نان و کەرامەت؛ بەهای خاک و سەروەری خەڵک
7/11/2024 12:50:00 PM
ستران عەبدوڵا
بابەتی موچە و کەرامەت
نان و کەرامەت، خاک و خەڵک بابەتگەلی جیاوازن و لێک نزیکیشن.
دەکرێ تەواوکاری یەکتری بن، بەڵام هەرگیز باش نییە بەرامبەر یەک دابنێرن.
کارێکی ناپەسەندە و شتێکە وەک لێقرتاندن وقۆڵبادان و بە
بارمتەگرتنی مافە رەواکان و کەرت کردنیان .
جا سەیرە لە کۆیە و لە تێکڕای کوردستانیش کە بێین بە پلایس گۆشت و نینۆکی ماف و داخوازییەکان لێک
جیا بکەینەوە و بڵێین : یان ئەمە، یان ئەوە! ئەمە هیچ بژاردەیەکی باش نییە، بەتایبەتی
بەرامبەر گەلی کوردستان کە هەموو قوربانی و گیانبازییەکی کردووە بۆ رزگاری وڵات و
حوکمی خۆبەخۆ لە چوارچێوەی قەوارەیەکی دەستوری کوردستانیدا.
ڕاستێکەی ئەوەیە لائیحەی مافە هاوچەرخەکان هەمووی تیایە،
نان و کەرامەت، موچە و بودجە، ژیانی بە روومەت و شەرافەتمەندانەی خەڵک و خاوەندارێتی
لە خاکی کوردستانیش. گشتیان پێکەوە باشن و
پێکەوە بەها و نرخ پەیدا دەکەن.
حزبەکان و سیاسەتە حەریفەکان و دامەزراوە رەسمییەکانی نیشتمان
لە حکومەت و پەرلەمان ئیشیان ئەوەیە ئەم لائیحەیە جێبەچێ بکەن.
لە مەمالیکەکانی دونیا ، هەرێم بن یان دەوڵەت ، کۆمەڵانی
خەڵک خەریکی کار و کەسابەتی خۆیانن و بە دەنگدان و بە شایەتمان تەفویز و وەکالەتیان
داوەتە هێزە سیاسییەکان و ژوور و هەیوانە خوشناو و جوان و سەنگینەکانیان بۆ ئەوەی
ئەم ئەرکە نیشتمانیانە رایی بکەن و بیکەنە خەڵاتی گشتی میللەتەکەیان . لە هەمووشی
گرنگتر هێزی نموونە و چاولێکردن زۆر گرنگە. ئەی پەیامە زۆر پایەدار دەبێ ئەگەر گەورەکان
خۆیان لە ژیان و گوزەرانی خۆیاندا دەستپێشخەر بن و بیکەنە مۆدێلی شایانی ئەشهەدومابیللا.
دەشێ لائیحەی مافەکان، چ دەستوری گەل پەسەند یان هی دابودەستوری سیاسی کۆمەڵ بن ، قۆناغبەند بکرێن
و پەیتا پەیتا کاری بۆ بکرێت. لەم میانەدا میللەتەکەمان سەبری ئەیوبی هەیە، ئەم میللەتە
چەندین دەیەیە بە ژیری و حەوسەڵەوە مامەڵە دەکات .
بەڵام قۆناغبەندکردن جیاوازە لە
پەکخستن و بە یەکدا هەڵبژانی مافەکان و گۆڕینەوەیان بە ئەمە یان ئەویتر. جیایە لە
بە بارمتەگرتنیان و بژارکردنی ناڕەوا.
مافەکان یەک پاکێچی روون و رەوان و هەق نییە هانی بەر یەککەوتنیان
بدەین.