پاژنەی ئەخیل و میوانی ناوەختی کەرکوک
6/20/2024 2:51:00 PM
ستران عەبدوڵا
پرۆسەی سیاسیی لە عێراقی دوای رژێمی دیکتاتۆری
سەددام بیست ساڵە هەیە و لە هەموو وێستگەکانی خۆیدا سەر دەکەوێ و
دەسکەوت کەڵەکە دەکات و بەهەموو پاشەکشێ
و خنەخنەکانێوە ڕاناوەستێ . بەڵام لە جەوهەریترین
پرسدا کە دۆسێی کەرکوکە هەموو جار قووڵ دەچەقێ و خراپ لێی دەقەومێ.
کەرکوک لە واقیعی بەرجەستەی عێراقی تازەدا خەریکە وەک (پاژنەی ئەخیلی) لێ دێت لە ئەفسانەی خەیاڵاوی گریکە کۆنەکاندا .
پاژنەکە وەک شوێنێکی فەرامۆش و تەڕنەکراوی قاچی ئەخیل ماوەتەوە
کە دایکی پاڵەوان بە گوڵاوی جاویدانی تەڕی
نەکرد و بووە خاڵی لاوازی ئەوتۆ کە دوایی سەری ئەخیل و دراماکەشی خوارد.
تێدەگەین کە دایک هەر دەبا پاژنە بگرێ
و بیکاتە بنەما بۆ قڵپکردنی نەوزادی ئەفسوناوی لە حەوزی پیرۆزی نەمریدا، بەڵام روون نییە دایکی وڵات بۆ بە خەمساردییەوە مامەڵە
لەگەڵ پاژنەی کەرکوکدا دەکا و سەرەڕاش گەرەکێتی
ئاکامێکی خۆشنودی چنگ بکەوێت؟
زیاد لە شەش مانگە دیموکراسیی قسەی خۆی
کردووە لە شاری ململانێ هەستیارەکان کەچی ماشێنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک وەک پاسە پۆلۆنییەکانی گەراجی حەویجە پەکی کەوتووە
و نایەوێ بکەوێتە رێ . ئێ مەعلومە گەراجەکە و کۆڵانەکانی موسەڵا و بازاڕی پاچەی دەدە
حەمدی لە حاڵی مەنگی و متبوون و چەقیندا گیر دەخوات. بە جۆرێ نە گەشبینی دوای هەڵبژاردن
ئاورشێنی دەکا و نە بۆنەی تەداروکاتی ئەم جەژنی قوربانەش فریای پاککردنەوە و جوانکاری دەکەوێت.
شارەکە وەک چەند مانگی بەرێ گەشبین نییە و کارەکتەرەکانی
جارانیش کە پێش هەڵبژاردن مانیان دەگرت و جادەیان پەکدەخست و بەناوی قەبەی کوردایەتییەوە
کوڕی خەڵکیان بە کوشت دەدا هیچ جولەیان نەماوە. گشتیان شاریان بەسەر یەکێتیی و دڵسۆزانی
کەرکوکەوە بە جێهێشت و خۆیان مەڵاس داوە، کەیفیان بەو جەمسەرگیرییە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییە
دێت کە بە شێوەیەکی منجڕانە چۆتە ناو جومگەکانی چەقبەستنی دۆخی کەرکوکەوە و خەریکە
هیچ پەراوێزێک بۆ ئیرادە و ئیدارەی خەڵک نەهێڵێتەوە.
لەم دۆخەدا کە تەنانەت بەغداش جگە لە ڕامانی
هێدمە ئاسا و ناوبژیوانی شەرمن هیچ ئامرازێکی
کارای نییە، وا دەبینین نەریتی کۆنی چەقبەستوویی پرسی کەرکوک کە بیست ساڵە پێکوتە
دەکات دەبێتە دیمەنێکی (رەسەن) ی ناڕەسەن
و گرەو لەسەر نا ئومێدی خەڵک دەکا و لەسەر
ڕاهاتنمان لێ داوا دەکات.
لە کاتێکدا ژێرەوەی بەسەرهاتەکەی کەرکوک دڵنەوایی ناداتە کەس ، پاژنەی ئەخیل دابین و خۆماڵی
نەکراوە و هاکە دیتت سەری کۆی پرۆسە دینامیکییەکەی عێراق دەخوات.
پێویستە بیرمان بێت کەرکوک وەک پایتەختی
ماددەی ١٤٠ لە دڵی رووداوەکان دایە و درزی ناوچە دابڕاوەکان داعشی خوڵقاند . ئەمجارە
خوا دەزانێ کێ و چی دەبێتە میوانی ناوەخت؟
بجولێن پێش ئەوەی سڕ بین.