164وتار

دوا قۆناغی متمانە بە حیزب

7/16/2023 10:24:00 AM
بەختیار شارەزووری و سەرکەوتی جیهاز


‎حیزب وەک زانستی  سیاسی بریتیە لە کۆبونەوەی گروپێک بۆ ئامانجێکی دیاریکراو کە بەرنامەیەکی گشتگیری هەیە ، لە گشتدا خاوەنی هەیکەلی ڕێکخستن و ئامانجە گشتییەکانە و وەک چالاکیەکی سیاسی کاری لەسەر دەکات و فراوانکردن و ئاڕاستەکردنی توانا مرۆییەکانە بۆ ئەوەی بتوانێ بە بەرنامەیەکی ناسراوەوە بگاتە دەستەڵات و سیاسەتی هەم حیزبی هەم حکومڕانی بۆ ڕێکخستنی کۆمەڵگا و پەیوەندی هاوڵاتی بە دامەزراوە حکومییەکانەوە جێبەجێ بکات.

‎واتا بێ بونی حیزب کۆمەڵگا و گروپەکانیش ناتوانن بگەنە ئامانجێکی دیاری کراو ، ئەگەر چی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی لەسەر ئاستی پیشەکان زۆر کات لە کۆمەڵگا تەندروستەکاندا ڕۆڵی گەورە دەبینن بەڵام حیزب دیسانەوە وەک ڕێکخستن و پێشڕەوی کۆمەڵ ڕۆڵی سەرەکی هەیە ، لێرەوە حیزب کە هەمو بوارەکانی کۆمەڵایەتی و ئابوری و سیاسی و حکومداری دەگرێتەوە دەبێتە ناوەندی کۆبونەوە و بڕیاردان ، هەمو حیزبێک خاوەنی هەیکەلی ڕێکخستن و کۆمەڵێک ئامانجی گشتی دیاری کراوە لەڕێگەی کادرەکانیەوە و پێگەی حکومڕانی ئەم بەرنامانە دەخاتە بواری جێبەجێ کردنەوە ، بۆ ئەوەی حیزبێک بچێتە دەستەڵات یان بەشێکی دەستەڵاتەوە لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە خۆی نمایش دەکات ، ئەو هاوکێشەیەی پەیوەندی نێوان هاوڵاتی و حیزب ڕادەگرێ و پێشی دەخات و گەورەی دەکات متمانەیە ، وە متمانە بەرزبونەوە و دابەزینی ئاستی حیزب دیاری دەکات.

‎لێرەوە ئەگەر باشوری کوردستان لە خێراترین پێناسەدا لە ئێستادا بخەینە ژێر ئەم پیودانگانەی حیزبەوە ، ئەوا ئەوە ڕونە کە حیزب بە مانا گشتیەکەی  جێی قبوڵی خەڵک بێت نیە و هەڵبژاردن ئەو وێنەیەی داینێ کە  ٧٤٪ هاوڵاتی متمانەی بەهیچ حیزبێکی کوردی نەماوە ،ئەوەشی دەنگی داوە ٢٦٪ نە لەبەر بەرنامە بوە نە لەبەر فکر و چالاکی سیاسی بوە ، بەڵکو بەرژەوەندی کەسی و کۆمەڵایەتی بوە ، چونکە ئەوەی ناودەبرێت بە هەڵبژاردن و دەستاودەست کردنی دەستەڵات و قبوڵ کردنی جیاوازی و فرەدەنگی و فرەڕەنگی متمانەی نەماوە ، ئەمەش لە ئەنجامی هەڵڕشتنی دنیایەک دروشم و بەڵێن و جێبەجێنەکردنیان بوە  ، تا ئەو ئاستەی ئێستا لە باشوری کوردستان هیچ متمانەیەک بە حیزبی کوردی نەماوە و مانا هەقیقەکەی حیزب غائیبە و حیزب بوەتە درۆیەکی گەورە ، لە پەنای میکیاجی دروشمەکاندا حیزبی کوردی وێنەیەکی تری بەرهەمهێناوە ، وێنەی حیزبی سەپێنراوی ئێرانی و تورکی ، حیزبی بنەماڵەکان و کودەتای باڵادەستی حیزب و بەرهەمهێنانی دنیایەک جیاوازی چینایەتی لە نێوان ژیانی هاوڵاتی و خانەوادەی بەرپرسانی حیزبی و دنیایەک ناشیرینی تریان بەرهەم هێناوە ، ئیتر ئەوەی پێی دەوترێت حیزب دەبێت ڕەنگدانەوەی بەرنامەکانی بێت و کاتێک چوە دەستەڵات دەبێ حکومداری و دەستەڵاتەکان نیشتمانی بێت تەواو غایبە و حکومێکی ناوچەیی و خێڵەکی هەیە و تەمسیلی حیزبی مۆدێرن دەکات بە شکڵێکی کارتۆنی ، ئەم مۆدێلە گەیشتوەتە ئاستێک حیزبی ئۆپۆزسیۆن کە بنەمای چاودێری و حکومدارییەکی تەندروستە نەماوە و جیاوازی نێوانیان کۆتایی هاتوە ، لێرەوە مادام حیزب بە گشتی یەکسانە بە لەدەستدانی متمانەی جەماوەر ئیتر هەر جۆرە مۆدێلێک بێت ئەگەر ژیانی هاوڵاتیش لەچاو پێشینەی خۆیدا باش بێت مادام متمانە نیەو میللەت نابێتە هێزی بەرگری و مانەوەی ئەم حیزبانە ئەوا لە ئاسانترین ڕوداودا ئەو دەستەڵاتە دەڕوخێ و بە وێنەی دەستەڵاتی ئەفغانستانی لێدێ و ئەگاتە ئاستی پیرۆزکردنی نۆکەرایەتی بێگانە ، نەبونی متمانە بۆ ئەم حیزبانە تەنها کاریگەری بۆ نوخبەی سەرەوەی حیزبەکان نیە ، بگرە لە گەورەتردا کاریگەری لەسەر متمانە بە خاک و نیشتمان و پیرۆزییەکانیش دەبێ ، کاریگەری لەسەر داهاتوی دوری نەتەوایەتی دەبێ ، تاکی کوردی وا لێکردوە کە ببێتە داردەستی بێگانە و بەها نیشتمانییەکان خاڵی ببنەوە لە پیرۆزی خۆیان.

‎ئەم درۆی حیزبییەی کوردی گەشتوەتە ئاستێک حیزبە کوردییەکان لە نێوان کادر و سەرکردایەتی و بەرنامەکانیاندا دنیایەک جیاوازی هەیە ،لەبەرامبەریشدا حیزبە کارتۆنیە ئۆپۆزسیۆنەکانیش متمانەیان نەماوە ، خەڵک لەوە گەشتوە کە هەڵبژاردن بەهۆی ساختەکاریەوە درۆیەکی باوەڕ پێنەکراوە و حیزبەکانی تریش وەک تەواوکاری و کارتی وڵاتانی زلهێزی ناوچەیین و مانەوەیان بەندە بەبەرژەوەندی ئەوانەوە ، لێرەوە سپەیسێک و جیاوازیەک و بێ متمانەییەکی گەورە لە نێوان خەڵک و حیزب و هەر پێنج دەستەڵاتەکەدا دروست بوە ، بۆیە ئەم بۆشاییە گشتگیریە پێویستی بە لیدەرێک و حیزبێکی ڕاستەقینە هەیە تا مێژوو دوبارە نەبێتەوە و نەبینەوە بە ژێر هەرەسێکی تری گەورەوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن