ئۆێنبازی نەتەوەی سەردەست
12/10/2019 2:58:00 PM
ستران عەبدوڵا
ئۆێنبازی نەتەوەی سەردەست هی ئەوە نییە ئاستی بیردۆزێکی سیاسیی پێ بدەم. بیردۆز بیرمەندی دەوێ و ئیدعای وا ناکەم. بۆیە ناوی نیمچە بیرۆکەم لێ ناوە. هەقە ئەم نیمچە بیرۆکەیە لە پانتایی مەسەلەی کورددا مامەڵەی لەگەڵ بکرێ، نەک گشتگیری بکەم بۆ ئەزموونی میللەتانی تر ئەگەرچی پێم خۆشە بە کەڵکی خەڵکی تریش بێت.
ئۆینبازی نەتەوەی سەردەست ئەوەیە لەو کاتەی نەتەوەی سەردەست بیرۆکەیەک گشتگیر دەکاو داوا دەکات هەمووان، بە نەتەوەی زوڵملێکراوی کوردیشەوە، تەبەنی بکەن و جاڕی بۆ لێبدەن کەچی زۆری پێ ناچێ لێی هەڵدەگەڕێنەوە. لەم بادانەوەشدا حیساب بۆ ڕای کوردو پێویستییەکانی مەسەلەی مێژوویی کوردو تایبەتمەندییەکانیشی ناکەن، وەک ئەوەی ئێمە نەبین و حەیسیەت و وجودمان نەبێ گەرەکیانە دوای خۆیانمان بخەن، ئەمە نموونەکانە کە باسی دەکەم:
*تورکیای سەدەی بیست لە ناکاو بڕیاریدا خەلافەت جێ بێڵێ و بەرگی کەشخەی عەلمانیەت لەبەر بکا، بیرۆکەی نەتەوە-دەوڵەتیان رەواج پێ داو لەگەڵ رۆژئاوا کەوتنە کەینوبەینی مۆدێرنتە وەک بڵێی قەت ئەستەنبول پایتەختی خەلافەتی دژە رۆژئاوایی نەبووبێت، کورد نەتەوەی بندەستە کە تازە هەراش دەبێ و لە مافەکانی خۆی دەپرسێتەوە. شۆڕش دەکاو شێخ سەعیدی پیران رێبەری رێی رزگاری کوردستان دەبێ. کەچی ئەتاتۆرک کورد بە دواکەوتوو و عەشایەر، بە پیلانگێری گێڕانەوەی خەلافەت و رەجعیەت تۆمەتبار دەکات و ئەم ئیدعایەیان بۆ دەچێتە سەر. مۆسکۆی سوور و رۆژئاوای دیموکرات ریوایەتی تورکی سەردەست پەسەند دەکەن. نزیکەی سەد ساڵ دواتر ئەردۆگان خۆی دەکاتە خەلیفەی موسڵمان و کوردیش بە چەپگەرایی و زەردەشتێتی تۆمەتبار دەکات. عەرەب و سوننە باوەڕ بە نەوەکانی سەلاحەدین ئەیوبی و هاوڕێکانی سەلاحەدین دەمیرتاش ناکەن. نەتەوەی سەردەستی تورک چۆنی بخوازێ ئاوها شێوەی دەوڵەت و سیاسەت دیزاین دەکەن و ئەبێ کوردیش سەری تەعزیم و ئەفەندمیان بۆ بلەقێنێ.
ئێرانی سەدەی بیست بە ناوی ئێرانچێتی و شاپەسەندییەوە سمکۆو قازییان لەسێدارەداو بە کوردیان وت ئێران زەمین و ئێرانێتی هەموو شتێکە، کەچی لەناکاو مەزهەبیان کردە کۆمبەس و بە کوردی مەهابادو سنەیان وت: دوامان کەون.
ئۆینی نەتەوەی سەردەستی عەرەب لە عێراق ئۆینی ئۆینەکانە. رۆژێ بەناوی عیراقێتی پادشایی و رۆژێکی تر بەناوی عێراقێتی شەراکەتی کوردو عەرەبەوە ئوممەی عێراقیان دەرخوارد داین و رۆژێکی تر وتیان مەرجەعیەتی رەشیدەو دەستوری فەریدە مسۆگەری عێراقی (هیوا و ئاشتی) دەکات. شەراکەتی کوردو عەرەب نییە، بەڵکو سێ کوچکەی کوردو شیعەو سوننەیە کە ریفراندۆمی ناوێ، مادام زەواجەکە مارەیی کاسۆلۆکییە لە (کۆماری نەمر) دا، بە وەسفی عەبدولکەریم قاسم.
کەچی ئێمەی باڵشکاو و بێدەرەتان قبوڵمان کرد، وا چەند مانگە بە ناوی ناسنامەی عیراقێتی و ئەنتی موحاسەسە و مەزهەبییەتەوە خەریکن ڕیسەکە دەکەنەوە بە خوری.
خۆیان لە شیعەگەرێتی، وەک پێشتر لە بەعسێتی، هەڵگەڕاونەتەوە دەیانەوێ کوردیش لە کوردێتی خۆی هەڵگەڕێتەوە کە هەمووی دوو دەیەیە چێژ لە کوردبوونی خۆمان دەبینین.
تا تایفەگەری و مەزهەبگەرایی قازانجی ئەوانی تیا بوو کۆنترۆڵی هەموو شتێکیان کرد، ئێستا بە ناوی زۆرینەی دیموکراتییەوە مەبەستیانە کوردستان بکەنەوە شمالی حەبیبەکەی جاران و ئۆینی خۆیان بکەنە قەدەری ئێمەش.
نەتەوەی سەردەستن و هەر بەر لوتی خۆیان دەبینن. شەراکەت و رەفاقەت و هاوچارەنووسی ناخوێننەوە کە بەرژەوەندی خۆیان خواست.
بۆ ئەوەی هەبین پێویستە ئێمە خاوەنی ئۆینی خۆمان بین.
ئەندێشەمان جیاوازە، با تەنانەت لە کاروانیش دوا بکەوین.
کوردین و نەتەوەین و هەقی خۆمانە.