176وتار

ململانێی جیهانی وئاسایشی ئاسمان و شەڕی درۆنەکان

1/8/2024 10:31:00 AM
بەختیار شارەزووری و سەرکەوتی جیهاز


 
دوای کۆتایی هاتنی تاک جەمسەری و سۆپەرپاوەر و دەرکەوتنی فرەجەمسەری  لە ئێستای دنیای ئەمڕۆدا  وڵاتان بە گەشتی دەکەونە بەر ڕەحمی داگیرکاری ناڕاستەوخۆ و ڕاستەوخۆوە ، ئەمەش بە هەژمونگەرایی دوو بازنە دەرکەوتوە ، بازنەی یەکەم هەژمونی وڵاتانی زلهێزی جیهانی بەسەر وڵاتانی زلهێزی ناوچەییدا ، بازنەی دوهەم هەژمونی وڵاتانی زلهێزی ناوچەیی بەسەر وڵاتانی بچوکتر لە خۆیان ، لێرەوە هەمو وڵاتان ئەوەی پێی دەوترێت ستراتیژی پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی دەکەوێتە بەردەم ئەم شەپۆلانەوە ، هەر لە ئاسایشی سنور و خاک و ئاو و ئاسمانەوە تا ئاسایشی خۆراک و تەندروستی و ئەوانی تر ، بۆیە کاتێک دەمانەوێت باس لە شەڕی درۆنەکان بکەین لە هەرێمی کوردستاندا ئەوا بێ خوێندنەوەی عێراق  و پاشان هەژمونی وڵاتانی زلهێزی ناوچەیی و جیهانی لەسەر یەکەم عێراق و دوهەم هەرێم خوێندنەوەیەکی لاواز دەردەچێت.

با لە عێراقەوە دەست پێ بکەین ، دەبێت ئەوەمان لەبەرچاو بێت کە عێراق بۆ خۆی ئەگەر چی لەسەر هەمو ئاستەکان بە مافی نێودەوڵەتی دەوڵەتێکی سەربەخۆ و خاوەن سیادەی خۆیەتی بەڵام لەسەر ئەرزی واقع یەکێکە لەو قوربانیانەی کە لەسەر سفرەی دابەشکاری دەرکەوتنی جەمسەرگیری ناوچەیی و جیهانی دانراوە و خاوەنی هیج سەروەریەکی خۆی نیە ، کە دەتوانین بڵێین ئێستە عێراق بوە بە بەشێک لە ئاسایشی ئێرانی لە بەرامبەر سوریا بۆ تورکیا ، واتا عێراق کارت بە کارتی پێ کراوە وەک قوربانیەک ، کە عێراق دەبێتە پاشکۆ واتا سفربونەوەی ئاسایشەکان ، بۆیە لەم ڕوانگەیەوە لە عێراقدا ئەوەی ئێمە دەمانەوێت قسەی لەسەر بکەین ئاسایشی ئاسمانە ، کە ناتوانێ ئەم چەمکەی ئاسایشی خۆی بپارێزێ ، ئەگەر چی خاوەنی سیستەمی بەرگری و وەزراەتی بەرگری و هێزی ئاسمانیشە بەڵام ئەو دامەزراوە سەربازیانەش لەژێر ڕەحمی دابەشکاری و ئێراندایە ، بە نمونە درۆنەکانی ئەمریکا بۆمبارانی هێزە کانی ئێرانی دەکات کە هیچیان پەیوەندی بە عێراقەوە نیە و تەنها گواستنەوەی جەنگە بۆ سەر لاشەی قوربانی عێراق ، بەڵام هێزی ئاسمانی بۆ ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی جەیش مانۆڕ دەکات ، لەمەوە دەردەکەوێت کە عێراق وەک دەوڵەتێکی دانپێدانراو هیچ ئەرزشێکی نیە کۆنتڕۆڵەکەی لە تارانە ناتوانێ هەرێم وەک بەشێکی فیدڕال لە عێراق بپارێزێ لە شەڕی درۆنەکان ، چونکە پارێزگاری لە خۆی بۆ ناکرێت .

لە ڕوی سەربازییەوە ئێستە درۆن بوەتە پلە یەکی جەنگەکان و جەنگیش لە زەوییەوە چوەتە ئاسمان و سنوری وڵاتان لەسەر زەوی کاڵ بوەتەوە و ئەوەی گرنگە بپارێزرێت سنوری ئاسمانی دەوڵەتە ، خۆ ئەگەر هەرێمی کوردستان بوبێتە ناوەندێک بۆ کۆکردنەوەی بەرژەوەندی وڵاتانی زلهێزی ناوچەیی و جیهانی ئەوا دەکرێت ڕۆژێکیش ببێتە سەکۆ و ساحەیەک بۆ یەکلاکردنەوەی ململانێکانیان ، بەڵام ولاتانی زلهێزی ناوچەیی چەند ناکۆک بن جەنگی بچوک لە ئاسمان بێت یان لە زەوی یان ئابوری یان سایبەر هێشتا بەرژەوەندیان گەورەترە لە ناکۆکیان بۆیە ناکرێ پێمان وا بێت جەنگە درۆنییەکان کە ململانێی ئاسمانی نێوان وڵاتەکانە بە جیهانی و ناوچەییەوە ئیتر سەر دەکێشێ بۆ جەنگی گەورە بە پێچەوانەوە ململانێیان هەیە تا دەگاتە خوێنی کەم و جەنگەکان هەر لە درۆنەوە بۆ تیرۆری کەسایەتییەکان بەڵام هێشتا گەورەتر نابێ لە بەرژەوەندییە گرێدراوە گەورەکانیان ، ئا لێرەوە هەرێمی کوردستان ناو بە ناو دەگۆڕێت لە ساحەیەکەوە بۆ بەرژەوەندی بۆ ساحەیەک لە ململانێی هەمە چەشن بە تایبەت درۆنەکان ، لە بەرامبەردا هەرێم چونکە دەوڵەت نیە و خاوەنی سیستەمی بەرگری و هێزێکی سەربازی ئاسمانی خۆی نیە بۆیە دەبێت پەنا بۆ بەغداد بەرێ وەک وڵاتێکی فیدڕاڵی ، بەغدادیش بوەتە بەشێک لە ستراتیژی ئێرانی ، ئێران و تورکیاش هاوبەرژەوەندین و گڵۆپی سەوزیان بۆ یەک هەڵکردوە تا شەڕی درۆن لە دژی نەیارەکانیان بکەن ، تا ئەو ئاستەی درۆنی تورکی دەچێتە سنوری ئێرانەوە ئێران بێ دەنگە و لە بەرامبەریشدا ئێران درۆن دەباتە سنوری قەڵەمڕەوی تورکیا بۆ نەیارەکانی و تورکیا بێدەنگە ، کە ئەمە دەکاتە ڕێککەوتنی ژێر بە ژێر بە تایبەت دوای کۆبونەوەی (ئەستانە) ئەم گۆڕانکاریانە ڕویان داوە ، ئەمەش بۆ دوو وڵاتی وەک ئێران و ئەمریکا هەر ڕاستە لە ساحەی عێراقیدا درۆنەکانی ئێران بنکە سەربازییەکان بۆمباران دەکەن و هێرشی خوێنی درۆنەکانی ئەمریکا بۆ ئێران جگە لە ململانێی بچوک هیچی تر نیە و بەرژەوەندیان گەورەترە لە ناکۆکیان ، خۆ ئەگەر ئەم وردە خوێن و جەنگانە سەربکێشایە بۆ جەنگی گەورەتر ئەوا دەبوی دوای کوشتنی قاسمی سلێمانی جەنگە گەورەکە ڕوی بدایە نەک هیچ نەبو بگرە لە هەندێ ئاستدا پەیوەندی ئێران و ئەمریکا باشتر بوە ، لێرەوە هەرێم لە بەرامبەر هێرش و تەراتێنی درۆنەکانی تورکی و ئێرانیدا هیچی پێناکرێ و هەرێم خۆشی دابەش بوە بەسەر ئەم دوو بەرەیەدا و دوو بەرەکەش گڵۆپی سەوزیان بۆ یەک هەڵکردوە ، بە مانایەکی تر هەرێم ئەگەر یەکگرتوبوایە تا ئاستێک دەیتوانی هەلوێستێکی جیهانی بۆ خۆی کۆبکاتەو و سنورێک بۆ درۆنە هەمەچەشنەکان دابنێ و ئێران و تورکیای ناچار بە وەستاندنی درۆنەکان یان کەمکردنەوەی درۆنەکان بکردایە بە مەرجێک هەرێم وەک دراوسێی ئێران و تورکیا دڵنیایی بدایەتە ئەو دوو وڵاتە کە ئاسیشی سنورەکانیان دەپارێزرێ .

هەرێم دەبێت بۆ شەڕی درۆنەکان کار لەسەر بەریەککەوتنەکان بکات و هەوڵی دبلۆماسی جیهانی و ناوچەیی هەبێت تا بتوانێت وەک یەک پاکێج و مالێکی یەکگرتو ئەو کارتانە بەکار بهێنێ کە دەبێتە هۆی وەستاندنی شەڕی درۆنەکان و ئارامی ئاسمانی هەرێم.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن