بنمێچی توندڕەوی
3/19/2019 3:26:00 PM
ستران عەبدوڵا
قسەی لینین كە ئەڵێی بۆ ئەمڕۆ وتویەتی (بچۆ بۆ ئەوپەڕی چەپ خۆت لەوپەڕی ڕاستا ئەبینییەوە. بچۆ بۆ ئەوپەڕی ڕاست خۆت لەوپەڕی چەپا دەبینیتەوە) ئەمە فەنتازیایەكی ئەندێشەییە (هاوڕێ) لینین لەو قەرەباڵەغییەی تێكۆشانی سیاسیدا بیری لێ كردۆتەوەو بۆ توانج لێدان لە هەندێك بەكاری هێناوە. ماناكەی لە روسیا نازانم چۆن كار لە دڵ و دەروون دەكات، بەڵام لە كوردیا وای شرۆڤە دەكەم كە چەند توندڕەو بیتو گوایە پاشەكشێ ناكەیت. لەوسەری تونێلەكەوە بە توندڕەوییەكی ترەوە لێی دەردەچیت. كەس لەم شرۆڤەیە وا تێنەگات كە نوقڵانە لێدانە بۆ ئەوانەی قەناعەتێكیان هەیەو زۆر پێداگری لەسەر دەكەن، گوایە منیش لێرە پێیان دەڵێم قەناعەتتان نەبێو داكۆكی لێ مەكەن چونكە لەو سەرەوە لێی پەشیمان دەبنەوە، بەڵكو مەبەستی من ئەوەیە ئەگەر توندڕەوی بكەیت لە بیروباوەڕەكەتدا زوو هیلاك دەبیت، هەناسەبڕكێت تووش دێت و خواخواتە لەوسەری تونێلەكەوە دەرچیت و قەرەبووی هەڵپەییو پەلەپەلەی خۆت بكەیتەوە.
ئەگەر لەسەر خۆت، بە پتەویو شێنەیی، ئەمما بە شێلگیرییەوە، داكۆكیت لە بیروڕای خۆت بكردباو لە میانی هەڵپەی گەیشتن بەو شتەی پێت وایە ڕاست و دروستە سەری كەست نەشكاندبایە كە لەوانەیە بە مەزەندە دوژمنداریت كردووەو لە خوتوخۆڕایی غەزەبی توندڕەویت بەسەر سەدان كەسی پێچەوانەی بیركردنەوەی خۆت و هاوەڵەكانت باراندووە. لەوانەیە كەمتر هیلاك بوایت و كەمتر زیان و زەرەریشت دابا.
ئەگەر هەڵپەی توندڕەوی نەبێت لەوانەیە دۆست و دوژمنیشت چاكتر بناسیباو هاوخەبات و هاوسەنگەری خۆت باشتر دیاری كردبا. رەفیقی نیوەڕێت تووش نەدەبوو كە لە نیوەی ڕێ جێتدەهێڵێ و تۆش ناچاری بۆ قەرەبووی ئەو كەموكوڕییە زیاتر پەلەپەل بكەیت و هەناسەبڕكێ بیتو سەرەنجام لەوسەری تونێلەكە هیلاك بیت. تووشی فەلاكەتو هەڵدێران ببیت.
دەرسەكە ئەوەیە وزەو توانای خۆت رێكوپێكتر پوخت بكەیتەوە. بەسەر چەند وێستگەی كورت و درێژدا دابەشی بكەیت تا نەكەوی و لەسەری تونێلەكە وا شكست نەخۆی كە وەك ئەوە وا بێت ئەچیتەوە سەرەتا.
پەلەت چی بوو و پەلەت چییە كە دەیەو دوو دەیە هیچ نییە لە تەمەنی زەمەن و رۆژگاران؟ بیست ساڵ پێش ئێستا پەلەت نەكردبایە ئەمڕۆ بەروبوومێكی باشترت دەخواردو ئەمڕۆش بە شێنەیی و بە تۆكمەیی بیكەیت دەساڵی تر بەروبەرهەمێكی باشتر دەخۆیت تا ئەوەی تونێلەكە لەوسەر (راست)ی بكاتەوە. وەك ئەوی چەوت بووبێت، نەك چەپ.
توندڕەوەكان هەر ئەوە نین كە توندڕەوی ئیرهاب و كوشتن و بڕینن. توندڕەوەكان ئەوانەشن كە هەڵپەی هەموو شتێكیانە، بۆیە سەرەنجام لەگەڵ توندڕەوانێكی تر، لەو سەرەوە، یەكدەگرنەوەو ئاوێزانی یەكتر دەبن.
وا دێتە بەرچاو كە میانڕەوەكان تەمبەڵن، تەوەزەڵن، ترسنۆك و بێ بارن. لەكاتێكدا میانڕەوەكان هێزی نەرم (سۆفت و پاوەرن) و سەرەنجام ڕەنگە دەسكەوتی نەرمی و شێنەیی بخۆن. ئەگەر واش نەبن هیچ نەبێ وەكو دەسكەوتیان نەبێ خۆ زیانیان بۆ كەس نابێ. بەتایبەتی بۆ كەسانێك گوایە لە بنچینەدا هەموو لایەك بۆ ئەوە دروست بوون خەبات بۆ ئامانجەكەی ئەوان بكەن.
باشە ئەی چی چارەی توندڕەویو ئەم هەڵپەی ڕاست و چەپەیان دەكات؟ ڕەنگە هۆشیاری كۆمەڵگەو كەڵەكەبوونی ئەزموونی هەمەچەشن، (بۆ پرۆسەی سیاسیی لێرە دیموكراسیی خولەكی و كاتبەندی وێستگەكانی دیموكراسییە)، رۆڵێك بگێڕێت لە چارەسەر. رەنگە وا بكات هەمووان، لە ڕاستەوە بۆ چەپ، تێبگەیەنێت كە بنمێچی بەرزی پێشبینی جا لە دیموكراسیو چاكسازیدا بێت یان لە پرسی نەتەوەییدا، دەبێتە بەربەست و لەوپەڕی تونێلەكەوە لەجیاتی دەسكەوت و پێشكەوتن پاشەكشێ بەرهەم دێنێت.
هەروەها ڕەنگە بڵاوكردنەوەی نەریتی هاوتەریبی رەخنەو كار دەریچەیەكی باش بێت. رۆژانە كار بكرێت و رۆژانە رەخنە بگیرێت. تا وەكو خراپی كەڵەكە نەبێت و هەروەها بۆ ئەوەش كەس فێر نەبێت هەر رەخنە بگرێت و چاوەڕێی كار لە خەڵكی تر بكات!
با كار بكەین بۆ ئەوەی رەخنەش حەڵاڵ بكەیت.