت دۆستەكانیش كەمتر توشی
ھەڵە دەبن.
سەبارەت بە
كوردیش بێگومان بایدن بو كورد باشتر دەبێت و زیاتر ئامادە دەبێت بەرگیری لە ھەرێمی
كوردستان دهكات.
بە تایبەت
سیاسەتی بایدن رەھەندیكی دیموكراسی لە خودەگرێت كە گرنگی بەمافی مروڤ، قیهم و بھا
دیموكراسییەكان دەدات كە ئەمەش راستەخو كارێگەری باشی دەبێت لە سەر پرسی كورد.
لە بیرمان نەچێت كاتێك داعش لە سالی 2014 نیوەی خاكی عیراقی
داگیر كرد و دواتریش ئاراستەی ھێرشەكانی گوری بەرەو ھەرێم و ھەرەشەیەكی راستەقینەی لە سەر كیانی سیاسی ھەرێم درووست كرد، بایدن كاریگەری زۆری ھەبووە لە سەر
ئەوەی كە ئەمریكا بەھانای كوردە بێت وپاڵپشتی كورد بكات لە شەری دژی داعش. تەنانەت
ئەمریكا ئەو كات ھەرێمی بە ھێلی سور زانی. ئەمە لە كاتێكدابوو كە ھێزەكانی داعش نزیك
ببونەووە لە بەغدا، بەلام ئەمریكا یارمەتی بەغدای نەدا. لە كاتی خۆیدا ئەم ھەلوێستەی
ئەمریكا نیگەرانییەكی زۆری لە بەغدا و لە
ناوەندەكانی رای گشتی عەرەبیدا درووست
كرد. بە دڵنیاییەیەوە دەڵێم ئەگەر ئەو كات
ترەمپ دەسەلاتداربوایە ئەگەری زۆر ئەوە دەبوو كە ئەمریكا دەستوەردانی سەربازی لە
عیراقدا نەدەكرد. بە تایبەت دووبارە ھاتنی ھێزەكانی ئەمریكا بو عیراق لە كاتێك
دابوو، ئاباما لە سالی 2011 تەواوی ھێزە سەربازییەكانی لە عیراق كشاندەووە. بۆیە ئەوە فاكتەری كوردی و كارێگەری بایدن بووە كە وایكرد ئوباما دووبارە ھێز رەوانەی عیراق بكات و
یارمەتی كورد بدات.
لەگەل ھەموو
ئەوانەشدا راستییەك ھەیە ئەویش ئەوەیە كە راستە سەبارەت پرسی ئێران، بایدن نەرمتر دەبێت لە ترەمپ. بە پێچەوانەش
ھەمبەر توركیاش سیاسەتەكانی بایدن توندتر
دەبن لە سیاسەتەكانی ترەمپ. لێرەشدا، نیگەرانییەك ھەیە بە تایبەت سەبارەت عیراق،
ئەویش ئەوەیە كە ئەگەر بایدن بباتەووە دەبێتە ھۆی بەھێز كردنی پێگەی ئێران و ھاوپەیمانەكانی
لە عیراقدا. ئەم نیگەرانییەش لەوانەیە زیاتر لەلایەن دەۆلەتەكانی عەرەبی، عەرەبە
سوونەكانی عیراق و كوردەوە دەبێنرێت. بە تایبەت ئەگەر بەراود بكەین بەرامبەر سیاسەتەكانی ترەمپ ھەمبەر ئێران
و ھیزە پرۆكسییەكانی لە عیراقدا. بەلام وەك ئاماژەمان پیكرد كە ئەو گوشارانەی ترەمپ لەسەر ئێران و ھیزە پرۆكسیەكانی دەكات بۆ ئەوە نییە
كورد یان سوونە بەھێز بێت.بەڵكو بۆ ئەوەیە ئێران ملكەچی سیاسەتەكانی بێت و دووبارە
رێككەوتنێكی نوێ لە گەل ئێران واژۆ بكات.
خالی دووەمیش ئەوەیە چ بایدن و چ ترەمپ ببێت بە
سەروك، سیاسەتیان لە عیراقدا بەو ئاراستەیە كەھەول دەدەن دەسەلاتێك لە بەغدا درووست
ببیت كە ھاوپەیمانی ئەمریكا بێت و كەمتر لە ژێر كارێگەری ئێراندا بیت.
لێرەدا، جیاوازی سەرەكی نێوان بایدن و ترەمپ ئەو فاكتەرو میكانیزمانەیە كە بەكار دەھێنرێت بۆ دەستەبەر كردنی ئەو
ئامانجە. ترەمپ باوەری بە گوشاری ئابووری و ھەرەشەی سەربازی ھەیە. بەلام بایدن زیاتر جەخت لە سەر ئەمرازە
دیپلوماسییەكان دەكات. بەھەمان ئاراستەش، ھەردوكیان ھەوڵ دەدەن ھێزەكانی لە
عیراقدا كەم بكەن و پێیان وایە كە عیراق ئەو گرنگییەی جارانی بۆ سیاسەتی ئەمریكا
نەماووە. لەلایەكی تریشەوە، گریمان ئەگەر دەسەلاتێكی ھاوپەیمانی ئەمریكاش لە
عیراقیشدا درووست ببیت كە پێموایە درووست نابێت بایدن لە پێناوی بەغدا پشت لە كورد ناكات. بەلام
ترەمپ ئەو كات زۆر بەلایەوە گرنگە نابێت بەغدا چوون مامەلە لە گەل ھەرێم دەكات.