پاپا وەک هێزی نەرم و کاری سیاسی لە ڕێی پەیوەندی ئاینییەوە
3/11/2021 12:34:00 PM
بەختیار شارەزووری و سەرکەوتی جیهاز
جیهان بە دۆخێکی نائارامدا گوزەر دەکات ، دەتوانین بڵێین تا کۆرۆنا چارەسەری بۆ دەدۆزرێتەوە ، یان مروڤ وەک پەتاکانی دیکە نۆرماڵ دەبێتەوە لای و میكانیزمێکی تر بۆ جوڵەی گشتی دروست دەبێت جیهان لەبەردەم پەڕینەوە بۆ قۆناغێکی تری ژیان ، لە بەردەم پەشۆکاوێکی ترسناکدایە ، لە پەنای ئەم پەتایەدا ململانێی وڵاتانی زل هێز و نزیک بونەوە لە قۆناغی فراوانترکردنی جەنگەکان ترسێکی تری جیهانە کە ژیانی مرۆڤایەتی ناتوانێ لەیەک کاتدا ئەم دوو بارە قورسە هەڵبگرێ ، ئا لێرەوە ئەگەر ئەمریکا وەک هێزیکی گەورەی جیهانی ببینین و لە خوار ئەمریکاشەوە بازنەکانی دوەم چین و ڕوسیا و وڵاتانی ئەوروپی ، ئەوا دەبینین ململانێکان و جەنگی نێوان ئەم بەریەککەوتنانە لە گۆڕەپانی وڵاتانی تردا بوەتە هۆی خوێن ڕشتن و دەربەدەری و برسێتی زۆرێک لە وڵاتانی جیهان ، لەم نێوەندەدا ئەمریکا بە پلەی یەکەم خۆی بە بەرپرس دەزانی لە دۆخی ناجێگری جیهان و لە ناو جیهانشدا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە سەکۆی ململانێکانی تیا یەکلا دەکرێتەوە و لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا ئێران و تورکیا و ململانێ ی ئاینیەکان بوەتە چەقی ناکۆکیەکانی جیهانی لەسەر ئەم سەکۆی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە ، ئەمریکا دوای دەستەڵاتی ترامپ و کۆماریەکان و ئەگەر خاوەنی دوو هێزی گەورەی وەک سۆفت پاوەر هێزی نەرم و هارد پاوەر هێزی ڕەق بێت ، ئەوا ترامپ زیاتر لە دەلاقەی ئابوری و بەرژەوەندیەوە هارد پاوەری بە پلەی یەکەم بەکار دەهێنا بە شیوەیەک بەکار هێنانی کارتی سۆفت پاوەر هیچ گرنگەیەکی نەما بو ، کە ئەوەش دەزانین لە نێوان سەرۆکەکان و هاردپاوەر و سۆفت پاوەردا یان باڵانس هەبوە و بە یەکسانی هەردو کارتەکە بەکار هێنراوە یان کەمێک بەرز و نزمی لەسەر هەردو ئاستەکەی ئەم دو هێزەدا هەبوە ، دوا جار جیهانیان خستوەتە ناو بازنەی بەرژەوەندیەکانی ئەمریکاوە .
لە ئێستادا قۆناغی دوای ترامپ و کۆماریەکان ، قۆناغی بایدن و دیموکراتەکان دێتە پێش ئەوەی نەگۆڕە جەنگی ئەمریکایە لە پێناو بەرژەوەندیەکانی ئەمریکادا ، ئەوەی دەگۆڕێ تەنها ڕێگا وتاکتیک و سیناریۆکانە ، هەردوکیان دەچنەوە سەر پاراستنی بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا کە نەگۆڕە ، بایدن هەمان شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕستدا دەکات بە شێوەیەکی تر کە شەڕی هێزی نەرمە ، شەڕی تورکیا و ئێران دەکات بە شیوەیەکی تر و بە هێزی نەرم (soft power ) ئەوەشی بۆ ئەو گرنگە لە نێوان تورکیا و ئێراندا بە پلەی یەکەم عێراقە و بە پلەی دوەم سوریا ، لەم نێوەندەشدا ئێران ترسی زیاتری هەیە بە هۆی پێتاندنی یۆرانیۆم و ئەگەری چەکی ناوکی لە لایەک و پێگەی ئێران لە ولاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەت لە یەمەن و عێراق .
بایدن و دیموکراتیەکان دەیانەوێ ئێران بە هێزی نەرم بهێننەوە ژێر باری خۆیان ، ئەمەش بەو مانایە نایەت کە ئیتر هێزی ڕەق بەکار ناهێنرێ بە پێچەوانەوە لەئەگەری کاریگەرنەبونی هێزی نەرم بەکارهێنانی هێزی ڕەق کراوەیە ، لە دیتەڵی هێزی نەرمدا کۆمەڵێک هۆ هەن کە بتوانێت بایدن بەکاری بهێنێت ، وەک سیاسەت لە ڕێی پەیوەندی کۆمەڵایەتی و ئاینیەکانەوە .
هاتنی پاپای ڤاتیکان بەکارهێنانی هێزی نەرمە و لە پشتی ستەیجیشەوە کارکردنە لەسەر سیناریوێی هیزی ناوکی شیعە لە نێوان قوم و نەجەفدا ، بەم کارتە نەرمە کار لەسەر وەلادا نانی هێزی قوم دەکات و نەجەف دەکاتە مەرجەعی تەواوەتی شیعە و دەیەوێت پێش ڕێککەوتنی لەگەڵ ئێران کارتەکانی گوشاری ئاینی بەرامبەر ئێران بەکار بهێنێ و ئێران ناچار بکات بە چونە ژێر باری ئەمریکا ، پاپا مەبەستی سەرەکی لە هاتنی بە پلەی یەکەم بۆ لای سیستانی بوە کە مەبەست لێی بەکارهێنانی هێزی نەرمی ئاینییە ، پاشان هاتنی بۆ هەولێر بە پەلەی دوەم ئاماژەیە بە پاراستنی بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا و ناتۆ لە هەرێمی کوردستان .
بایدن وەک سەرەتا لە ڕێگەی پاپاوە کار لەسەر بەکارهێنای هێزی نەرم دەکات ، تا بتوانێت لەم ڕێگەیەوە سیناریۆ و ئامانجە سیاسی و ئابوری و دبلۆماسیەکانی بپێکێ و لە پەنای شەڕی کۆرۆنادا ئەم شەڕە بێ تێچویەکی زۆر و بێ بارگرانی بۆ جیهان بکات ، بە مانەیەکی گشتی جەنگەکان بەردەوامن سەرەڕای کۆرۆنا ، بەڵام لە هێزی ڕەقە و گۆردراوە بۆ هێزی نەرم و پاپاش لەم پێناوەدا بە ناوی ئاشتی ئاینەکانەوە کاری لەسەر دەکەن .