1202وتار

سیناریۆی پشتی پەردە لە نێوان (٥) کیلۆمەتری و (٣٠) کیلۆمەتری ئەمریکا و تورکیادا

8/17/2019 7:56:00 PM
بەختیار شارەزووری و سەرکەوتی جیهاز

ئەگەر خەونی ئەردۆغان گەڕانەوە بێت بۆ هەوڵێکی مێژویی و بیەوێ بەهۆی بۆشایی دەرکەوتنی داعشەوە و بەهاری عەرەبیەوە خەونە مێژوییەکەی ئەتاتورک جێ بەجێ بکات ئەوا دەبێت پشتی پەردە بخوێنینەوە ، ئەردۆغان دەیەوێ لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا کورد نەتوانی هیچ جوڵەیەک بە ئاقاری پێگەی نیشتمانی بونی بگات و دەیەوێت کورد نەک هەر لە تورکیا بەڵکو لە هەر چوار پارچەکە کورد لە بۆتەی سیاسەتی خۆیدا بتوێنێتەوە (خەونی گەڕانەوە بۆ عوسمانی) ، ئەگەر بمانەوێ لە ڕێککەوتنی نێوان ئەمریکا و تورکیا تێبگەین کە هەدەسە دەیەوێت ناوچەی ئارام بە ڕێککەوتنی نێوان هەدەسە و تورکیا و ئەمریکا بێت و لە پێنج کیلۆمەتر زیاتر نەبێت و ئەمریکاش دەیەوێت لە پێنج بۆ چواردە کیلۆمەتر زیاتر نەبێت و تورک دەیەوێ لە سی بۆ چل کیلۆمەتر بێت ، ئەمانە تا ئێستا لە بازنەی ڕێککەوتنی دروستکردنی ناوچەی ئارام دەخولێتەوە ، بەڵام نهێنی پشتی ئەم ڕێککەوتنە ئەوە نیە کە لە میدیاکانەوە باس دەکرێت ، چونکە ئێمە دەزانین تورک خۆی ئەگەر چی گوشار بکات کە پێشتر بە درێژایی ٩٩ ساڵ کردویەتی هیچی پێناکرێت ، بەڵکو لە دەرەوەی ئەم ڕوداوانە دەستەڵاتەکان دەجوڵێن ، واتا ئەوەی تورک دەیڵێ مەرج نیە جێبەجێ بکرێت و ئەوەشی کورد دەیڵێ مەرج نیە جێبەجی بکرێت ، بەڵکو بەرژەوەندی وڵاتانی زل هێز و فرۆشتنی کارتەکانیان ڕۆڵ دەبنێت کە دەتوانین لەم چەند خاڵەدا ڕونی بکەینەوە :
1. ئەمریکا لە چەند سەرێکەوە پێویستی بە تورکیایە و لەچەند سەرێکەوە شەڕی دەکات ، بۆ نمونە پێویستی بە تورکیایە وەک کڕیار لە ڕوسیای دوربخاتەوە بەتایبەت دوای ساروخی بەرگری (S-400) و پێویستی بەتورکیا وەک ڕێگەی گواستنەوە و جیوپۆلەتیک و ئابوری و ئاوی شرین و بازرگانی و پێگەی جیوپۆلەتیکی سەربازی و جوگرافی لەگەڵ ئەمەشدا دژیەتی لەبەر ئەوەی ڕێککەوتنی هەیە لەگەڵ چین بۆ ڕێگەی ئاوریشمی و یەکێکە لە کڕیارەکانی چەکی ڕوسی و پاڵپشتی داعشی کردوە و بنکەی ئەرجەلیک نەیهێشت بەکار بێنێ و لە ناتۆ پابەند نیە بە بنەماکانی ڕێککەوتنەکانەوە و کێشەی قەشە ئەمریکییەکە ، هەمو ئەمانە وا دەکان ڕێککەوتن لە نێوان تورکیا و ئەمریکا کارت بێت بەرامبەر یەکتر و دەیانەوێ لە خاڵێکدا بگەنە ڕێککەوتن .


2. تورکیا لە دیدگای بەرژەوەندی دوسەرەوە پەیوەندیە هەنوکەیی و مێژوییەکانەوە دەڕوانێتە ئەم ناوچە ئارامە ، بە پێچەوانەوە ئەمریکا کەیسی سەرەکی لەم ڕێککەوتنانەدا مەلەفی سوریا و حەلەب و موسڵ و کەرکوکە و دوا جار ئەمریکا ئامادە نابێت بچێتە ژێر باری داخوازیەکانی تورکیاوە ، چونکە تورکیا خاڵی سەرپێچی زیاترە لە خاڵی هاوئاراستەیی لەگەڵ ئەمریکادا و تا ئێستا لەژێر قەیدی ئەمریکادایە ، بۆیە ئێمە وای دەبینین دوا جار تورکیا ڕازی دەبێت بە مەرجەکانی ئەمریکا ، چونکە ڕوسیاش پشتیوانی ئەمریکا دەکات لەبەرامبەر کارتی سوریا ، واتا کارتی سوری ڕوسی لەبەرامبەر کارتی ئێرانی عێراقی بۆ ئەمریکا .


3. ڕوسیا و ئەمریکا هاو ئاراستەن لە دروستکردنی سوریایەکی یەکگرتوی فیدڕاڵدا و کوردیش ڕازیە بەم مەرجە ، بۆیە ئەمریکا کارێ ناکات حکومەتی ناوندی سوری پێ ی ڕازی نەبێت .


4. دوا جار ئەمریکا بە شێوەیەکی کاڵ تر تورکیا بە خەتەر دەزانی وەک ئێران ، بەوەی دژایەتی کردنی بۆ بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا لە هەڵکشان و داکشاندایە و جێگر نیە بەتایبەت دوای گەمارۆی زیرەکی ئەمریکا بۆ سەر ئێران .


5. کورد لەم نێوەندەدا دەکەوێتە سەر هێڵی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا ، باشترین کارتی بەهێزی دەستی ئەمریکایە و هیچ بەرژەوەندیەک گەورەتر نیە لەوەی کورد بەتەواوەتی بدات بە کارتێک ، تەنها لە خراپترین حاڵەتدا بەشێکی دەدات وەک عەفرین .


6. ئەمریکا دەیەوێت عێراقێکی بەهێزی ناوەندی سەر بەخۆی و سعودیە بونیات بنێ بۆیە کەیسی کەرکوک و موسڵ وەک خەتی سور وا دەبێت بۆ تورکیا .


دوا جار ناوچەی ئارام دروست دەکرێت و تورکیا ڕازی دەبێت بەوەی ئەمریکا و ڕوسیا لە بەرژەوەندیاندایە بەتایبەت لە ڕێککەوتنی ئەستانە ، ڕوس وتی بەدوای بەرژەوەندیاندا دەگەڕین لە سوریا ، هەرچی ئەمریکایە دەیەوێت تورکیا بە ڕەزامەندی خۆی ڕازی بکات  ، بۆ تورکیا دیسان هەمان مێژو دوبارە دەبێتەوە کە خەونی ٩٩ ساڵەی پێش ئێستای ئەتاتورک بوە ، ناتوانی خەونەکەی بهێنێتە دی ، لەهەر چوار ناوچە ئارامەکە ، دەکرێت چەند خواستێکی بێتە دی بەڵام بە گشتی ناتوانێ .

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن