615وتار

ڕێککەوتنی دەباشان لە مام جەلالەوە بۆ لاهوری شێخ جەنگی و عیبرەت لە جێ بە جێ کردنیدا.

5/27/2021 12:32:00 PM
بەختیار شارەزووری و سەرکەوتی جیهاز

بە گشتی هەر ڕێککەوتنێک لە ئێستادا لە هەرێم بکرێت لەسەر ئاستی هەر گروپ و ڕێکخراو و حیزبێک بێت لایەنی ئەرێنی دەبێت بەوەی کە بتوانێت کەمێک گرژیەکانی ناو یەکە و پێکهاتە کۆمەڵایەتیەکان کەم بکاتەوە و بەرەو دۆخێکی هێمنی بەرێت ، لە ئێستادا کە قەوارەی هەرێم لە مەترسیدایە و ئەمەش لە سەر ئاستی دەرەکی نەشاردراوەتەوە و پێمان وتراوە بە تایبەت نوێنەری نەتەوە یەکگرتوەکان ، کە دەبێت لە سەر ئاستی تاک تا دەگاتە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی حیزبەکان ڕێککەوتنەکان بکەنە ئەجێندای کاری یەکەمیان ، لەم ڕوانگەیەوە ڕێککەوتنی دەباشانی نێوان یەکێتی و گۆڕان یەکێکە لەو هەوڵانەی کە دەکرێت بە نۆژەنەکردنەوەی بتوانرێت ببێتە پاکێجێک بۆ سەر ئاستی گشتی ڕێکخراو و حیزبەکان .

گۆڕان لە هەمو حیزبەکان زیاتر ڕێککەوتنی هەیە ، هیچ حیزبێک نەماوە ڕێککەوتن یان داوای ڕێککەوتنی نەکردبێت ، لە گشتدا ئەم هەڵوێستەی گۆڕان هەست کردنە بە دۆخی مەترسیدار و پێوستی ئاشتی کۆمەڵایەتی قوڵ ، لەم نێوەندەدا ڕێککەوتنی دەباشان کە لە نێوان دو سەرکردەدا بو ، بە هۆی هەندێ ناکۆکی نەگەیشتە ئەنجامی تەواو ، لە ئێستادا ڕێککەوتنێک هەیە لە نێوان گۆڕان و یەکێتی کە دەتوانرێت بە یەکێ لە ڕێککەوتنە گرنگەکان ناو بنرێت وەک چۆن ڕێککەوتنی دەباشان ئەگەر چی تا ئاستی پێوستی خۆی کاری نەکرد بەڵام توانی گرژەیەکان وەلاوە بنێ و لە زۆنی سەوزدا ئاشتی بەرقەرار بێت .

گۆڕان لە ئێستادا ڕێککەوتنی لەگەڵ پارتی و یەکێتی هەیە و ئەوەشی ڕودەدا لە نێوان پارتی یەکێتی هیچ نیە جگە لە بانگەشی هەڵبژاردن وە ئەگەر ڕێککەوتنی نێوان گۆڕان و یەکێتی بخەینە سەر نەخشەی ڕێککەوتنی ستراتیژی ئەوە ئەو ڕاستیە تێ دەگەین کە ئەنقەرە و تاران حکومی هەردو زۆنەکە دەکەن و ئەوەشی کە ئێستا حکومەت و ودام و دەزگا دەوڵەتیەکانی هەرێمی تێدا نغرۆ بوە تا ئاستێک پەیوەندی بە نەبونی ئیرادەیەکی ناوخۆوە هەیە کە بتوانێت لە پاشکۆیەتی دەربازی ببێت ، کە دوبارە ئەمانە ئەرکی بزوتنەوەی گۆڕانە کە بتوانێت بە وردی دەستکاری ئەم نەخشەی دەستەڵات و دابەشککاریە بکات ، ئەمەش دەکەوێتە سەر ڕێککەوتنەکانی و پاراستنی باڵانسی هێزی خۆی لەسەر ئاستی هەردو زۆنەکە ، کە لە ئێستادا ڕیککەوتنی هەیە لەگەڵ پارتی و یەکێتی ئەمەش یەکێکە لە خاڵە باشەکان لە کاتی ئەم مەترسیانەدا .

ئەو ڕاستیەش زانراوە کە هەردو زۆنەکە بە پێ ی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی نێوان ئەنقەرە و تاران دەچێت بەڕێوە ، وەک چۆن لەسەر ئاستی گەورەتر عێراق بۆ ئێرانە بە ڕەچاو کردنی بەرژەوەندییەکانی تورکیا ، وە سوریا بۆ تورکیایە و دەبینین لە لیبیا تورکیا هەیە ئێران دەخالەت ناکات وەک چۆن لە یەمەن ئێران هەیە و تورکیا دەخالەت ناکات ، ئەمە تا دەگاتە هەرێمی کەرەباخ هەر وایە ، لێرەش دو زۆنەکە لەسەر هەمان نەخشەی دابەشکاریە ، بە لەبەرچاوگرتنی حکومی واقعی سیاسی و سەربازی و ئابوری ئەم هەرێمە دەبێت ئەوە لەبەرچاو بگرین کە باڵانسی نێوان ئەم زۆنە لە ناوخۆدا نیە لە ئەنقەرە و تارانە ، هاتنی زەریفی بە گڵۆپی سەوزی تورکیەوە لە بەردەم هەڵبژاردنەکاندا زۆر بڕیاری ناچاری سەپاند .

سەرەڕای هەمو ئەمانە گۆڕان دەیەوێ ئاشتی سیاسی و کۆمەڵایەتی وەک ئەرکی سەرەکی خۆی ببینێ و کاری بۆ دەکات ، ئەوەی گرنگە بە کردار بونی ڕێککەوتنەکانە ، لە دەباشان ڕێککەوتنێک بۆ باڵانسی هێز و ئەم ئاشتیە گشیە بەسترا و واژۆ کرا ، ئەوەی نەیتوانی دەرس لە عیبرەتیەکەی کاک نەوشیروان وەر بگرێ ئەوانە بون کە نەیان هێشت لە نوسینەوە ببێت بە کردار .

ئەگەر لە کاتی بونی مام جەلالدا نەوتوانرا بێت ڕێککەوتنەکە جێ بەجێ بکرێت و لە کاتی بونی کاک نەوشیرواندا کێشە بۆ ڕێککەوتنەکە دروست بوبوبێ ، ئەوا لە ئێستادا کە واقعێکی تر و دنیایەکی تر هەیە دەکرێت لاهور لەسەر هەمان ڕەگی دەباشان ئەم ڕێککەتنە بگەیەنێتە ئەنجام و لە زۆنی سەوزدا بەرەو باشتر و قوڵتر بڕۆن ، کە کاتی دەڵێین لاهور بۆیە فۆکس بۆ سەر لاهورە چونکە ئەوە لایەنی گۆڕان نیە کە عیبرەتی وەرنەگرتبێت بە هەمو ڕێککەوتنەکانی گۆڕان و هەمو لایەنەکانی تریشەوە ئەوە لایەنی بەرامبەر بوە ڕێککەوتنەکەی جێ بەجێ نەکردوە کە دەبێت بۆ ئەم ڕیککەوتنە بە لاهور بڵێین ( عیبرەت لە جێبەجی کردندایە ) و ئەرکی تۆیە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن