421وتار

بۆچی سیاسییه‌كان ئه‌گه‌ری توشبوونیان به‌ كۆرۆنا زیاتره‌؟

3/16/2020 11:18:00 AM
لوقمان غه‌فوور



ده‌مێك بوو له‌گه‌ڵ مامۆستا جه‌ستن پێترسن دانه‌نیشتبووین، 14ی ئازار كاتێكمان رێكخست بۆ ئەوەی پێكه‌وه‌ قسه‌ له‌سه‌ر ڤایرۆسی كۆرۆنا بكه‌ین.

 پێترسن ماوه‌ی 10 ساڵ سه‌ربازی ئه‌مریكی بووه‌ و دواتر گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ زانكۆ و ساڵی پار یه‌كێك بوو له‌ مامۆستا باشه‌كانم، به‌ڵام ئه‌مساڵ هیچ وانه‌یه‌كم نییه‌ له‌گه‌ڵی.

یه‌كێك له‌و پرسیارانه‌ی كه‌ من لێم كرد وتم، به‌ رای تۆ ئه‌نجامی دوای ئه‌م قۆناغه‌ی نه‌خۆشی ڤایرۆسی كۆرۆنا (كۆڤید - 19) چی ده‌بێت؟ هه‌ندێك پرسیاری دیكه‌م كرد كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ یاسای نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌ هه‌بوو. ئه‌ویش پرسیارێكی مه‌عقولی لێكردم: "بۆچی زۆربه‌ی كه‌سه‌ ده‌ركه‌وتوو و سیاسییه‌كان و سه‌ركرده‌كان ئه‌گه‌ری تووشبوونیان به‌ كۆرۆنا هه‌یه‌؟" پرسیارێكی به‌جێبوو، بۆیه‌ گفتوگۆكه‌مان ئه‌مه‌ی لێ له‌دایكبوو،  له‌كۆی زیاتر له‌ 145 هه‌زار تووشبوو به‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا، پۆڵێنی یه‌كه‌م كه‌ ده‌ركه‌وتووه‌كانن ئه‌گه‌ری تووشبوونیان لێده‌كرێت، له‌نێو ئه‌وانیشدا سیاسییه‌كان.

سه‌ره‌تا من قسه‌یه‌كی پرۆفیسۆر فرانسۆ بالۆكس- مامۆستای بایۆلۆژیایی كۆمپیته‌یشنه‌ڵ له‌زانكۆی له‌نده‌نم بۆ هێنایه‌وه‌ كه‌ ده‌ڵێت: "ئه‌وه‌نده‌ی چاو له‌سه‌ر سیاسییه‌كانه‌ ئه‌وه‌نده‌ چاو له‌سه‌ر كه‌سی ئاسایی نییه‌، ده‌شێت رێكه‌وتێك بێت و زیاتریش دیاریكردنی نه‌خۆشییه‌كه‌ له‌سیاسییه‌كان بووبێته‌ مۆدێل". ره‌نگه‌ هۆكارێكی تر ئه‌وه‌ بێت ئه‌م ڤایرۆسه‌ له‌ هه‌وادا ئه‌گوازرێته‌وه‌ و به‌حوكمی ئه‌وه‌ی سیاسییه‌كانیش چالاكی سیاسییان له‌ده‌ره‌وه‌یه‌ و ده‌بێته‌ هۆی تووشبوونیان.

رۆژانه‌ په‌یوه‌ندی نێوان سیاسییه‌كان زیاتره‌ له‌ كه‌سی ئاسایی، هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ یه‌كێكیان تووشبوو، هه‌موو تووشی نه‌خۆشییه‌كه‌ ده‌بن.

من نموونه‌ی كه‌سێكی وه‌ك ئیراج حه‌ریری-م هێنایه‌وه‌ كه‌ خۆی سه‌رۆكی تیمی ئێرانی بوو بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی كۆرۆنا ڤایرۆس له‌ 25 شوبات دوای تووشبوونی به‌ سووكی، له‌ رێگه‌ی ئه‌وه‌وه‌ 20 ئه‌ندام په‌رله‌مانی ئێران تووشبوو كه‌ دوانیان مردن، هه‌موویان په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆیان له‌گه‌ڵ حه‌ریری هه‌بوو.

بۆ من و پێترسن-یش جێگه‌ی سه‌رسوڕمان بوو كه‌ سیاسییه‌كان به‌ رێژه‌یه‌كی به‌رز تووشی نه‌خۆشییه‌كه‌ بوون به‌تایبه‌تی له‌ ئه‌وروپا. ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ به‌شی زۆریان ئاماده‌نین له‌ پێناو كۆنتڕۆڵكردنی نه‌خۆشییه‌كه‌دا قوربانی به‌ ئابووری وڵاته‌كه‌یان بده‌ن و تا ئه‌م ساته‌ش ئاماده‌نین چالاكی سیاسی نێو وڵاته‌كه‌یان بوه‌ستێنن.

له‌كاتێكدا سیاسییه‌كان له‌ مه‌نگۆلیاوه‌ بۆ ئوسكوتله‌ندا خۆیان دابڕیوه‌ پاش ئه‌وه‌ی زانیویانه‌ تووشی كۆرۆنا ڤایرۆس بوون، به‌ڵام ئاماده‌نه‌بوون وڵاته‌كه‌یان دابڕن، له‌نێویشیاندا هه‌ندێك سیاسی هه‌ن وه‌ك سه‌رۆك دۆناڵد تره‌مپ-یش تا ئه‌م ساته‌ ئاماده‌نه‌بووه‌ خۆی دابڕێت له‌ كۆبوونه‌وه‌كانی، كه‌چی به‌ده‌یان ئه‌ندامی نوێنه‌ران خۆیان دابڕی له‌ كۆشكی سپی و ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران.

هه‌ر له‌ فرانك ریستر وه‌زیری رۆشنبیری فه‌ره‌نساوه‌ كه‌ به‌هۆی 5 ئه‌ندامی په‌رله‌مانی وڵاته‌كه‌وه‌ تووشبوو تا نادین دۆریز وه‌زیری ته‌ندروستی به‌ریتانیا كه‌ به‌شی زۆری رۆژانی له‌ناو نه‌خۆشخانه‌كاندا به‌سه‌ر برد و تووشبوو، له‌كاتێكدا راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی به‌ بۆریس جۆنسۆن سه‌رۆك وه‌زیرانه‌وه‌ هه‌بووه‌ رۆژانه‌، كه‌چی جۆنسن ئاماده‌نه‌بوو خۆی دابڕێت و خۆی بخاته‌ به‌ربه‌ستی ته‌ندروستی. كه‌چی نیكۆلا زینگاریتی سه‌رۆكی حزبی دیموكراتی ئیتاڵی بێئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ هیچ كه‌سێكه‌وه‌ هه‌بووبێت گرته‌یه‌كی ڤیدیۆی بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بووه‌، تا 14 رۆژ له‌ماڵه‌وه‌ ده‌بێت.

له‌هه‌مووی سه‌یر تره‌ هێزه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كانی وڵاتان له‌كاتی قه‌یرانی وه‌هادا له‌بری ده‌ستگیرۆیی وڵاته‌كه‌ بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتیان، ده‌كه‌ونه‌ تۆمه‌تباركردنی حكومه‌ته‌كانیان و بیانووهێنانه‌وه‌، خۆ ئه‌گه‌ر به‌رپرسی یه‌كه‌می حزبی ئۆپۆزیسۆن تووشی ڤایرۆسه‌كه‌ بوو دوور نییه‌ داوای داڕمانی حكومه‌ت بكات. بۆ نموونه‌ كاتێك خافێر ئۆرتیگا سمیس سه‌رۆكی پارتی راستڕه‌وی په‌ڕگیر-ی ئیسپانیا تووشی كۆرۆنا ڤایرۆس بوو، راسته‌وخۆ داوای داخستنی په‌رله‌مانی ئیسپانیا-ی كرد كه‌چی خۆی دانه‌بڕی و له‌ماڵه‌وه‌ دانیشێت.

پێتێر دیوتۆن سه‌ر‌ۆك وه‌زیرانی ئوسترالیا كاتێك تێستی بۆ كرا له‌لایه‌ن تیمی پزیشكی وڵاته‌كه‌یه‌وه‌، زانرا تووشی نه‌خۆشی هاتووه‌ له‌كاتێكدا چه‌ند رۆژێك پێشتر له‌ ئه‌مه‌ریكا چاوی به‌ ئیڤانكا تره‌مپ كه‌وتبوو، بۆیه‌ ئیڤانكا به‌په‌له‌ تێستی كرد و خۆی خسته‌ ناو ژوورێكی كۆشكی سپییه‌وه‌.

ره‌نگه‌ كۆتایی قسه‌ی من و مامۆستا پێترسن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بوو، ئایا تووشبوونی ئه‌م هه‌موو سیاسیی و كه‌سه‌ ناوداره‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ ڤایرۆسه‌كه‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی به‌هێزه‌ یان سیاسییه‌كان ناسره‌ون. یاخود هه‌ر هیچ نه‌بێت زیاتر میدیا فۆكه‌سی خستووه‌ته‌ سه‌ر سیاسییه‌كان؟

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ