چاوەڕوانی حکومەت مەبە!
2/22/2020 9:29:00 AM
لوقمان غهفوور
لە ئەمریکا خەڵک فۆکس ناخاتە سەر ئەوەی حکومەت
چی بۆ ئەکات بۆ خۆپاراستن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا. چونکە خەڵک خۆی پارێزگاری لە خۆی ئەکات،
نەک حکومەت ئیشی بۆ بکات.
بەداخەوە حکومەتی ھەرێمتان کردووە بە عەلاگەی
جل، ھەموو شتێکتان پیا ھەڵواسیوە، تکایە ئێوە بکەونە خۆتان.. تکایە دەردێکی کوشندە
ڕووی لە دنیا کردووە، خۆتان بپارێزن بەر لەوەی چاوتان بخەنە سەر ئەوەی کە حکومەت چ
دەرمانێکی ھەیە بۆ نەخۆشییەکە.
لەھەموو دنیادا بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا،
خۆپاراستن پێش چارەسەر دانراوە، چونکە تا ئێستا دەرمانێکی دیاریکراو نییە بۆ چارەسەر.
پێش بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا ڤایرۆس لە ئەمریکا، ئەگەر
لە شوێنێک بپژمیتایە و ئاراستەی پژمین و دەمت نەخستایەتە سەر قۆڵت ئەوا بەکسێکی بێ
باک و کەمتەرخەم ئەزانرایت کە باکی کۆمەڵگە و ژیانی خەڵکی ترت نییە.
ئێستا بەس یەک تۆز دەموچاوت پێوەی دیار بێت ھەڵامەتت
ھەیە یان باری تەندروستیت تەواو نییە، بە ھیچ شێوەیەک نابێت لەو شوێنە دەوام بکەیت،
خۆ ئەگەر بژمەیەکی توند بکەیت کە بژمەی ھەڵامەت بێت، ئەوا درۆ نییە ھەرچی کەسە ئەو
ناوچەیە جێدەھێڵێت. بەکورتی تێڕوانینی کۆمەڵگە بۆ پەتا کوشندەکە جدییە.
بەڵام ناتوانین نکۆڵی لەوە بکەین، کۆمپانیاکان
ھێندە خەمخۆرن، ھیچ شتێکیان نەھێشتۆتەوە بۆ ترس. من تێبینی شتێکی سەیرم کردووە لە ڕیستڕوم
(WC) ییەکانی ئەمریکا. لەکاتی چونە ریستڕوم و ھاتنە
دەرەوە، ھەموو شتەکان وایلێکراوە خەڵک کەمترین دەستلێدانی ھەبێت بۆ کەلو پەلەکان.
بەلۆعەکان ھەمووی ئەلەکترۆنییە، دەست ئەخەیتە بەر
بەلۆعەکە، بێ ئەوەی دەست لە بەلۆعەوە بدەیت، شامپۆی دەست شتن، دەست ئەخەیتەژێری، خۆی
شامپۆکە دێتەخوارەوە، بۆ ئەوەی خەلک بەرکەوتنی نەبێت لەگەڵ ئامێردا، دواتر بۆ دەست
وشککردنەوە ئامێرێکی ھەوایی گەرمی بەھێز کە
دەستت خستەبەر دەمی ئامێرەکە ، ھەوایەکی گەرم دەستت وشک ئەکاتەوە. بێئەوەی دەست لە
ئامێرەکە بدەیت، خۆی ئەوەستێت کە دەستت لابرد. کە دێیتە دەرەوە، دەرگاکە لەبەشی
خوارەوە پارچەکی بۆ دانراوە بە قاچ ڕایئەکێشیت بۆ ئەوەی دەست لەدەسکی دەرگاکە نەدەیت.
ئەمە جگە لەوەی لەزۆربەی دوکان و سۆپەرمارکێت و شوێنەگشتییەکان جێڵی تەعقیم دانراوە
تا لەدوای دەستدان لەئامێراکان و کەلوپەلەکان، دەستت تەعقیم بکەیت.
ھەموو ئەمانە، بۆئەوەن کەمترین دەستبردن بۆ ئامێرەکان
ھەبن تا کەمترین تووشبوون بە نەخۆشییەکان ھەبن. ئەم کارئاسانی و ڕێوشوێنانە بەشی گەورەن
لە ڕۆشنبیری تەندروستی کۆمەڵگە، چونکە ئەگەر وا نەکرێت و ھەر چاوەڕێی حکومەت بین.
دوور نییە حکومەت نووستبێت و لەکاتی نووستندا ڤایرۆسی کۆرۆنا زیانمان پێ بگەیەنێت.
کاتێک خەبەرمان دێتەوە کار لەکار ترازاوە.