حکومەت لە نێوان کۆرۆنا و متمانەبوندا
6/9/2020 9:37:00 AM
بەختیار شارەزووری و سەرکەوتی جیهاز
متمانە و دڵنیایی و باوەڕبون ئەو سێ پردەیە کە لە نێوان
دولایەن یان دو کەسدا پەیوەندی دروست دەکات ، ئەڵبەت بە درێژایی مێژو متمانەبون
بەشێک بوە لە کلتوری گەوەریی و خاوەن هەڵوێست ، ئەم چەمکە وای کردوە لە نێوان
تاکەکان و لە نێوان پەیوەندییەکاندا کە مرۆڤ تا بەخشینی خوێنی خۆی و مەرگی خۆی
ڕۆیوە ئەم پەیمانە بسەلمێنێ ، بەتایبەت لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتی متمانە ئەو
گرێبەستە ئەخلاقیەیە کە مرۆڤەکان لە ڕووی باوەڕەوە پابەند دەکات بەم گرێبەستەوە ،
لەسەر ئاستی شۆڕشەکان دەتوانین بڵێین چەمکی متمانە و دڵنیایی بون جوڵێنەری سەرەکی
متمانە بوە لە ڕێگەی شۆڕشەکانەوە ، کاتێکیش هەناوی شۆڕش و حکومداریەکان خاڵی
بویەوە لە متمانە ئەوا ئەو شۆڕشە یان حکومڕانی بەرە و کەوتن و داخوران ڕۆشتوە .
یا لێرەوە ئەگەر ئەم چەمکە بکەینە پێوەر بۆ ئەم
دۆخەی ئێستا لە باشوری کوردستاندا و بڵابونەوەی کۆرۆنا ئەوا دەبینین ئەم چەمکی
متمانە و دڵنییاییە لای تاکی ئەم هەرێمە غایبە ، ئەو گرێبەستەی نێوان هاوڵاتی کە
ڕەگی مێژووی هەیە لەگەڵ شۆڕشگێڕەکان تا ئاستی گاڵتە کردن و باوەڕ نەبونێکی گەورە
ڕۆشتوە ، ئەمەی ئێستا ڕودەدا کە خەڵک باوەڕی بەم دەستەڵاتە نەماوە تا بگاتە
مەرگی خۆشی ڕەگی مێژویی و دوور و درێژی هەیە ، بە تێپەڕبونی کات و کەڵەکەک بونی
دروشمەکان و بەتاڵ بونەوەی دروشمەکان لە ئاستی کرداریدا وای کردوە ئەم دەستەڵاتی
خۆماڵییە هیچ گرنگیەکی نەمێنێ و تەنها بە هێزی دەرەکی خۆی ڕاگرتبێ ، با بپرسین
چۆن..؟؟؟ کە شۆڕش دەست پێدەکان لە کوردستاندا دنیای ئێمەی دابەش کرد بۆ دو ڕەنگ
ڕەش و سپی ، واتا داگیرکار و خاون ماف ، دوژمن و دۆست ، پێشمەرگە و جاش ، کە شۆڕش
لەسەر ئەم بنەمایانە دروست بو هەڵگری کۆمەڵێک دروشم بون ، کە ئەم دروشمانە خەونی
بەبەهەشت و بون و بە خۆماڵی بونی لای تاک دروست کرد ، خەونی دەرکردنی داگیرکار و
نیشتمان پەروەری دروست کرد ، بەڵام بە تێپەڕبونی کات بە هۆی نەبونی ئەقڵی ئیداری
و حکومڕانی وردە وردە دروشمەکان وەک سەرابیان لێهات و لای هاوڵاتی و هیچ
متمانەیەکیان بەم دەستەڵاتە نەما بەجۆرێک گاڵتەیان بە دروشمەکانی شۆڕش دێت ، تا
ئەو ئاستەی زۆرێک لە شۆڕشگێڕەکانی شاخ پەشیمانن لەو هەمو ساڵەی خەباتی خۆیان ،
نەک هەر ئەمە تا ئاستی خێزانی شەهیدەکان ڕۆشتوە کە خوێنیان بەخشیوە .
با هەر زۆر بەسادەیی
ئاوڕێک لە مێژو بدەینەوە ، هەر لە میرنشینەکانەوە تا دەگاتە شۆڕشی نوێ سەرەڕای
قوربانی دان ، دوا جار شۆڕشەکان کە دەگەنە دەستەڵات وێنەیەکی تر بەرهەم دێنن کە
جیاواز لەو وێنەیەی کە دروشمی شۆڕشەکان و پێشنەکانیاندا بونی هەیە ، لە ٧٦ دا
شۆڕشێکی گەورە هەرەس دێنێ ، لە شۆڕشی نوێدا و لە کاتی حکومڕانیدا لە ١٩٩١ و تا
ئێستا دنیاک دروشمی ڕەنگا و ڕەنگیان بڵاو کردوەتەوە کە نەک هەر دروشمەکان بەڵکو
گوتاری سیاسی و دەوڵەتدارەکان دنیایەک بەڵینی درۆی تێدایە و بەردەوامیشن هیچ
گۆڕانکاریەک لە بەڵێن و دڵنیایی و متمانەدا ناکەن ، تا ئەو ئاستەی هاوڵاتی
ئاوات بە حکومداریە ڕەشەکەی جاران بخوازێ ، کە ئەمەش شۆڕ بوەتەوە بۆ ناو
پێشمەرگە و کارئەرکتەرەکانی سەر شانۆی شۆڕشی شاخ بە جۆرێک ئێستا پێشمەرگە
دێرینەکان سەیری ڕابردو وەک ئەو ستەیجی شانۆیە دەکەن وا هەست دەکەن شانۆیەکی
گاڵتەجاڕ بوە.
ئێستە کە کۆرۆنا هەیە و ترسناکیشە ئەگەر چی دامودەزگای حکومی
بەرپرسن لە ڕێنمایی و بەدوادا چون بۆ کێشە تەندروستیەکان ، بەڵام بە هۆی ئەم ڕەگە
مێژوییە بێ متمانەییەوە کە ئەم کارگەی حکومڕانیە بەرهەمی هێناوە و ئەو بۆشاییە
گەورەیەی لە نێوان هاوڵاتی و حکومەتدا دروست بوە خەڵک باوەڕیان پێنەکات تا ئاستی
مەرگی خۆشی بە کۆرۆنا ، واتا ناعەدالەتیەکیان دروست کردوە و خەڵک گیرفانی بەتاڵە
بۆ ڕێنمایی مەرگیش باوەڕ بەم دەستەڵاتە نەکات ، کاتێکیش دەبینێ دیاردەیەکی
تەندروستی بە سیاسی دەکرێ هێندەی تر مەرگی خۆی بەلاوە سانا دەبێت تا ئاستی ئەوەی
ئەوەی گوتاری لایەنی بەرپرس بڵێ کۆرۆنا دەتکوژێ و ڕۆژانە هاوڵاتی بکۆژێ لە بێ
متمانەیدا وەڵامی خەڵک بە حکومەت دەڵێن درۆ دەکەن ، ئەم بێ متمانەییە ڕۆشتوە تا
ئاستی مەرگ ، واتا ئەوەی ناومان پردی بەستنەوەی متمانە لە نێوان هاوڵاتی و
خەڵکدا ڕوخاوە . کۆرۆنا واقعێکە و هەیە ڕۆژانە دەیبینین ، بەڵام ئەوە حکومەتە متمانەی
نەماوە و وەک باوکێکی ئیفلیج دنیایەک پەیمانی فەرهادی بدات دەبینرێ ، بۆیە بۆ
ئەم جارە مەرگیش نابێتە دەلیلی کۆنکرێتی بۆ متمانەی خەڵک بە حکومەت ، تاکە
چارەسەریش گەڕانەوەیە بۆ چاکسازی و ڕیفۆڕمی گشتی و ئەوەی کاک نەوشیروان زوتر
دەرکی پێ کرد و دنیایەک پڕۆژەی بۆ دانا .