139وتار

کۆنفرانسی دوهەمی بزوتنەوەی گۆڕان بەرەو کوێ...؟

1/23/2024 11:22:00 AM
بەختیار شارەزووری و سەرکەوتی جیهاز

دۆخی هەرێم لەسەر دوو ئاستی ناوخۆی و دەرەکیدا لە دۆخێکی تەواو هەستیاری مێژوییدایە ، بە جۆرێک لەئاستی دەرەکیدا کەوتوەتە سەر هێڵی بەریەککەوتنی وڵاتانی زلهێزی ناوچەیی و دەرەکی ، ئەگەر پێشتر هەرێم شوێنێک بوبێت بۆ گرێدانی بەرژەوەندی وڵاتانی دنیا ، ئەوا ئێستا خەریکە ململانێکانیان گەورەتر دەبێت لەبەرژەوەندییەکانیان و هەرێم لەبەردەم ئاڵنگاری دەرەکیدایە ، لەسەر ئاستی ناوخۆش هەرێم دابەش بوە بۆ دوو زۆن و هەریەکەیان سەر بە دەوڵەتێکی دژەکوردە ، لە حکومڕانیدا لەسەر ئاستی هەمو سێکتەرەکان لە قەیرانێکی قوڵدایە و کەوتوەتە بەردەم ئاڵنگاری ناوخۆییەوە.

حیزب بە گشتی لای هاوڵاتی و ئەوەی پێی دەوترێت شەقام متمانەی نەماوە و لە دۆخێکی قەیراناوی قوڵدایە خۆ ئەگەر گۆڕان وەک سەرەتای دەرکەوتنی بە دۆخی چارەسەر ببینین ئەوا پلاتفۆرمەکانی و پڕۆگرامە سیاسیەکەی هەڵگری فریادڕەسی ئەو دۆخەن کە هەم حیزب و  هەم حکومڕانی دەبێت پەیڕەوی بکەن بە گۆڕان خۆشیەوە کە وەک حیزب لە قەیرانی قوڵدایە ، خۆ ئەگەر لە٢٠١٠ وە پەیڕەوی بەرنامەکانی گۆڕان بکرایە ئێستە نە حکومەت و نە حیزبەکان و نە پرۆسەی دیموکراتی و تا دەگاتە گۆڕان خۆی توشی ئەم قەیرانانە نەدەبون و ئامادەگی تەواو دەبو لەبەردەم ئاڵنگارییەکاندا ، گرنگترین خاڵێ ئەوەیە کە سەروەریە بۆ گۆڕان کە دەنگدەری ئازادە و بۆ یەکەمین جارە هاوڵاتی بوە بە سەنتەر دەتوانێ ٢٥کورسی و زیاترت بداتێ و سفریشت بکاتەوە.


ئێستا دەبێ بپرسین دوای شکستی گۆڕان چی بکرێ و کۆنفرانسی نیشتمانی گۆڕان چی لە هەگبەکەیدایە ،  کۆنفراس بزوتنەوەی گۆڕان دەگەیەنێت بە کوێ ..؟

گۆڕان بە سفربونەوەشی بەدەر لە پلاتفۆرم پڕۆگرامی سیاسی و فۆرمی هەیکەلەی ڕێکخستنی خاوەنی کۆمەڵێک سەرەوەری گەورەیە وەک :

١-تاکە حیزبە کە پاشکۆیەتی وڵاتانی ڕەتکردوەتەوە و تەواو نیشتمانیە ، هەر بۆیە لەگەڵ بەرژەوەندی وڵاتان و حیزبەکانی هەرێم نەدەهاتەوە و بەرەیەکی گەورەی ناوخۆیی و ناوچەیی دژی وەستانەوە .
٢-ئەندامانی ئازادییەکی تەواویان هەیە و لەم کۆنفرانسەدا دەرکەوت کە زۆرترین مشتومڕ و گفتوگۆی توندی لێکەوتەوە ، لە بەرامبەردا کۆنگرەی حیزبەکانی تر ژینگەیەکی سەربازی ترس و تۆقین تەواوی کۆنگرەکانی داگیر کردبو .
٣-بەرپرسانی گۆڕان شوێنی تایبەت و پێشەوەیان نەبو وەک هەمو بەشداربوەیەکی کۆنفرانس بەشدار بون و کورسی پێشەوە بۆ خاوەن پێداویستی تایبەت و کەسوکاری شەهیدان بو.


ئەوەی دەمێنێتەوە بپرسین دوای کۆنفرانسی نیشتمانی دەکرێ ئەم پرسیارانە لە خۆمان بکەین :
١-ئایا دەتوانرێ لە ماوەیەکی دیاریکراودا گۆڕان کۆنفرانسە ناوخۆییەکانی بکات و هەڵبژاردن کۆی ئۆرگانەکانی بگرێتەوە؟.
٢-ئایا دەتوانرێ لێپێچینەوە و چاودێری و لێپرسینەوە بکات لە کۆی پرسەکانی؟.
٣-لەناو حکومەتدا مانەوە ، هەر وەک خۆی دەمێنێتەوە یان بەدواداچون دەکرێ بۆ کۆی پۆستە حکومییەکان کە تا چەندێ پلاتفۆرمی گۆڕانیان جێبەجێکردوە؟.
٣-ئایا لێکەوتەکانی کۆنفرانسی نیشتمانی دەتوانێ دەروازەیەک بێت بۆ کۆکردنەوەی کۆی ناڕازییەکان ، بە ناڕازی گۆڕان و پاشان حیزبەکانی تریشەوە؟.
٤-ئایا گۆڕان دەتوانێ بە پێی پێویستی بەرگریکردن لە مافی شەقام و هاوڵاتی گوتاری خۆی بگۆڕێ؟.
٥-ئایا دەتوانین جیاوازییەکانمان لەگەڵ حیزبە نەریتگەراییەکانی تردا بگێڕینەوە و ببینە جێی متمانەی هاوڵاتی و بڵێین بەڵێ ئێمە جیاوازین.؟
٦-ئایا دەتوانین ببینە گوشار بۆ دەستکاریکردنی ڕەسمی ڕێککەوتنامەی ستراتیژی..؟
٧-دەتوانین ببینە ژینگەیەک بۆ دروستکردنی سەرکردەی کاریگەر و بڕیاری دەستەجەمعی..؟

چەندین خاڵی تر وامان لێدەکات بڵێین ئایا دەتوانین هەم کۆنفرانسی نیشتمانی گۆڕان و هەم دروشمی (لەبەردەم ئاڵنگارییەکاندا) بوژاندنەوەیەکی گەورە دروست بکەین و ببینە خاوەنی گوتاری شەقام و دەنگی هاوڵاتی..؟؟

گۆڕان لەبەردەم ئاڵنگاری قورسدایە گەر نەتوانێ سیاسەتێکی واقعیانە بکات و ڕاسپارەکانی کۆنفراسی نیشتمانی جێبەجێ بکات ، ئەوا دەبێتە مێژوو.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن