لە تەعریبی كۆنینەوە بۆ تەعریبی نوێ
8/12/2022 11:26:00 AM
ستران عەبدوڵا
ئەدەبیاتی بەرەنگاری
تەعریب
هاوینی 2021
------———
تەعریبی نوێ. هەروەك
تەعریبی كۆنە. هەردوكیان پاشماوەی بۆگەنی ناسیونالیستی پەڕگیری عەرەبییە. ناسیونالیستی
نەتەوەی چاوچنۆكی سەردەستە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لە عیراق لە زۆرینەی عروبی بەرجەستەیە
و لە شوێنی تریش لە نەتەوەی زاڵیت دا. ئەم تەعریبە لە زمانی عیراقی مەلەكییەوە سەری
رەوتی عێراقێتی نەرم و دەوڵەتی نوێی خوارد. لە قۆناغی رۆمانسیەتی مەلیك فەیسەلی
باوكی ئەو دەوڵەتەوە. گیانی نیشتمانپەروەری تازە سەرهەڵداوی عیراقی دوای قۆناغی
عوسمانێتی و دوای لكاندنی كوردستانی جنوبی بە بەغداوە، لە ڕەگوڕیشەوە هەڵكێشا. ئەو
كاتەی مەلیك فەیسەل لە یاداشتە مێژووییەكەیدا خەفەتی لە نزمی گیانی نیشتمانپەروەری
عیراقییەكان دەخوارد و بە كۆمەڵێكی ناهۆمۆجین و گەلەكۆمەكێیەكی قەبیلە و عەشیرەتی
لە قەڵەم دەدا، نەیزانی كوڕەكەشی، مەلیك غازی، گوێی لە بانگەوازیی نیشتمانپەروەرێتی
رۆمانسی باوكی نییە و عیراقی زۆرینە عەرەبی بەرەو عروبە و تەوەربەندی نازی و ئێزگەی
نهێنی قەسری زهور دەبات.
تەعریب لەگەڵ هەڵكشانی
رۆحی عروبە لە بەغدا و لەناو ئەفسەرانی نەتەوەییدا كارێكی كرد سیمای عێراقێتییەكی
بێ وەی و بێ مەزەڕەتی نوری سەعید و مەلیك فەیسەل بشێوێنێ و ملبكێشێ بۆ بزووتنەوەی
رەگەزپەرستی رەشید عالی گەیلانی و ئینجا بەرەو هەڵكشانی دەمارگیری نەتەوەیی لەناو
گۆڕانكاری دوای چواردەی تەمموزی ساڵی 1958دا. دەماری عروبی لەناو جەستەی بزووتنەوەی
ئەفسەرانی ئازادیخوازی تەمموزی 1958 كە توانیان گیانی عێراقێتی زەعیم عەبدولكەریم
قاسم گەمارۆ بدەن، بووە وزەیەكی هەڵكشاو كە پێویستی بە شوێنێك هەبوو گرژی و
نائارامی خۆی تیا بەتاڵ بكاتەوە. ئەو شوێنە كوردستان و تەعریبكردنی شریتی تەعریب
بوو لە كەركوك و خانەقین و هەموو دەڤەرەكانی كە دوایی لەناو چوارچێوەی ماددەی
140ی دەستوردا، نازناوی ناوچە كێشە لەسەرەكانیان وەرگرت.
عروبە و ناسیونالیستی
پەڕگیر لە دەورانی عەبدولسەلام عارف و ئینجا بەعسی یەكەم 1963 و بەعسی دووەم
1968، پێویستی بە گۆڕەپانی خۆ تاقیكردنەوە هەبوو.
تەعریب و تەرحیل
و تەبعیس دوا پلەی ناسیونالیستی عەرەبی بوو. وەك چۆن لە ئەدەبیاتی چەپدا دەگوترێ
ئیمپریالیزم دوا پلەی سەرمایەدارییە. تەرحیل و تەسفیری كوردی فەیلیش لە بەغدا هەر
خۆی كەیسێكی جیاواز و گەورەشە كە ئەویش بزمارێكی تری لە تابوتی ناسنامەی عێراقێتی
دەوڵەتی عیراق داوە.
تەعریبی نوێ هەروەك
تەعریبی كۆنە. پاشەرۆی ناسیونالیستی عەرەبییە بە هەندێك جیاوازی بەرچاوەوە كە پەیوەندی
بە گۆڕینی زەمەن و زەمانی قودرەتمەندی دەوڵەتەوە هەیە لە جێبەجێكردنی سیاسەتی تەعریب
و لە چەماندنەوەی باسكی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی كوردستان و شكاندنی ئیرادەی
هێزە سیاسییەكانییەوە.
جیاوازییەكی تریش
هەیە:
تەعریبی كۆن كە
بەعس گەیاندییە ترۆپك، تەعریبێكی سوننی مەشرەبە كە ئەزموون و دەرس لە تەتریك و
تۆرانیزمەوە، لە خوزعبلاتەكانی ساتع حسری و ((یانەی موسەنا)) و یارییە منداڵبازییەكانی
بەعسی رۆمانسی میشیل عەفلەقەوە وەرگرتووە. واتا تەعریبێكی دەرچووی قوتابخانەی توركیزمە.
بەڵام تەعریبی
نوێ لە فراوانخوازی شیعەگەرێتی و چیرۆكەكانی ململانێی شیعە و سوننە و شەڕیان لەسەر
ناوچەی تفوز و فراوانكردنی مەزهەبگەراییەوە هێز و وزەی وەرگرتووە. مەزهەبگەرایی
شیعە و سوننە لە دیوە فەرهەنگییەكەیدا، وەك سیاسەتی ئینگلۆ سەكسۆنی و فرانكۆفۆنی
غەربەزەدەیی و ئیفرەنجی لێهاتووە كە جگە لە قەڵەمڕەوی سەربازی، بیر لە قەڵەمڕەوی
فەرهەنگی و كەلتوری دەكاتەوە. جا مەعلومە بۆ میللەتانی بندەست داگیركاری فرانكۆفۆنی
و ئینگلۆ سەكسۆنی هەر داگیركارییە و فەرقی نییە. تەعریب سونی مەزهەب و هی شیعی
مەزهەبیش فەرقی نییە لە بەشی كوردی و كوردستان دەخوا.
تەعریبی نوێ لە
دۆخێك هاتۆتە كایەوە كە دوای ریفراندۆم و كەشفی حیجابی نیەتی كورد و عەرەبی عیراقە
لە هەمبەر یەكتری. حوجە و بەهانەی خیتابی كوردی و كوردستانی لە ریزكردنی مەبنا فیكری
و سیاسییەكانی ناسنامەی هاوبەشی عیراقێتی نوێ و فیدالیزم، كورتی هێناوە و هەناسەی
سوارە. لەنێوان خیتابی گۆشەگیری كەم ناوەرۆك و زەردهەڵگەڕاوی بەشێكی ناسیونالیستی
كورتبینی كوردی و شەپۆلی نوێی تەعریبی شیعەگەرایی زۆر لێڵی هەیە كە میدیای هاشۆهۆشی
میللیگەرایی و نەتەوەبازی درۆزنانەی میدیای چەواشە ناتوانێ روونی بكاتەوە، بەڵكو
لێڵتری دەكات.
تەعریبی نوێ هێشتا
نەگەڕاوەتەوە بۆ قۆناغی هێرشبردن، وەك تەعریبی قۆناغی بەعس، بەڵكو تەعریبێكە زیاتر
ئیش لەسەر پەكخستنی رێوشوێنە دەستورییەكانی كێشەی ناوچەكانی ماددەی 140 دەكات. بە
مانای ئەوەی پەكی جێبەجێكردنی وردەكارییەكەی دەكات، یان گەمارۆی دەدات، یان لە ناوەرۆكی
یاسایی و دەستوری خۆی بەتاڵی دەكاتەوە.تەعریبی نوێ دەزانێ زەحمەتە بتوانێت بگەرێتەوە
بۆ قۆناغی هێرشبەری تەعریبی جاران لە پێش 2003، بەڵام دەشزانێ شۆكی بزووتنەوەی
كوردایەتی دوای ریفراندۆم و دوای 16ی ئۆكتوبەر، پاشەكشێی یەك بەرەیی و یەك خیتابی
كوردستان، دەرفەتی پێدانەوەی وزەی بە كوردستان نەداوە و ئیرادەی كوردستانیی بەهێز
نەكردۆتەوە.
بۆیە تەعریبی نوێ
كار لەسەر مەسەلەی وەخت دەكات تا بتوانێ لە شەترەنجی ململانێكەدا هەندێك كارت لە
كورد بباتەوە و لە پێگەیەكی بەهێزترەوە ململانێ ئەزەلییەكەی لەگەڵ كورد درێژە پێبدات.
تەعریبی سوننی
تا 2003 بێ پەروا هەموو دامەزراوەكانی دەوڵەتی لە دژی كورد بەكارهێنا.
تەعریبی نوێ گەرەكێتی
هەموو كەلێنە یاسایی و دەستوری و كەلێنەكانی جومگەكانی حوكمڕانی و زۆرینەی عەرەبی
و لاوازی خیتابی دیموكراتی عیراقی فیدرالی بەكاربهێنێ و دژی كوردستان بیخاتە گەڕ.
(80) ساڵە تەعریبی
كۆن بەو دەورانە گەیشت كە سەری دەوڵەتی عیراقی خوارد لە 2003 دا، داخۆ تەعریبی ئەم
چەند ساڵەی دوایی سەری كێ و كوێ دەخوات؟