479وتار

هەرێمی کوردستان لەسەر هێڵی هاوبەرژەوەندی و وڵاتانی دژبەیەکدا

7/7/2022 11:19:00 AM
بەختیار شارەزووری و سەرکەوتی جیهاز

ماوەیەکە بەهۆی هەندێ بڕیاری دادگای بەغدادەوە زۆرێک لەو نوسینانە باس لە کۆتایی هاتنی هەرێمی کوردستان دەکەن و بە تایبەت بڕیارەکانی دادگای کەرخ ، ئەگەر چی ئەم بڕیارانە لە ٢٠١٠ هەیە بەڵام جوڵاندنی پەیوەندی بە ئێران و ململانێکانی ئێرانەوە هەیە لەسەر هێڵی ڕوسی بەرامبەر ئەمریکا و ئەوروپا و بە تایبەتی تریش دۆسیەی غاز و پێدایوستی عێراق بە غاز ، وە هەوڵی ئێران بۆ ئەوەی غاز نەڕوا سێ مەبەستی هەیە ، یەكێکیان خۆی غاز دەفرۆشێت بە تورکیا نایەوێ ئەم بازاڕە لەدەست بدات ، دووەمیان بەغداد کە لەگەڵ سوریا بە (کارت بە کارت) لەگەڵ تورک یاری پێ دەکات پێویستی بە غاز هەیە ، سێیەمیان نایەوێ غازی کوردی ببێتە بەدیلی غازی ڕوسی و ئێرانی ، کەواتە جگە لە بڕیارێکی سیاسی هیچی تر نیە ، تەنها گوشارە بۆ هەرێمی کوردستان نەک لە ناوچونی .

بە گشتی دۆخی جیهان و ناوچەیی کەوتوەتە سەر هێڵێکی کێرڤی و بەردەوام لە دۆخێکی ناسەقامگیردایە ، بە تایبەت دوای زیندوبونەوەی ورچە سپیەکەی ڕوس و گەورەبونی ئەژدیهاکەی چین و جەنگی نێوان ڕوس و ئۆکراین ، بە گشتی ئەم دۆخە جیهانیە کاریگەری لەسەر کۆی نەخشەی سیاسی و ئابوری بوە و بەردەوام لە بەرز بونەوەدایە تا ئەو ئاستەی سەرەتای کاریگەرییەکانی لەسەر هەمو تاکێکی ئەم سەرزەمینە بوە و بەردەوام گەورەتر دەبێت ، لەم ڕوانگەوە بە پێی پەیوەندی وڵاتان و ململانێی وڵاتان هەمو وڵاتێک بە پێی گۆڕانی دۆخەکە نەخشەیەکی تر لەسەر نەخشەی پەیوەندیەکانی جیهان دادەڕێژێت ، ئا لێرەوە دەکرێت بپرسین ئایا هەرێمی کوردستان دەکەوێتە سەر کوێی نەخشەی تازە و پەیوەندیە جوڵاوەکانی ئێستای ناوچەکە و جیهان ، دەکرێت ئێمە بە دوو هەنگاو باس لە چارەنوسی هەرێمی کوردستان بکەین لەبەردەم گۆڕانکاریەکاندا ( پەیوەندی وڵاتانی ناوچە و جیهان و بەرژەوەندیەکانیان بە هەرێمی کوردستانەوە + بەغداد و هەولێر خاڵە جیاوازەکانیان و خاڵە لێکچوکانیان) پاشان بتوانین خاڵی کۆکەرەوەی کۆی وڵاتانی جیهان ڕونبکەینەوە :

هەنگاوی یەکەم : پەیوەندی وڵاتانی ناوچە و جیهان و بەرژەوەندیەکانیان بە هەرێمی کوردستانەوە
ئەو وڵاتانەی کە کاریگەری پلە یەکیان هەیە لەسەر بەغداد و هەولێر تورکیا و ئێرانە ، ئەگەر چی لە ستراتیژی قوڵیاندا دژی دەوڵەتداری نەتەوەیی کوردی و دامەزراوەین ، بەڵام هەر کات گۆڕانکاری گەورە ڕوبدات و چانسی کورد بۆ دەوڵەت بون ببێت ئەم دو وڵاتە بە پلان دژی دەوەستنەوە و لە چوارچێوەیەکی خێڵەکیدا وەک میرنیشینەکان مامەڵەی لەگەڵ دەکەن ، ئەوەش دەزانین ئەم دو وڵاتە هەم بەرژەوەندی هاوبەشیان هەیە هەم ململانێ ، ئەوەش دەزانین بۆ زۆر پرس و دۆسیە ( کارت بە کارت ) دەکەن لەبەر ڕۆشنایی ڕێککەوتنە مێژوەییەکان و ڕێککەوتنە هەنوکەییەکان ، بۆیە ئێمە لەم دوو وڵاتەوە دەست پێدەکەین ، کە وڵاتان بەرژەوەندیان لە مانەوەی هەرێمی کوردستان گەورەترە وەک لەناوچونی ، دەکرێت گوشاری توند هەبێت تا ڕادەی بەکارهێنانی درۆن ، بەڵام جگە لە گوشاری توند ناکاتە ئەوەی بەرژەوەندیە گەورەکانیان لە مانەوەی هەرێم بفەوتێننن.

1.     ئێران : ململانێکانی لەگەڵ هەرێم بچوکترە لە بەرژەوەندیەکانی لەگەڵ هەرێم ، زۆنی سەوز لەسەر نەخشەی سیاسی خۆی دەبینێ و عێراقیش بە ناوچەی درێژکراوی خۆی دەبینێ و بۆ ئێران مانەوەی هەرێم وەک فیدڕالی سودبەخش دەبێ بۆی تا بتوانێ زیاتر لە عێڕاقدا هەژمونی خۆی بسەپێنێ ، وە بە ڕیککەوتن لەگەڵ تورکیا عێراق بۆ ئیرانە و سوریا بۆ تورکیایە ، واتا زۆنی زەرد ئەگەر چی سەر بە تورکیایە بەڵام بە کارت بە کارت هەر لە ژێر هەژمونی ئێرانیدایە ، وە بازاڕیکی باشە بۆ کاڵای ئێرانی و وە ناوچەیەکی ئارامیشە بۆ عێراق ، وە چەندین دۆسیەی تر ، بۆیە مانەوەی لە بەرژەوەندی ئێراندایە .
2.     تورکیا : سودێکی گەورەی ئابوری و نەوتی بۆ تورکیا هەیە بەتایبەت زۆنی زەرد و باجێکی گەورەی نەوتی و کاڵای دەست دەکەوێت ، ئەگەر چی پەکەکە بۆ تورکیا زۆر پێویستە چونکە بوەتە چەکی بیانوەکانی تورکیا بۆ هەمو دۆسیەکان ، بەڵام گەورەنەبونی بەندە بە مانەوەی هەرێمی کوردستانەوە و وە وەک هیلالی سونیش زۆر پیویستی پێیەتی ، وە چەندین دۆسیەی تری سیاسی و سەربازی و ئەمنی.
3.     ئەمریکا و ناتۆ : دوای جەنگی ئۆکراین وپاشەکشێی ئەمریکا لە زۆرێک لە ناوچەکانی دنیا وەک پێگەیەکی سیاسی و سەربازی زۆر پێویستیان بە هەرێمی کوردستان هەیە بە تایبەت لە دۆسیەی غاز و نەوتدا ، چەندین دۆسیەی تر .
4.     نەتەوە یەکگرتەوەکان : وەک سەرزەمێنێکی ئارام بۆ ئاوارەکانی سوریا و عێراق زۆر پێویستی بە مانەوەی هەرێمی کوردستان هەیە .
5.     چین و ڕوسیا : لەبەر ئەوەی هەرێمی کوردستان دەکەوێتە سەر ڕێگەی ئاورشمی و سه رزەمێنێکی دەوڵەمەندی غازی و نەوتیە و دنیایەک بەرژەوەندی گەورە تر لە ناکۆکیەکان و کۆمپانیا زەبەلاحەکانیان زۆر پێویستیان بە مانەوەی هەرێم هەیە ، وە چەندین دۆسیەی تر.
6.     وڵاتانی عەرەبی : عەرەب چواچێوەیەکی جدیان نیە و هەر وڵاتێکیان لە خەمی خوێدایە و ناوێرن زۆر بە جدی کار لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان بکەن تەنها لەسەر کۆمەڵێک ئاستی بچوک نەبێت و  لەسەر کۆمەڵیک دۆسیە زۆر پێویستیان بە مانەوەی هەرێم هەیە وەک مۆدێلی خلیجی و هەم وەک هەرێمێکی ئابوری و هێمن بۆ عێراق لە چوارچێوەی فیدڕاڵیدا .

بە گشتی خاڵی کۆکەرەوەی بەرژەوەندیە هاوبەشەکانی نیوان وڵاتانی دنیا بۆ مانەوەی هەرێم  گەورەترە لە خاڵی لەناو بردنی هەرێم .

هەنگاوی دووەم : بەغداد و هەولێر خاڵە جیاوازەکانیان و خاڵە لێکچوکانیان
دەکرێت جیاوزی و خاڵە لێکچوەکانی نێوان بەغداد و هەولێر زۆر بن بەڵام خاڵی جیاوزی لە ڕوی باشیەوە هەرێم زۆرترە لە بەغداد ، با بزانین چۆن .؟؟
1.     لە ڕوی ئەمنیەوە بۆ هێزە دژەکان هەرێم لە بەغداد باشترە .
2.     لە ڕوی ئازادی ڕۆژنامە گەریەوە بەغداد لە هەرێم باشترە .
3.     لە ڕوی گەندەڵێەوە ئەگەر چی هەرێم و بەغداد نوقمی گەندەڵین بەڵام هێشتا هەرێم زۆر لە بەغداد باشترە .
4.     لە ڕوی موچە و ستیستەمی بانکیەوە بەغداد زۆر لە هەرێم باشترە .
5. هەرێم بە پێی سروشتی چوار وەرزی و دەوڵەمەند بە ئاوی سەرزەوی و ژێر زەوی لە چاو عێراقدا ، لەم ڕوەوە لە عێراق باشترە.
6. بە حوکمی سنوری بازرگانی بەتایبەت لەگەڵ ئێران و تورکیا لە عێراق باشترە.
7. بۆ سوتەمەنی عێراق چەندین جار لە هەرێم باشترە.

سەرەڕای خاڵە جیاواز و باش و خراپەکانی نێوان هەرێم و بەغداد هێشتا لە بەرژەوەندی وڵاتاندایە هەرێمێکی فیدڕاڵی وەک هەرێمی کوردستان بمێنتەوە و بەردەوامیش  بیخەنە ژێر گوشاری یاسایی و دادگایی و درۆنی سەربازیەوە ، بەڵام ناکەتە ئەوەی هەرێم لە ناو بچێت، بۆ وڵاتان کۆکردنەوەیەکی ماتماتیکی سیاسی خاڵە باشەکانی هەردولا دەکاتە دۆخێکی باشی مامناوەند بۆ کۆی بەرژەوەندی وڵاتانی دنیا .

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن