243وتار

ئۆپراسیۆنەکانی تورکیا و گێمێکی تری سیناریۆی هەرێمایەتی

7/9/2024 8:55:00 PM
بەختیار شارەزووری و سەرکەوتی جیهاز

پێش ئەوەی ڕاستەوخۆ باسی هاتنی سوپای تورکیا بکەین و بچینە ناو داتای سەربازییەوە تا بزانین چەند سەرباز و چەند درۆن و چەند زرێپۆش سنوریان بڕیوە ، دەبێت بچینە پشتی ڕوداوەکانەوە بزانین هۆکارە سیاسی و سەربازی و ئابوری و جوگرافییەکانی چین و بۆچی یە ..؟
ئەگەر جیهان لەبەردەم گەڕێکی تری جەمسەربەندیدا بێت ، هێزی وڵاتان بە جۆرێ لە جۆرەکان بەرەو دابەش بون بچن بەسەر دوو هێزی باڵادا ، ئەوا شوێنێک ، ڕوداوێک ، قوشبنێک نادۆزینەوە لە دەرەوەی کاریگەری ئەم دابەش بونەدا بێت ، وڵاتان بۆ ئەم دابەشکاریە کار دەکەن تا ژمارە بن لە ناو بازنەی دابەشکاریەکەدا و نەکەونە دەرەوەی ئەم بازنەیە ، تورکیا هەم وەک جیوپۆلەتیک هەم وەک هێز و مێژوو دەوڵەت بە هەمو پێشێلکارییەکانیەوە ڕۆڵێکی گرنگی هەیە ، هەر ئەم ڕۆڵەش وای کردوە چەندین ساڵە دەوڵەتێکی فاشیستی ڕەگەزپەرستی فراوانخواز بتوانێ زۆرترین پێشێلکاری بکات و دەوڵەتەکانی دنیا چاوپۆشی لێبکەن ، لەم چوارچێوەیەدا ئۆپراسیۆنەکانی تورک نە تازەیە و نە ڕوداوێکی خێرایە بەڵکو مێژوی تورک لە دەوڵەتی عوسمانیەوە تا ئێستا پڕە لەم سەرکێشیە نایاساییانە و بگرە لە ناوخۆی تورکیاشدا هەمان پێشێل کردن و سەرکێشی هەیە و دنیاش جگە لەسەر شاشە درۆزنەکان نەک هیچ هەڵوێستێکیان نیە بگرە لەبەر بەرژەوەندی گرێدراویان بە تورکیاوە لە دۆخێکی تەواو بێدەنگی و بێویژدانیدایە ، دواجار تورکیا کاتێک ئۆپراسیۆن بۆ ناو هەرێمی کوردستان دەکات نە تازەیە و نە جێی سەرسوڕمانە بگرە کاری خۆیەتی ناوبەناو بە هەرچواردەوەری خۆیدا ئەم داگیرکاریە ئەنجام دەدا و بگرە بە سەدان میل دور لە سنوری خۆی فراوانخوازی دەکات هەر لە هەرێمی قەرەباغەوە تا دەگاتە لیبیا ، ئەو وڵاتانەی کە دەتوانن ڕوبەڕوی ئەم داگیرکارییە ببنەوە تەنها سەیرکەرێکی درۆزنن و هیچی تر ، بینیمان لە داگیرکاری عەفریندا بە دۆستەکانی کوردەوە ( لە سیاسەتدا دۆست نیە بەرژەوەندی هەیە ) هیچ هەڵوێستێکیان نەبو ، تورک بە بیانوی پاراستنی سنوری ( ئاسمانی و ئاوی و وشکانی) ەوە بەردەوام ئەم ئۆپراسیۆنانە لە ژێرناوی جیاواز جیاوازدا ئەنجام دەدا ، بگرە لەوەش خراپتر دەکات کە گروپی ئیسلامی تیرۆریزمی جیهانی دروست دەکات و هەڕەشەش بوە بۆ سەر جیهان و کەسیش بە کوردییەکەی خۆمان پێیان نەوتوە بەری چاوت کلی پێوەیە ، جگە لە کۆمەڵێک سزا و فشەی بەیاننامە ، تورکیا بۆ پاراستنی یەکێتی ناوەکی خۆی پێویستی بە دوژمنێکی دەرەکی هەیە تا وێنەی شەیتانی بداتێ لەبەرامبەردا خۆی بە ڕەحمان و قوربانی پیشان بدات ، تورکیا لەهەمو لایەنێک زیاتر پێویستی بە پ.ک.ک هەیە تا بیکاتە ئەو دوژمنەی خۆی ، لە کاتێکدا کورد نەتەوەیەکی ڕەسەنی مێژویی ئەم ناوچەیەیە و تورک خێڵێکی داگیرکار بوە و کورد مافی خۆیەتی بەرگری لە خۆی بکات لە ڕێگەی شۆڕشەوە ، وڵاتانی زلهێزی جیهانی و ناوچەیی دانەنیشتون تەنها سەیرکەر بن بە تایبەت ئێران ، ئێران و تورکیا دوو وڵاتن خاوەنی کاریگەرترین هەژمونن بەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە هەم ململانێیان هەیە و هەم بەرژەوەندی هاوبەش ، بۆیە بێ ( کارت بە کارت ) و گڵوپی سەوزی ئێرانی نە ئەوەی عەفرینی کردوە نە ئەم ئۆپەراسیۆنەش دەکات  ،  ئەم هێرشە بێ گڵۆپی سەوزی عێراقیش نەبوە ، ئەوە ڕونە کە گڵۆپی سەوز لە تارانەوە بۆ هەر جوڵەیەک دابگیرسێ ئۆتۆماتیکی دوای ئەو گڵۆپی سەوزی بەغدادیش هەڵدەبێ .
کورد لە باشور نە یەکگرتوە نە ژمارەیە لە هاوکێشەکاندا نە دەتوانێ بەر بەم داگیرکاریە بگرێ تاکە کارتێک بەدەست کوردەوە ناوەند و عێراقە ئەویش دەبێت لە تارانەوە کاری لەسەر بکرێ یان لە بەغداد گوشار دروست بکرێ ، کە نەکرا و ناشکرێ ، دواجار بەرژەوەندی نێوان بەغداد و ئەنقەرە لە ڕوی سیاسی و سەربازی و ئابوری و بە تایبەت ئاو زۆر گەورەترە لە بەرژەوەندی بەغداد بە هەرێمی کوردستانەوە  ، ئیتر چەند گوندێک خاپور دەکرێ یان چەند سەربازێکی تورک دەکوژرێ یان چەند گەریلایەک شەهید دەبن لە ناو ئەو ڕێککەوتن و سیاریۆیانەدا هیچ ناکات و بۆیان گرنگ نیە .
دواجار ئەوە کوردە دوبارە دەبێت بە چەک بەدەست سیناریۆ سەربازییەکانەوە و گێمێکی تری سیناریۆیی هەرێمایەتی و دەبێتە کارت بۆ فرۆشتن لەسەر مێزی دانوستانەکان.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن