ئەگەری گۆڕانکاری خێرا و ڕێککەوتنی ئێران و چین بەرەو کوێ..؟
3/28/2021 9:37:00 PM
بەختیار شارەزووری و سەرکەوتی جیهاز
ڕێککەوتنی نێوان چین و ئەمریکا دوای پێنج ساڵ گفتوگۆ کردن لە ٢٥ /٣/٢٠٢١مانگدا زۆر گۆڕانکاری گەورە دروست دەکات ، بە شێوەیەک کە کاریگەری لە سەر جیهان و بەتایبەت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێدەهێڵێ ، ئەم ڕێککەوتنە درێژکراوەی هەمان پلانی چینە بۆ تەواوکردنی ڕێگەی ئاوریشمی بە سیاسەتێکی نەرمی ئابوری ، کە هێواش هێواش هەژمونی ئەمریکا دەخاتە مەترسیەوە و تا ئەو ئاستەی وردە وردە بلۆک بەندی لەسەرەتایدا دروست بوە ، بۆ ئەم مەبەستە ئیدارەی نوێی بایدن دەیەوێ هاوپەیمانەکانی چین و ڕوسیا کەم بکاتەوە بە هەمان قەیدی مێژویی ناتۆ کە بەرامبەر وارشۆ کردی ، بەڵام ئەم جارە لە زۆر وڵات ئەمریکیەکان لە قەیدکردنی چین لە ڕێگەی هاوپەیمانەکانیەوە فەشەل دێنێت ، هەردو کوریا بۆ ئەمریکا گرنگە ، بەڵام دەبینین کۆریای باکور دوای سەردانی ترەمپ ڕێککەوتنەکانیان بەرەو هەڵوەشانەوە دەچێت ، لە لایەکی ترەوە میانمار کە چین کار لەسەر پشتوانی کودەتای سەربازی دەکات دیسانەوە ئەمریکیەکان فەشەلیان هێنا لە پشتیوانی (سان ) ، لە هەموشیان گرنگ تر ئێرانە ، کە ئەگەر ئێران لە چین داببڕن ئەوا سەرەکی ترین ڕێگەی جێبەجێ کردنی (یەک پشتێن و یەک ڕێگا)ی چینی دەگرن ، بۆ ئەم مەبەستەش ئەمریکا ڕێککەوتنی نێوان عەرەب و ئیسرائیل بە گرنگ دەزانێ ، دوای پێنج ساڵ لە گفتوگۆ ٢٥ مانگ ئێران و چین لەسەر (هاوپەیمانی ستراتیژی ) ڕێککەوتن .
لە بەرامبەردا ئەگەر چی ئەمریکا توانی تا ئاستێک هەژمونی ئێرانی لە لوبنان و سوریا و عێراق و یەمەن کەم بکاتەوە بەڵام لەلایەکی ترەوە ئێران دەبێتەوە بەو پردەی کە چینی بەسەردا تێپەڕێ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لەوێشەوە بۆ ئەوروپا ، بۆ ئەم مەبەستەش بەرەیەکی بەهێزی وەک چین و ڕوسیا لەسەرەتای گەمەکەدان بۆ ئەوەی لە ئەمریکای ببەنەوە .
ئەم گەمەی ڕوسەکان و چینیەکان لەوێوە دەست پێدەکات لە دو وڵاتی بەهێزی وەک ئێران و تورکیا بەتەواوی لە ئەمریکا داببڕن و بیکەنە هاوپەیمانی خۆیان ، تورکیا لە هاوپەیمانی کۆنی ئەمریکایە ئێستا بە هۆی ناکۆکی لەگەڵ ناتۆدا تەواو نزیک بوەتەوە لە ڕوسیا کە لە ڕێککەوتنی ئەستانە ٢٠١٩ بەدیار کەوت و لە کڕینی سیستەمی بەرگری S-400 سەرەتاکانی دەرکەوت و لە ڕێککەوتنیان لە سوریا تا ئاستێک جێبەجێ کرا ، ئەم ململانێیانە لە پاکستانەوە تا وڵاتانی دەریای قەزوین دەبێتە سەرەتای ململانێیەکی قورس بەرامبەر ئەمریکا .
لە بەرامبەردا ئەمریکا دەیەوێت بە هێزی نەرم ڕوبەڕوی ئەم پلانانە بێتەوە هەر لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی لە بەرامبەر ئێراندا تا هاتنی پاپا بۆ نەجەف و کارکردن لەسەر حوسیەکان و یەمەن و لیبیا و وڵاتانی تر ، بۆ هەردو وڵات تورکیا و ئێران گەمارۆی ئابوری و شەڕی بەهای دراو کارتێکی تری بەهێزی ئەمریکیەکانە وە ئەمریکا دەیەوێت لە ڕێگەی پێداچونەوە بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی ئێران دور بخاتەوە لە بەرەی دژ و لە ڕێگەی کۆنگرەی ژینگە پارێزیەوە و مافەکانی مرۆڤەوە گوشار بۆ وڵاتانی هاوپەیمانی چین دروست بکات ، ئیدارەی بایدن بە هێزی نەرم دەیەوێ کار لەسەر ئامادەکاری بکات بۆ دوای ڕێککەوتنی ئێران و چین .
ئەگەر چی ئەم ڕێککەوتنەی ئێران و چین ( هاوپەیمانی ستراتیژی) ناوەرۆکەکەی بە تەواوی بڵاو نەکراوەتەوە بەڵام دیارە (کە چۆن دەبێت ) وەک سەرەتای ڕێگای ئاوریشمی ، بەڵام لەسەرەتادا مامەڵەی بیست ملیار دۆلار لە خۆ دەگرێ و کۆمەڵێک پڕۆژە جێبەجێ دەکرێ و چەند بنەکەیەکی سەربازی چینی دێنە ئێرانەوە ، کە بۆ ئەم ڕێککەوتنە عەلی لاریجانی سەرپەرشتی دەکات ، لە ناوخۆی ئێراندا دوو بەرە دروست بوە کە بەرەیەکیان پێیان وایە ئەمە داگیرکاری چینە بۆ ئێران و پێویستە ئێران لەگەڵ ئەمریکا ڕێک بکەوێت و بەرەیەکیان کە زیاتر لە ناوەندی دەستەڵاتدان تەواو لەگەڵ ئەم ڕێککەوتنەن .
لێرەوە دوای ٢٥ مانگ قۆناغێکی تر لە ململانێی نەرم و سارد دەکەوێتە نێوان چین و روس لەلایەک و ئەمریکا لەلایەک ، بەتایبەت کە چین دوای سەردانی وەزیری خاریجی چین بۆ سعودیە وتورکیا و دوای ئێرانیش بۆ ئیمارات و بەحرەین سەردانەکانی درێژ دەکاتەوە کە هەموی لە چوارچێوەی پلانی جێبەجێکردنی ڕێگای ئاوریشمیدایە .
لەم نێوەندەدا هەرێمی کوردستان وەک هەمو جارەکانی تر دابەش بوە بەسەر ئەم بلۆک بەندیەدا ، ئەو دویو دێگەڵە و ئەمدیو دێگەڵە ، کە دواجار دەبێت کورد خوێندنەوەی هەبێت و ماڵی کوردی یەکبخرێت بۆ ئەوەی بزانرێت کورد دەکەوێتە کوێی ئەم نەخشە تازەیەی ململانێوە و چی بکات و چۆن سیاسەت بکات لە ڕێگەی پەیوەندیەکانیانەوە ، چونکە لە هەردولا هەلێکی زێڕینی بۆ دروست بوە دەتوانێت سود لەهەردو جەمسەرەکە وەربگرێت ، بەرەی چینی نایەوێ لە دۆخی ئەمڕۆی عێراقی شپرزەدا (کە ئێستا عێراق بوە بەخەتی یەکلاکەرەوەی بەشێکی ئەم ململانێ یە) و نایەوێت هەرێم تێک بچێ و بەرەی ئەمریکیش بە پێگەی ستراتیژی خۆی دەزانی وەک جوگرافیا و جیوپۆلەتیکی شەڕ و ململانێکان .