385وتار

تۆ ئه‌توانی وه‌ك "مایكل شو" بیت

6/8/2020 5:57:00 PM
لوقمان غه‌فوور

پرسیار ئه‌وه‌یه‌: كێ ئه‌توانێت وه‌ك (مایكل شو) به‌رێوه‌به‌ری باڵای پۆلیسی وێبستێر بێت؟ ئه‌مه‌ پرسیارێكه‌ هه‌موومان ناتوانین وه‌ڵامی بده‌ینه‌وه‌. بۆ خۆم ناتوانم وه‌ك (مایكل شۆ) بم. زۆر كه‌سی تریش هه‌ن له‌سه‌ر ئه‌م زه‌مینه‌ ناتوانن وه‌ك ئه‌و به‌رپرسه‌ یاساییه‌ بن.

هه‌ڵوێستی ئه‌م ئه‌فسه‌ره‌، ئه‌و پرسیاره‌ی له‌مێشكمدا دره‌ستكرد: چ به‌رپرسێكی كورد ئه‌وه‌نده‌ گیانی لێبورده‌یی تێدایه‌، به‌قه‌د (مایكل شۆ) لێبورده‌ بێت تا زیان به‌ شاره‌كه‌ی نه‌گات.

ئه‌فسه‌ری پۆلیس، مایكل شۆ، كه‌ به‌رێوه‌به‌ری پۆلیسی وێبستێر-ی ویلایه‌تی بنسلڤانیا-یه‌ له‌سه‌ر داوای خۆپیشانده‌ران كه‌وته‌ سه‌ر ده‌م و ده‌ستی برد بۆ دواوه‌ و هاوكاری كرد: "ناتوانم هه‌ناسه‌ بده‌م" كه‌ ئه‌مه‌ دواهه‌مین وته‌ی پیاوه‌ ره‌شه‌كه‌ی مه‌نیئاپلس-ی ویلایه‌تی مینیسۆتایه‌.

ساتێكی مێژوویی بوو له‌سه‌ر كه‌سێتی ئه‌م ئه‌فسه‌ره‌ ته‌مه‌ن 21 ساڵه‌ كه‌ دواتر هه‌موو خۆپیشانده‌ران به‌ چه‌پله‌رێزانه‌وه‌ سوپاسیان كرد.

خۆپیشانده‌ران تێگه‌یشتن، مایكل شۆ، ئه‌توانێت دڵی بكات به‌ هێلانه‌یه‌ك تا هه‌موو ره‌نگ و نه‌ته‌وه‌ و نه‌ژاده‌كانی تیا جێگه‌ بكاته‌وه‌.

14 رۆژ له‌مه‌وبه‌ر، جۆرج فلۆید هه‌شت ده‌قیقه‌ و 48 چركه‌ له‌ژێر ئه‌ژنۆی (دیریک شۆڤین) ئه‌فسه‌ری پۆلیسی مه‌نیئاپلس-دا بوو. ئه‌مڕۆ مایكل شۆ هه‌شت ده‌قیقه‌ و 48 چركه‌ له‌ژێر ئه‌ژنۆی هه‌موو شاری وێبستێر -دایه‌. ئه‌م ساته‌ منی برده‌وه‌ بۆ كوردستانی باشور كه‌ ده‌یان گه‌نجی كورد له‌ ساڵی 1993ه‌وه‌ له‌ خۆپیشانداندا شه‌هید ده‌بێت، كه‌چی سیاسییه‌ك ئاماده‌ نه‌بوو، بكه‌وێته‌ سه‌ر چۆك.

ساتێكی ناخۆشه‌، بۆ ئه‌فسه‌رێكی یاسایی له‌به‌رده‌می خۆپیشانده‌راندا كه‌له‌پچه‌ بێت، به‌ڵام هه‌روه‌ك خۆی وتی: "ئه‌گه‌ر شاره‌كه‌م به‌م كاره‌ی من له‌ قوربانبی و سووتان و تاڵانی رزگاری ئه‌بێت، زیاتریشی بۆ ئه‌كه‌م. ئه‌گه‌ر ئه‌مریكا به‌مه‌ له‌ پێكدادان رزگاری ئه‌بێت، زۆر زیاتری بۆ ئه‌كه‌م".

به‌ڵێ راسته‌، منیش ئه‌ڵێم بۆئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی نێوان پۆلیس و جه‌ماوه‌ر ئاشتكه‌نه‌وه‌، ئه‌بێت ئه‌وه‌ بكه‌ن كه‌ خۆپیشانده‌ران، ئه‌یه‌وێت.

له‌ ساته‌ هه‌ستیاره‌كاندا ئه‌بێت بچینه‌ دڵی جه‌ماوه‌ره‌وه‌ و له‌ده‌رگای دڵیان بده‌یت. مایكل شۆ شاره‌كه‌ی پاراست. نه‌یهێشت پێكدادان له‌ نێوان پۆلیسه‌كانی و خۆپیشانده‌راندا دروست ببێت. له‌ كاتێكدا پێنج ساڵ له‌مه‌وبه‌ر پۆلیسه‌كانی (شاری وێبستێر) كه‌وتنه‌ به‌ر ده‌ستڕێژی فیشەکی تاوانبارێكی ره‌شپێست و پۆلیسێكی كوشت و یه‌كێكیشی بریندار كرد.

پۆلیسه‌كانی ئه‌م شاره‌ ئه‌و رووداوه‌ی پێشویان له‌دڵنه‌گرتووه‌ و ئه‌مڕۆ به‌دڵی هه‌موان ئه‌جوڵێنه‌وه‌، تۆ بڵێی سبه‌ی ره‌شپێسته‌كانیش ئارامی بپارێزن و وه‌ك پێنج ساڵ له‌مه‌وبه‌ر دیسانه‌وه‌ هاورێكانی (مایكل شۆ) نه‌ده‌نه‌وه‌ به‌ر رێژنه‌ی فیشەک.



سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن