یه‌كێتی تا په‌له بكات، دره‌نگه
3/2/2019 9:50:00 PM
لوقمان غه‌فوور
هه‌فته‌یه‌ك زیاتره نەمویستووە له‌سه‌ر ئه‌و حكومه‌ته شكستخواردووەی كه بڕیارە ناوی بنێن كابینه‌ی نۆ، هیچ بڵێم و هیچ بنووسم، به‌ڵام هه‌ندێك نووسین و لێدوانی حزبیم بینی، وایلێكردم بڵێم، یه‌كێتی تا رۆژێ زوتر بچێته كابینه‌ی نۆ-ه‌وه دره‌نگتره.
ساڵی 2007 مام جه‌لال گۆڕی پڕ نور بێت، خوانێكی بۆ ژماره‌یه‌ك له كارمه‌ندانی مه‌كته‌بی راگه‌یاندنی یه‌كێتی رێكخستبوو، كه زۆربه‌یان سه‌رنووسه‌ر و جێگری سه‌رنووسه‌ر و ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی نووسه‌رانی رۆژنامه‌ی كوردستانی نوێ بوون، مام جه‌لال ئه‌و رۆژه زۆر به‌كه‌یف بوو، بۆیه هه‌ر له‌سه‌ر خوانه‌كه ده‌رگای گفتووگۆ كرایه‌وه، باس هاته سه‌ر باسی په‌یوه‌ندی نێوان یه‌كێتی و پارتی! له تێكڕای قسه‌كانی مام-دا بۆنی یه‌ك بابه‌تم لێ‌كرد ئه‌ویش ئه‌وه‌بوو، هه‌ر ئه‌وه‌نده مابوو بڵێت، ئه‌گه‌ر بیركردنه‌وه‌ی ئێستام بیركردنه‌وه‌ی 1996 بوایه هه‌رگیز نه‌مده‌گه‌یانده ئه‌وه‌ی 31 ئاب رووبدات و یه‌كێتی، هه‌ولێری ئاوا له‌ده‌ست ده‌رچێت.
ئه‌م قسه به‌ئازاره هه‌قیقه‌تێكی زۆر ورد و ژیرێتی تێدایه و مام ژیرانه بیری لێكردبۆوه، ئه‌وه‌تا یه‌كێتی تا ئه‌مساته له هه‌ولێر ناكه‌وێته‌وه سه‌ر پێی خۆی، جا لێگه‌ڕێ له‌و كه‌موكوڕییه‌كانی یه‌كێتی له‌ژیانی حزبایه‌تیدا كه هۆكارێكی دیكه نه‌ك بۆ هه‌ولێر به‌ڵكو بۆ سه‌ر كورتهێنانی ئه‌م حزبه‌یه له‌سلێمانی و ده‌وروبه‌ری، به‌ڵام وه‌رگه‌ڕانی دۆخی سیاسی له‌دوای 1996ه‌وه سێبه‌ری خراپییه‌كه‌ی رۆژ له‌دوای رۆژ له‌سه‌ر ژیانی سیاسی و ئابووری سلێمانی و گه‌رمیان زیاتر ده‌بێت.
وێنه‌ی چه‌ند هه‌فته‌ی رابردوو پێمان ده‌ڵێت، تا ئه‌مساته یه‌كێتی، كورتبینانه بیرده‌كاته‌وه، له‌وه‌ده‌چێت نه سه‌ركردایه‌تییه‌كه‌ی و نه‌كادره‌كانی دوو ساڵی رابردوویان له‌یاد نه‌مابێت كه حكومه‌تی هه‌رێم چۆن به‌رێوه‌چوو! ئه‌م وێنه‌یه وردترده‌كه‌مه‌وه، پاسیڤێتی یه‌كێتی له‌به‌شدارینه‌كردنی حكومه‌ت هیچ خه‌مێك نییه نه لای پارتی و نه لای حزبه‌كانی تر، به‌ڵكو ده‌شێت له‌ناكاو بێئه‌وه‌ی یه‌كێتی به‌خۆی بزانێت، حكومه‌ت پێكده‌هێنرێت و یه‌كێتی-یش ئاوتێكی كاتی ده‌كرێت. هۆكاری ئه‌و ئاوتكردنه ته‌نیا له‌ئه‌ستۆی پارتی و گۆڕان و حزبه‌كانی تر نییه، به‌ڵكو ئه‌وه ژیانی سیاسی كوردستانی باشور-ه به‌و شێوه هه‌ڕه‌مه‌كیی و بێزراوه ده‌ڕوات به‌ڕێوه.
ئه‌گه‌ر دیمه‌نه گشتییه‌كه وایلێهات و پارتی حكومه‌تی پێكهێنا و پۆسته وه‌زارییه‌كانی به‌به‌تاڵی بۆ یه‌كێتی جێهێشت، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌په‌رله‌مان بۆی جێهێڵراوه، چی ده‌بێت؟! جگه له‌زه‌ره‌رمه‌ندی یه‌كه‌م كه یه‌كێتی-یه، كه‌سی دیكه نییه. من گوێ له هاتوهاواری خه‌ڵكی حزبی ناگرم چۆن بیرده‌كه‌نه‌وه، به‌ڵام دڵنیام لای پارتی دیموكراتی كوردستان، به‌رێوه‌بردنی ئیداری له‌مدیو دێگه‌ڵه هیچ گرنگ نییه، ئه‌وه‌ی گرنگه ئه‌ودیو دێگه‌ڵه‌یه، ئه‌و كه حكومه‌تیش بۆ ئه‌ودیو دێگه‌ڵه داده‌مه‌زرێنێت ، ئه‌و حكومه‌تی بۆ هه‌ولێر و دهۆكه. كه‌واته دیمه‌نه گه‌وره‌كه ئه‌گه‌ر وایلێهات ئه‌وا پارتی وه‌ك دوو ساڵی داخستنی په‌رله‌مانی لێده‌كات، چۆن وه‌زاره‌ته‌كانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان-ی به‌وه‌كیل وه‌زیر پڕكرده‌وه، ئه‌وانه‌ی یه‌كێتی-ش به هه‌مان شێوه پڕده‌كاته‌وه، چونكه پارتی یه‌قینه له‌وه‌ی كه یه‌كێتی بۆ یه‌ك سه‌عات ناتوانێت ئیعلانی ئۆپۆزسیۆن بوون بكات، جا له‌و بڕوایه‌دام پارتی تا دواهه‌نگاو ئه‌ڕوات له‌گه‌ڵ یه‌كێتی، به‌ڵام سه‌رئه‌نجام كه تێگه‌یشت ئاسته‌نگی بۆ دروستده‌كرێت، ئه‌و كاره ده‌كات كه به‌رامبه‌ر گۆڕان كردی له‌رابردوودا.
بۆ ئه‌م دیمه‌نه گشتییه ئه‌گه‌رێكی شیاوه (possible)ه؟ چونكه هه‌موو هێزه‌كان ئه‌وه‌نده‌ی له خه‌می حزبه‌كانیاندان ئه‌وه‌نده له‌خه‌می گشتیدا نین، ئه‌م وێنه‌یه بچوكتر ده‌كه‌مه‌وه و ئه‌و رۆژه ده‌هێنمه‌وه به‌رچاوی ئێوه كه دوو ساڵ له‌مه‌وبه‌ر زیاتر، گۆڕان له‌مدیو دێگه‌ڵه‌وه ره‌وانه‌ی سلێمانی كرایه‌وه. ئه‌گه‌ر ئه‌و رۆژه یه‌كێتی و كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتوو مانگرتنی ته‌واوی ئیداریان له‌هه‌ولێر راگه‌یاندایه و پێداگریان له‌سه‌ر ئه‌وه بكردایه "یان كردنه‌وه‌ی ده‌رگای په‌رله‌مان یان كشانه‌وه‌ی ته‌واوی وه‌زیره‌كانیان له‌حكومه‌ت" ئه‌م بێمتمانه‌ییه‌ی ئێستا سه‌ریهه‌ڵنادا.
ئه‌گه‌ر له‌و رۆژه‌دا تێكڕا یه‌كێتی و كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتوو، وه‌زیره‌كانیان بكشانایه‌ته‌وه، حكومه‌ته‌كه‌ی نێچیرڤان بارزانی ته‌واو شكستی ده‌هێنا، شتێك نه‌ده‌ما به‌ناوی حكومه‌ت. به‌ڵام مادام ئه‌مه نه‌كرا و هه‌ركه‌س له‌خه‌می كاری حزبایه‌تی خۆیدا بوو، ئه‌وا هه‌مان دیمه‌ن بۆ ئێستاش راسته، ئه‌وه‌تا ئێستا په‌رله‌مان كاره‌كانی خۆی ده‌كات به‌بێ یه‌كێتی، باش ماوه‌یه‌كی دیكه كه حكومه‌ت-یش داده‌مه‌زرێت، ئه‌گه‌ر هه‌مان دۆخ به‌رده‌وام بێت، كاره‌كانی حكومه‌ت ئه‌ڕوات به‌رێوه به‌بێ ئه‌وه‌ی بایه‌تێك بمێنێته‌وه بۆ گفتوگۆ و دواجار زیانمه‌ندی یه‌كه‌م و كۆتایی یه‌كێتی-یه، په‌رله‌مان به‌بێ 20 ئه‌ندام و 30 ئه‌ندام كاره‌كانی خۆی به‌رێده‌كات و ئه‌توانێت ده‌نگ له‌سه‌ر كابینه‌كه‌ش بدات، ئه‌وكات دیمه‌نه‌كه جگه له‌وه‌ی ئاڵۆز ده‌بێت، ده‌شبێت به رۆتین و به‌رێكردنی كات، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌دوو ساڵی رابردوو روویدا.
سه‌رئه‌نجام، ده‌ڵێم ئه‌گه‌ر سه‌ركرده‌كانی یه‌كێتی خه‌می یه‌كێتی یان بێت، ئه‌بێت له سبه‌ی زووتر نییه مه‌له‌فی كه‌ركوك جیاكه‌نه‌وه له دروستكردنی كابینه‌ی حكومه‌ت و په‌له بكه‌ن له‌چوونه ناو حكومه‌ت، دیمه‌نه گشتییه‌یه‌ی دوای 31 ئاب و له‌ده‌ستچوونی جه‌ماوه‌ری هه‌ولێر بهێننه‌وه به‌رچاوی خۆیان. ئه‌گه‌ر بیریشیان زۆر بڕناكات، دیمه‌نی دوو ساڵی رابردووی حكومه‌ت بهێننه‌وه به‌رچاوی خۆیان.