164وتار

لە بەیانی یانزەی ئازارەوە بۆ بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی

3/11/2024 12:25:00 PM
بەختیار شارەزووری و سەرکەوتی جیهاز


 

کورد وەک گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەت و بێ کیانێکی سیاسی لە مێژەوە تا ئێستا نەیتوانیوە هەم یاریچیەکی ناو ساحەی بەریەککەوتن و جەنگەکان و ململانێکان بێت و هەم کەوتوەتە بەردەم غەدری وڵاتە زلهێزەکان و نەیتوانیوە قۆناغەکانی مێژوو وەک خۆی ببڕێت ، بە مانایەکی تر لەسەردەمی خێڵی گەورە و تیرەکاندا نەیتوانیوە پێکهاتەی خێڵی هەبێت بەرامبەر بە خێڵەکانی تر بوەستێتەوە ، پاشان لە قۆناغی ئیمپراتۆرەکاندا دیسانەوە نەیتوانیوە ببێت بە ئیمپراتۆرێک یان بەشێکی کاریگەر لە ئیمپراتۆرە گەورەکان،لە قۆناغی ڕزگاری نەتەوەکان و ناسیونالیزمدا نەیتوانیوە بە یەک پاکێج ئامادەی قۆناغی ڕزگاری نەتەوەکان بێت و ببێتە یاریچی یەکی باشی ئەم قۆناغە و بونی خۆی لەناو هاوکێشەی بەریەککەوتن و ململانێکان و هاوپەیمانیە ئابوری و سەربازی و ئایدۆلۆژیاکاندا بسەلمێنێ ، ئەم نەتوانینە هۆکاری زۆرە کە دەکرێ بە هۆکاری سەرەکی و هۆکاری لاوەکی پۆلێن بکرێت ، یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکان یەکێتی ناو ماڵی کورد بوە ، کە ئەمە بابەتێکە دەکرێت خوێندنەوەیەکی زانستی بۆ بکرێت ، کورد بەم هۆکارانە دابەش بوە بەسەر چوار پارچەی سەرەکیدا هەر یەکەیان لە ژێر ڕەحمی وڵاتێکی دژەکوردایە ، کە ئەگەر فارس و تورک و عەرەب لە سەر زۆر دۆسیە ناکۆک بوبێتن تا ڕادەی جەنگیش ، ئەوا کە هاتوەتە سەر دۆسیەی کورد هاوبەرژەوەندی بون نەیان هێشتوە کورد هیچ پێگەیەکی هەبوبێ ، خۆ ئەگەر ئەمە بە پیلانی نەعلەتی سایکس بیکۆ یان سیڤەر و لۆزان بزانین ئەوا بۆ خۆی دووبەرەکی ناو ماڵی کورد هۆکارە سەرەکییەکە بوە ، لێرەوە کاتێک کورد بۆشاییەکی سیاسی و مێژووی بۆ دروست بوە شانسی دەرکەوتنی هەبوە هەر لە میرنشینەکانەوە تا ئێستا بەڵام لەبەر دابەشبونی کورد بەسەر جەمسەرەکانی هێزدا نەیتوانیوە ئەو ڕۆڵە بگێڕێ کە قۆناغەکە بۆ کورد پێویستی پێی هەبوە .

لە باشوری کوردستاندا لە چاو پارچەکانی تردا کورد بۆشایی و هەلی مێژووی زێڕینی بۆ هەڵکەوتوە دیسانەوە وەک دەڵێن کورد مەحکومە بە دوبارەبونەوەی مێژوو هەمان هەڵەی ستراتیژی گەورەی کردوە ، بە شێوەیەک ، تاک سەرکردە نەبوە ، کورد بە یەک پاکێج داخڵی یاریەکان نەبوە بەڵکو بوە بە دوو یان سێ پارجە و دژی یەک بونەتە کارتی دەستی دوژمنەکانی خۆی ، لێرەوە ئەگەر سەیری ئەمڕۆی بڕیارەکانی دادگای فیدڕالی بکەین و سەیری دەستکەوتەکانی ئێستای کوردی باشور بکەین بەراوردکاریەکی زانستی بکەین ئەوا کورد نەیتوانیوە دەستکەوتەکانی یانزەی ئازاری ساڵی ١٩٧٠ تێپەڕێنێ لەوەش خراپتر وەک خاک هەمان ئۆتۆنۆمی کارتۆنیە کە حکومەتی بەعس دروستی کردبو، بگرە کەزۆر کەمتریش ، ئێستای داگای فیدڕاڵی ئەگەر چی لە ژێر حکومی تاراندایە بەڵام دواجار ناوەندچێتی تۆختر دەبێتەوە کە دەکاتە ئەوەی بڵێین ئایا لەم ناوەندچێتیەدا کە دەکاتە دەستوری عێراقی پێگەی کورد وەک نەتەوەیەکی سەرەکی عێراقی چی ماف و ڕۆڵێکی دەبێت ، بە مانایەکی تر ئەوەی پێێ دەوترا ئابوری سەربەخۆ یان دەوڵەتی کوردی لە دوای قۆناغی ڕیفراندۆمەکەوە کۆ دەنگی و کۆ یەکناگیری دەوڵەتە زلهێزەکانی ناوچەیی دژە کورد هەیە بۆ ئەوەی هەرێم تەواو لاواز بکرێت تا ئاستی ئۆتۆنۆمی بە کارتۆنیش فیدڕاڵی و هەر چوار دەستەڵاتە گەورەکەی هەرێمیش هەمان کۆپی مەجلیسی تەنفیزی و مەجلیسی تەشریعی حکومەتی عێراقی بێت .

خۆ ئەگەر لە ١١ی ئازاردا کورد توانیبێتی تا ئاستێک بگات بە مافە سەرەتاییەکانی ئەوا بە بەراورد بە ئێستا کە کورد لە ڕوی خاک و پێگەی ناوەند و ئابوری هەتا سیاسی و دبلۆماسیشەوە زۆر گەڕواوەتەوە دواوە ، دادگای فیدڕاڵی ڕۆڵی پاشەکشەی کورد دەگێڕێت بۆ ناو چوارگۆشەی یەکەم کە لەسەر ئاستی ناوخۆی کوردستانی باشور جۆرێک لە پێشوازی هەیە بۆ بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی کە هۆکارەکەی بەرهەمەکانی دەستەڵاتی کوردیە کە زیاتر خێڵەکین و نەیان توانیوە دامەزراوەییان هەبێت و سیستەم هەبێت تا تاکی کورد هەست بکات لە سایەی ئەم دەستەڵاتە خاوەنی ماف و ئەرکی خۆیەتی .

خۆ ئەگەر لە ١١ی ئازاردا وەفدی کوردی ئەوەی کە دڵسۆز بوە کاری لەسەر دەستوری عێراقی کردبێت ڕێککەوتنەکەیان بە ٢٢ بڕگە نوسی بێت و ١٥ یان ئاشکراو ٧ یان نهێنی ئەوا د.مەحمود سۆرانی ڕۆڵی گرنگی بینیوە ئەگەر چی مەلا مستەفا هەم سەرۆکی پارتی بوە هەم واژۆی ڕێککەوتنەکەی کردوە بەڵام وەفدەکە خەڵکانێک بون شارەزا و ڕۆڵی گرنگیان هەبوە،دوای ٥٤ ساڵ لە ئێستادا داگای فیدڕاڵی رۆڵی گەڕانەوە بۆ ڕێکەوتنی ١٩٧٤ دەبینێ کورد بیەوێ و نەیەوێ ناتوانێ بەرامبەر بە ناوەندگیری هیچ بکات ، چونکە سەرکردایەتی کوردی فاشیل بون لە ئیدارەی ناوخۆێی و یاری چێتی لەسەر ئاستی دەرەکی ، تاکە کارتێک دوای دۆڕاندنی کورد لە باشور مافەکانی کوردە لە دەستوردا ، ئەمە جگە لەوەی کە دانوستانەکانی بەرەی کوردستانی و ناوەند تەواو فاشیل بو ، واتا دەستور تاکە هێز و کارتە کە کورد پشتی پێ ببەستێت و ڕوبەڕوی دادگای فیدڕاڵی ببێتەوە ، لێرەوە ڕۆڵ و پێشبینی تاکە سەرکردەیەک دەردەکەوێت کە چۆن لە دوای ڕوخاندنی سەدامەوە دەرکی بەوە کردوە کە کورد تاکە هێزێکی گەورەی هەبێت هێز وکارتی دەستورە ، ئەویش نەوشیروان مستەفا بوە کە یەکێک بوە لە وەفدی دانوستکاران و ڕۆڵی سەرۆکی وەفدەکەی بینیوە و کاری زۆر گەورەی لەسەر مافەکانی کورد کردوە لە دەستوری عێراقی داوی سەدامدا ، لە گەڵ هاورێکانی ،ئەوەی ئێستە هەر باس ناکرێت و سەرکردایەتی کوردی وەک تاکە پەناگایەک بۆ مافەکان بەکاری دێنن دەستکەوتی نەوشیروان مستەفا و تیمی نوسینەوەی دەستوری عێراق و هاوڕێکانی بوە ، کە پێشبینی ئەمڕۆی ئابوری و سیاسی و جوگرافی و دەکرد و وەک پاشخانێکی بەهێز بۆ ئەمڕۆ کاری لەسەر کرد.

لە کۆتایدا کورد تا ئێستا لە ناو بازنەی ١١ی ئازاردا دەخوڵیتەوە ، ئەوەی ماوەتەوە دوای شکستی دەستەڵاتی کوردی مافەکانی کوردی باشورە لە دەستوردا ، کە دەتوانین بڵێین کارئەکتەری سیاسی سەرەکی نەوشیروان مستەفا و تیمی نوسینەوەی دەستوری عێراق و هاوڕێکانی بوە

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن