651وتار

هەرێم کوردستان لەبەردەم هەژمونی ئێرانی نوێدا

7/7/2021 12:09:00 PM
بەختیار شارەزووری و سەرکەوتی جیهاز

بە گشتی جیهان لەبەردەم دابەشکاری و ڕەسمی نوێ ی هێزەکاندایە ، دوای ئەم چل ساڵەی دەستەڵاتی ڕەهای ئەمریکا و ئەوروپا بە تایبەت ، ئێستە لەبەردەم دەرکەوتنی وڵاتی چین و هەستانەوەی ورچەکەی ناو بەستەڵەکەکانی مێژوداین ، ئەگەر بەم مانایە سەیر بکەین ئەوا دەرکەوتنی چین و ئەو پلانەی کە هەیەتی وا دەکات لەبەرامبەر ناتۆ و سۆپەر پاوەری یەک جەمسەردا سۆپەر پاوەر و هێزی تر دروست ببێت ، لەم چوارچێوەیەدا چین وەک سەرکردایەتی ئەم سۆپەرپاوەرەی نوێ دەردەکەوێ و وردە وردە نەک هێزە گەورەکانی ئاسیا بەڵکو ئۆراسیا بە گشتی خستوەتە ناو چوارچێوەیەکی بەرژەوەندی ناچارییەوە تا هاوپەیمانیەتیەکی سەربازی و ئابوری و سیاسی دروست بکەن ، ئەم زۆنە بە پلەی سەرەکی بریتی دەبێت ( چین ، ڕوسیا ، تورکیا ، ئێران ، پاکستان ، هند ، ئەفغانستانی دوای ئەمریکا ، وڵاتانی سەر دەریای قەزوین ) کە بە گشتی هەمویان لەسەر سکەی پلانی پڕۆژەی (یەک ڕێگا و یەک پشتێن ) ڕێگای ئاوریشیمی و هواوی دەڕوا ، ئەم پلانە نەخشەی مامەڵەی هەمو دنیا دەگۆڕێ و لە ئێستەشەوە شەڕی ئەم  پڕۆژەیە دەستی پێ کردوە ، بە تایبەت دوای ئەوەی بایدن دوو تەوەرەی دیاری کرد لە کۆبونەوەی ناتۆ کە سەرکیترنیان شەڕی چین بوە ، لەم نێوەندەشدا ئێران نەک هەر دەبێتە بەشێک لەم گەمەیە بەڵکو کارئەکتەرێکی سەرەکی ئەم گەمەیەیە ، بە تایبەت دوای گرێبەستی ٢٥ ساڵەی نێوان ئێران و چین .

ئەگەر چی لە ئێستادا ئێران لەژێر گوشار و شەڕی ئابوری ئەمریکادایە ، بەڵام شەڕەکە تەنها شەڕی ئێران نیە بەڵکو شەڕی ئەو بلۆکەیە کە سەرەتاکانی دەرکەوتوە ، کشانەوەی ئەمریکا لە ئەفغانسان بە شێوەیەکی کاڵ دیاریکردنی سنوری ئەم بلۆکەیە ، ئێران هەژمونی هەیە لە زۆرێک لە واڵاتانی تردا ، بۆیە ئێران دیاری کردنی سیاسەتی دەرەکی بە پلەی یەکەم دێت و پاشان سیاسەتی ناوخۆشی درێژکراوەی پلانی درێژخایەنیەتی لەسەر ئەم هێڵە کە ناو دەنرێت شارستانیەتی قوڵ .

هەرێمی کوردستان بە ڕونی لەسەر ئەم جوگرافیایە دیارە کە دەکەوێتە سەر نەخشەی ئەم بلۆکە نوێیەوە ، مادام ئێران و تورکیا هەردوکیان لەسەر نەخشەی یەک بەرەن ، کەواتە وەک وڵاتانی تری دابەش کراوە لە نێوان تورکیا و ئێراندا هەمان دابەشکاری بەردەوامی دەبێت بە پێی ڕێککەوتنە مێژوییەکان و ڕیککەوتنی نوێی ستراتیژی کە لە نێوان پارتی و یەکێتیدا کراوە .

بە مانایەکی تر هەرێمی کوردستان لە بەردەم ئێرانی نوێدا هەمان دابەشکاری بەردەوامی دەبێت ، کە دەڵێین ئێرانی نوێ (واتا ئێران وەک کارئەکتەری سەرەکی گەمەی هواوی و ڕێگای ئاوریشمی ) ، خۆ ئەگەر باس لە گۆڕینی ڕۆحانی بە ڕەئیسی بکەین ، ئەوا نەک هیچ ناگۆڕێ بەڵکو توند تر دەبێت لەسەر پاراستنی ئەمنی قومی ئێرانی و دابەشکاری درێژکراوەکانی ئێران ، هەڵبژاردنەکانی ناو ئێران نە هیچ دەگۆڕێ لە ئاستی ناوخۆی ئەو وڵاتە ، نە هیچ دەگۆڕێ لەسەر ئاستی دەرەکی ، بۆیە هەرێم لە بەردەم هەژمونی ئێرانی نوێدا هەمان دابەشکاری دوو زۆنی دەبێت و ناهێڵن هیچ گۆڕانێکی بەسەردا بێت ، بەرەی دژیش وەک ئەمریکا و فەرەنسا و بەریتانیا بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی نەک ناتوانن هیچ بکەن بەڵکو هیچ هەڵوێستێکی دژی توندیان نابێت جگە لە قسەکردن لە ڕاگەیاندنەکانەوە ، کاتێک درۆنەکانی حشد سەری ڕەش دەکەن بە ئامانج ئەمرەیکا و بەرەی دژ لە چوارچێوەی بەیانی ناڕازی زیاتر هیچیان پێ ناکرێ ، بەڵام بۆ عێراق کۆگاکانی چەکی حشد دەکاتە ئامانج ، لێرەوە هەرێم لەبەردەم هەژمونی ئێرانی نووێدا دەبێت چاوەڕێی بەریەککەوتنی گەورەتر بکات یان وەک ئێستای بمێنێتەوە بە دەستەڵاتی پارتی و یەکیتی و گەڕانەوەی هاوسەنگی هێز بۆ فیفتی بە فیفتیەکەی جاران و وا ببینرێت کە هەرێم سەنتەرێکە بۆ بەرژەوەندی زۆرێک لە وڵاتانی دنیا ، دەبێت هەمو هێزەکان لێرە شەڕی یەکتر نەکەن بە ناچاری ، نەک بکرێتە سەکۆی بەریەککەوتنەکانی نێوان ئەمریکا و بەرەی ئێرانی

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن