293وتار

ئێوەش مه‌له‌بكه‌ن له‌ مه‌له‌وانگه‌ی كۆشكی سه‌رۆكدا

8/31/2022 8:26:00 PM
لوقمان غه‌فوور

هێشتا رووداوی خۆپیشاندانه‌كانی سیریلانكا له‌ زهنی خه‌ڵكی ئه‌و وڵاته‌دا نه‌سڕدراوه‌ته‌وه‌ كه‌ چۆن له‌ 6ی ته‌مموز خۆپیشانده‌ران چوونه‌ ناو كۆشكی سه‌رۆكایه‌تی وڵاته‌كه‌ و له‌ناو مه‌له‌وانگه‌ی سه‌رۆكی وڵاتدا مه‌له‌یان كرد، ئه‌وه‌تا رۆژی 29ی ئاب لایه‌نگرانی سه‌در (موقته‌دا سه‌در -پیاوی ئاینی شیعه‌ مه‌زهه‌ب) له‌ناوچه‌ی سه‌وزی به‌ دیواری كۆنكرێت هه‌ڵچنراو، هه‌ڵده‌كوتنه‌ سه‌ر كۆشكی سه‌رۆك و له‌ناو مه‌له‌وانگه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراقدا مه‌له‌ده‌كه‌ن.

دووباره‌بوونه‌وه‌ی دیمه‌نی نێو رووداوه‌كان له‌لایه‌ن خۆپیشانده‌رانه‌وه‌ ده‌شێت له‌ رێگه‌ی سۆشیال میدیا-ه‌وه‌، به‌شێكی دووباره‌كردنه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك بێت بۆ سه‌ر ئاینده‌ی هه‌ر شوێن و وڵاتێك هاوشێوه‌ی عیراق و سیریلانكا-ن، دووریش نییه‌ نیه‌تێكی دیكه‌ی هاوشێوه‌ی به‌هاری عه‌ره‌بی (2010) بێت له‌ دنیای ئه‌و وڵاتانه‌ی كه‌ له‌رووی ئابوورییه‌وه‌ تێكشكاون یان خه‌ڵكه‌كه‌ی له‌ژێر چه‌پۆكی كۆمه‌ڵێك سیاسیدان و ئه‌ناڵێنن به‌ ده‌ستیانه‌وه‌ كه‌ نه‌ده‌توانن ده‌ستبه‌رداری ده‌سه‌ڵات بن، نه‌ ده‌شتوانن گۆڕان له‌ده‌سه‌ڵاتی سیاسییاندا بكه‌ن.

ساڵی 2020 له‌ زانكۆی مینیسۆتا وانه‌یه‌كمان هه‌بوو له‌ژێر ناوی شیكار و شرۆڤه‌كاری له‌ سیاسه‌تدا، مامۆستای وانه‌كه‌ كتێبێكی كردبوو به‌ پرۆگرامی وانه‌كه‌ به‌ ناونیشانی (كه‌یس و چه‌مكه‌كان له‌ سیاسه‌تی به‌راودكاریدا) له‌نوسینی سێ نووسه‌ری ئه‌مه‌ریكی بوو ئه‌وانیش (پاتریك ئۆ نێل، كارل فلێدس و دۆن شاری)، یه‌ك به‌شی ته‌واو باسی (به‌هاری عه‌ره‌بی و سه‌رهه‌ڵدانی و سیاسه‌تی ئه‌مه‌ریكا)ی به‌رامبه‌ر ئه‌و رووداوه‌ سیاسییه‌ ئه‌كرد، ئه‌وه‌ی منی تووشی سه‌رسوڕمان كرد له‌ په‌ره‌گرافێكدا كه‌ چه‌ند دۆكۆمێنتێكی سی ئای ئه‌ی هاوپێچ بوو، باسی له‌وه‌ ده‌كرد كه‌ به‌هاری عه‌ره‌بی رووداوێكی كتوپڕ و بێ به‌رنامه‌ دارێژراو بووه‌ و ئه‌مه‌ریكا هیچ پێشینه‌یه‌كی پێشوه‌ختی ده‌رباره‌ی نه‌زانیوه‌، بۆیه‌ نه‌شیتوانیوه‌ هیچ هه‌نگاوێك بنێت كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی سیاسه‌تی ئه‌مه‌ریكا بێت.

نووسه‌ره‌كان باس له‌وه‌ده‌كه‌ن كه‌ زۆرجار رووداوه‌ سیاسییه‌كان وێكچووی یه‌كده‌بن و دوورنییه‌ چه‌ند وڵات و شوێنێكیش بگرێته‌وه‌ كه‌ له‌رووی پراكتیكه‌وه‌ یه‌ك ئامانج و یه‌ك تێڕوانینیان هه‌یه‌، به‌ڵام له‌ شێواز و پراكتیزه‌كردنیدا كه‌مێك جیاوازبن و ته‌نانه‌ت گه‌یشتن به‌ ئامانجه‌كه‌ش جیاوازی ده‌بێت، بۆیه‌ سریلانكییه‌كان به‌هۆی داڕمانی ئابووری وڵاته‌كه‌یانه‌وه‌، سه‌رۆكیان ناچاركرد هه‌ڵبێت و له‌ مه‌له‌وانگه‌ی سه‌رۆكایه‌تیدا مه‌له‌بكه‌ن، له‌به‌رامبه‌ردا عیراقییه‌كان ئه‌گه‌رچی به‌ پشتوانانی سه‌در ناسێنراون، به‌ڵام له‌ نێوكۆدا دیدیان هه‌یه‌ ئه‌ویش تێڕوانینه‌ بۆ بردنی ماف و سه‌روه‌تیان له‌لایه‌ن نوخبه‌یه‌كی ده‌سه‌ڵاتداری عیراقه‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ وه‌ك زه‌ واشنتۆن پۆست له‌ راپۆرتێكدا ده‌ڵێت: سه‌در به‌ سیاسییه‌كانی عیراقی وت كه‌ ئێوه‌ ماڵتان له‌من تێكدا من ژیانتان لێ تێكده‌كه‌م، به‌ڵام شوێنكه‌وتووانی ئه‌وه‌نده‌ی بیر له‌ خۆشگوزه‌رانی ده‌كه‌نه‌وه‌ و بیر له‌ مافی خوراویان ده‌كه‌نه‌وه‌ ئه‌وه‌نده‌ بیر له‌ خواستی سیاسی موقته‌دا سه‌در ناكه‌نه‌وه‌.

جا هه‌ر ئه‌مه‌یه‌ وایكردووه‌، خۆپیشانده‌ران ده‌سته‌كانیان درێژده‌كه‌ن بۆ ناو ماڵی سه‌رۆك و سه‌رۆكایه‌تی و شوێنی ره‌فاهیه‌تی ژیانی سه‌رۆك ئه‌بێته‌ یه‌كه‌م ئامانجی خۆبه‌تاڵكردنه‌وه‌ ئه‌و گه‌نجه‌ی كه‌ ده‌شێت خه‌و به‌ مه‌له‌كردنه‌وه‌ ببینێت له‌ مه‌له‌وانگه‌یه‌كی مۆدێرندا.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ