نەسیمی نیسانی، یان خۆڵی پایتەختی ویلایەتی شارەزوورە؟
4/17/2024 3:55:00 PM
ستران عەبدوڵا
مات نییە، متە، پێش هەڵبژاردن مات و مەلول و حەزین، ئێستا مت و چاوەڕوان و ئامادەباش ، گوێ قوڵاغە و هەست ڕاگرە . باسی یاری دیوانەکانی کلاسیک ناکەم . کە زوڵفیان بەسەر ڵاپەڕەی دیوانا شۆڕ کردۆتەوە و بۆنی خۆشیان وێرگویل و فاریزەیان گوڵبژێر و هەڵەچنی دەقە شیعرییەکان دەکات ،باسی یاری مەسەلەی سیاسیی کوردی باشور دەکەم، باسی کەرکوک. ئەوی سەد یاری ڕاست و سەد یاری مودەعی تەماعی تێکردووە و لوتی تێژەنیوە.
نیسانە و ئەمڕۆی شارەکە چەقی بەستووە لە نێوان بەرهەمی ڕەنجی پرۆسەی دیموکراسی کە رەچەتەی سەرکەوتنی تیایەو داخی ئەوەی سەکۆی بردنەوەی زۆر دڵنیا و ئەرخەیان نییە تا ئەوەی موحتاجی دەستی نەیار و ئەغیار نەبێت. براوە مەشق و ڕاهێنانی داهاتوو دەکا و دەستی زاڵمی زاڵیش پێ کوتەیەتی و لاساری ئاڵوگۆڕی دەسەڵات دەکات. بە ئاسانی داینانوێنێ.
دیفاکتۆی سەد ساڵی تەعریب و دە ساڵی نەشئەی دوای شانزەی ئوکتۆبەرە و چۆن هەروا بێ تەقە ڕام دەبێ.
ئێستای کەرکوک مەفتەنی ئەو گوتەزایەیە کە بیرمەندی چەپی ئیتاڵی ئەنتۆنیۆ گرامشی دەیگوت (کۆنە لە گیانەڵادایە و تازەش هێشتا جێگیر نەبووە، لەم ناوەڕاستەشدا کۆمەڵێک شتی سەیر و سەمەرە دەقەومێن).
هێشتا لە کەرکوک شتە سەیر و سەمەرەکان ماون و نەقەوماون، بەڵام مت بوون ئەدگارێکی دیارێتی.
باسەکە باسێکی فەلسەفی نییە کە بابای دێرنووس لێی نافامێ، دەنا ئەمە ئەو وەسفەی بەسەر جێبەجێ دەبێت: متبوونی پێش باهۆزی تۆز و خۆڵ ، چونکە هێشتا تابلۆی بەهاری رەنگینترە.
کوڕی دیموکراسی گەورە بووە و داوای ژن دەکا و کچی ئازادیش هەروا زەماوەندی چاو لێیە.
دیموکراسی رێک قسەی خۆی کردووە و بەرهەمەکەی ئەوەیە کە دەیبینی : یەکبوونی کورد پێنج بۆ حەوت کورسی پاراستووە کە دوانیان جار بە جار دڵ دەگۆڕێ ، حەوتین و دۆستایەتی لەگەڵ خزمەکانی کەرکوکی دێرین کردویەتی بە هەشت، لەوبەری جادەکەوە (ئەوبەر) بە ئیستلاحی کەرکوکی، عەرەب بە رەسەن و تەعریبیەوە ، تورکمان بە شیعە و سوننەیەوە لە رەبایە سیاسیەکانی خۆیاندان. چاوەرێی یان تلیماجی ناوخۆیین یان کلاسیکۆی حەریفانی ئیقلیمی .ئەوەی بزرە کەتنکەرەکانی فەوتاندنی دەنگی کوردن کە وەک هەوادارانی مۆندیال چوار ساڵ جارێک ئەکەوێتە بیریان هەڵبژاردن ڤیستیفاڵ یان حەفلێکی تەنەکوری خۆش و بژوێنە و دوایی لافیتە و بێڵ و باڵتەکانیان دەپێچنەوە.
هەروەها جەماوەرەکەش ماون کە شایەدی بەسەرهاتەکانن لە زەمانی پێغەمبەر دانیاڵەوە تا زەمانی خوداوەندی گەندەڵی و پاوانکردنی دەسەڵات و تەعریب و میلیشیا.
سەرئەنجام
وەک سەرەتا گوتمان؛ مات نییە، متە.