489وتار

تره‌مپ ئه‌مرێت، واشنگتن دی سی نامرێت

1/22/2019 11:04:00 AM
لوقمان غه‌فوور

بۆئه‌وه‌ی جوڵانه‌وه‌ی رۆشنبیری و میدیایی، سیستمی سیاسی بهه‌ژێنێت، بۆئه‌وه‌ی چالاكییه‌كانی گروپه‌ مه‌ده‌نییه‌كان له‌دڵی سه‌رۆكی وڵات بده‌ن، ئه‌بێت پایته‌خت نه‌مرێت، كه‌پایته‌خت مرد ئه‌وه‌ هه‌موو ئه‌و جوڵانه‌ له‌كارده‌كه‌ون.


له‌ماوه‌ی ئه‌م چوار ساڵه‌ی كه‌ له‌ئه‌مریكا ژیاوم و تێبینیم كردووه‌ ژیانی رۆشنبیری و میدیایی و رێكخراوه‌یی له‌م وڵاته‌ له‌ئابووری نه‌سره‌وت تره‌، له‌ جوڵه‌یه‌كی سه‌یری مۆڵه‌قه‌دایه‌، جوڵه‌یه‌كه‌ چۆته‌ ناو هه‌موو كه‌له‌به‌ره‌كانی ژیانه‌وه‌، سه‌رۆك تره‌مپ-ی هێنده‌ نیگه‌ران كردووه‌، ته‌نانه‌ت وه‌ك مێرده‌زمه‌یه‌ك نیشتۆته‌ سه‌ر سه‌ری.


ناڕازی میدیایی به‌رامبه‌ر به‌ سیاسه‌ت و راسیستی له‌ئه‌مریكا گه‌یشتۆته‌ ترۆپك، به‌ڵام هه‌موو ئه‌مانه‌ له‌كوێن، له‌ناو دڵی وڵاته‌كه‌ن كه‌ واشنگتن دی سی-یه‌، خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌م دڵه‌ له‌لێدان بكه‌وێت به‌دڵنیایی باشور ئاگای له‌باكور نامێنێت، خۆرئاوا هه‌ر زوو ئه‌نوێت و ئاگای له‌ خۆرهه‌ڵات نامێنێت.


له‌ماوه‌ی دوو هه‌فته‌ی رابردوودا له‌به‌رده‌م كۆشكی سپی و واشنگتن-دا به‌قه‌د ده‌ ئه‌وه‌نده‌ی هه‌ر 49 ویلایه‌ته‌كه‌ی تری ئه‌مریكا جوڵه‌ی مه‌ده‌نی تێدا بووه‌، هه‌موو ئه‌م خۆنیشاندان و ده‌خستنانه‌ ده‌رخه‌ری ئه‌وه‌ن ئه‌بێت پایته‌خت وا بێت، هه‌موو ره‌نگه‌كان به‌یه‌كدابكێشن و ئارام ببنه‌وه‌، پۆلیس چاودێر بێت كه‌ توندوتیژی نه‌بێت، رێگه‌خۆشكرێت ده‌روونی هه‌موو تاكێك تێیدا ئارامبێته‌وه‌ نه‌ك ببێت به‌ به‌ندیخانه‌ بۆ بیروڕای جودا.


تاكه‌ نموونه‌یه‌ك ئه‌كه‌مه‌ سه‌ر مه‌شقی ئه‌م وتاره‌ له‌دوو رۆژی رابردوودا ژماره‌یه‌ك خوێندكاری قۆناغی ئاماده‌یی كه‌ڤینتن-ی كاسۆلیكی كوڕان، به‌ دروشمی (دووباره‌ ئه‌مریكا به‌مه‌زنی بنیاتئه‌نێینه‌وه‌" له‌به‌رده‌م كۆشكی سپی كۆده‌بنه‌وه‌، له‌به‌رامبه‌ردا كۆمه‌ڵێك گه‌نجی تری ئه‌فریكان- ئه‌مریكان دژی ئه‌م دروشمه‌ ئه‌وه‌ستنه‌وه‌، چه‌ند مه‌ترێك ئه‌ولاتر گروپێك له‌دیموكراته‌كان هاوار و گۆرانی ده‌ڵێن دژی راسیزم، له‌م نێوه‌نده‌دا گروپێكی به‌ره‌چه‌ڵه‌ك ئه‌مریكیی به‌ خۆیان و كۆمه‌ڵێك كه‌ره‌سته‌ی ته‌قلیدی هیندۆسوره‌كانه‌وه‌ و به‌ ته‌پلێكه‌وه‌ گۆرانییه‌كی هیندییه‌ سوره‌كان ئه‌ڵێنه‌وه‌ له‌نێوان شه‌ڕه‌ جنێوی گه‌نجه‌ سپی پێسته‌كان و ره‌شپێسته‌كان، كاتێك رۆژنامه‌ی واشنگتن پۆست له‌ "ناسان فلیپس" ئه‌و پیاوه‌ به‌ره‌چه‌ڵه‌ك ئه‌مریكییه‌یان پرسی بۆ له‌نێوان ئه‌و دوو به‌ره‌یه‌دا ده‌ستت كرد به‌ ته‌پڵ لێدان و گۆرانی وتن، بۆ ئه‌مه‌ت هه‌ڵبژارد؟، ئه‌و وتی، دۆخه‌ خراپ بوو خه‌ریك بوو پێكدادان روویده‌دا، هه‌ردوو خۆی به‌ خاوه‌نی ئه‌مریكا ده‌زانی به‌ڵام له‌بنه‌ڕه‌تدا من خاوه‌نیم!.


ره‌نگه‌ ئه‌م پیاوه‌ ئه‌و پۆلیسه‌ ئارامبه‌خشه‌ بێت كه‌ دنیای توندوتیژی نێوان دوو گروپی هێوركردبێته‌وه‌، نه‌ك وه‌ك ئه‌و پۆلیسه‌ جل ره‌شه‌ی یان ئه‌و كه‌تافی و چاكه‌ت و پانتۆڵ له‌به‌ره‌ی له‌ پایته‌ختی باشوری كوردستان به‌ ده‌مانچه‌یه‌كه‌وه‌ ئه‌كه‌وێته‌ سه‌رو گوێلاكی خۆپیشانده‌ر، له‌پایته‌ختێكدا كه‌ به‌ به‌ره‌واڵه‌ت شارێكه‌ وه‌ك واشنگتن دی سی به‌ڵام له‌ناخه‌وه‌ مردووه‌.


هه‌میشه‌ ئه‌وه‌م وتووه‌ كاتێك گۆڕانكاری به‌دیده‌كرێت، كه‌ پایته‌خت جوڵاو و ئاكتیڤ بێت، هیچ شوێنێك هێنده‌ی پایته‌خت گرنگ نییه‌ بۆ ژیانی رۆشنبیریی و میدیایی و چالاكی مه‌ده‌نی، له‌ئه‌مریكا هه‌ر چالاكییه‌كی مه‌ده‌نی روبدات یه‌كه‌م شوێن له‌به‌رده‌م شوێنی نیشته‌جێبوونی سه‌رۆكدا ده‌بێت، بۆئه‌وه‌ی سه‌رۆك ناڕه‌زاییه‌كه‌ ببینێت، سه‌رۆكه‌كان به‌دوای یه‌كدا ده‌ڕۆن و تێرمی سه‌رۆكایه‌تی خۆیان ته‌واو ده‌كه‌ن و كۆتاییان دێت، تره‌مپ-یش كۆتایی سه‌رۆكایه‌تی دێت و ده‌ڕوات چه‌ند ساڵێكی تر ئه‌ژی و دواتر ئه‌مرێت، به‌ڵام جوڵه‌و ئاكتیڤێتی واشنگتن دی سی به‌رده‌وامی ده‌بێت و نامرێت.


كۆتا دیدم ئه‌وه‌یه‌ ئه‌م نه‌وه‌یه‌ی ئه‌مڕۆ ده‌ڵێن ئه‌مریكا به‌مه‌زنی بنیاتده‌نێینه‌وه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ ئه‌م جه‌سووریی و گڕوتینه‌یان به‌م هاتوهاواره‌ دانه‌مركێننه‌وه‌، ده‌شێت سبه‌ی به‌سه‌ر هاوونیشتمانییه‌كه‌یدا تۆوی كینه‌ بڕێژێت، ئه‌گه‌ر رێگه‌یه‌ به‌و گه‌نجه‌ ئه‌فریكییانه‌ نه‌درێن به‌رامبه‌ر ئه‌م دروشمه‌ بوه‌ستنه‌وه‌ ئه‌وا سپی پێشته‌كان پێ درێژ ده‌كه‌ن و توۆی رایسزم ده‌چێنرێت و ده‌چێته‌ هه‌موو ماڵێكه‌وه‌، ئه‌گه‌ر "ناسان فلیپس" نه‌كه‌وێته‌ نێوه‌نگیری و نه‌بێته‌ فریشه‌ له‌نێوان دوو هێزی شه‌ڕخوازدا ئه‌وا پایته‌خت ده‌بێته‌ به‌ پایته‌ختی نائومێدی، جا بۆئه‌وه‌ی پایته‌خت نه‌بێت به‌ پایته‌ختی نائومێدی رێگه‌ بده‌ن با پایته‌خت زیندوو بێت له‌باشوری كوردستان، هه‌رچه‌نده‌ سیاسییه‌ كورده‌كانیش هه‌موو ئه‌مرن، به‌ڵام ئه‌وه‌تا پایته‌خت-یان پێش خۆیان مراندووه‌.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ