تەوافقی سایسی یان ڕێککەوتنی وڵاتانی زل هێزی ناوچەیی لە عێراقدا .
6/24/2023 5:17:00 PM
بەختیار شارەزووری و سەرکەوتی جیهاز
هەمو ئەم دۆسیانە کە ئێستە هەن جگە لە ململانێی
هیزە لۆکاڵییەکانی ناو عێراق هیجی تر نیە ، دۆسیەکانی نەوت و بودجە و دادگای فیدڕاڵی و پەرلەمان و هەمو ئەم باسانە کە
لەسەر شاشەکاندا ڕۆژانە مێشکی هاوڵاتی عێراقی و هەرێمی پێوە سەرقاڵ دەکرێت ڕوداوی
سیناریۆ ئاسای سەر شانۆ و سەر ڕوی تیڤییەکانە ، ئەوەی دەگوزەرێ لە عێراقی دوای سەدامدا
جگە لە گواستنەوەی سەکۆی ململانێکانی هەرێمی و جیهانی بۆ سەر ساحەی عێراقی هیچی تر
نیە ، دوای سەدام عێراق بەدەست کۆمەڵیک هێزەوەیە کە هەر یەکێکیان سەر بە ئەجێندای
وڵاتێکی زل هێزی ناوچەییە، بە تایبەت ئێران و تورکیا بە گڵۆپی سەوزی وڵاتانی زل هێزی جیهانیەوە ، ئەوەشی هەیە لە عێراقدا
ناویان ناوە سازانی سیاسی ( تەوافقی سیاسی ) کە لە مەجلیسی حکومەوە دەستی پێ کرد ،
ئەم تەوافقە زادەی بیری عێراقی نەبوە ، واتا بەرهەمی عەقڵی سیاسی حیزبە عێراقییەکان
نەبوە ، بەڵکو ڕێککەوتنی وڵاتانی زلهێزی ناوچەیی بوە لەسەر عێراق و هەندی وڵاتی تر
، هێزە عێراقیەکانیش ئەوەی سەر بە یەکێ لەم هێڵانە نەبوبێت ئەوا هەر زوو سفر کراوەتەوە
ئەگەر زۆر نیشتمانیش بوبێت ( سەدر و نەوشیروان مستەفا) لە هەرێمیش ڕێککەوتنی ستراتیژی
هەیە لە نێوان تورکیا و ئێراندا بە گڵۆپی سەوزی وڵاتە زل هێزەکانەوە کە بنەماڵەکانی
( مەلایی و جەلالی ) نمایندەی دەکەن .
تەوافقی سیاسی حکوم لەسەر هەمو دۆسیەکان دەکات
، ئیتر ئەوەی ناو دەنرێت پەرلەمان و داداگای فیدڕاڵی و سەرۆکایەتی و حکومەت لەسەر
ئەم نەخشە دابەشکارییە بە پێێ بەرژەوەندی هاوبەشی بە پلەی یەکەم تورکیا و ئێران و
بە پلەی دوەم وڵاتانی زل هێز ڕەسم کراوە ، ئیتر هەمو دامەزراوەکان لەسەر ئەم ڕەسمە
دابەش کراوە ، هەر لە مەجلیسی حوکمەوە تا ئێستا تەوافق دەستەڵاتی یەکەم ( سەرۆکایەتی
بۆ کورد ، حکومەت شیعە و پەرلەمان سونە ) ئەم دابەشکاریە ڕەگێکی مێژویی هەیە و دەگەڕێتەوە
بۆ ڕێککەوتنە کۆنەکان ، واتا بڕیارەکان لە عێراقدا لۆکاڵی نین و لە دەرەوە بڕیار لەسەر
دۆسیەکان دەدرێت .
لە کوردستانیشدا هەمان دابەشکاریە و (ڕێککەوتنی
ستراتیژی) پەنجا بە پەنجا لەهەمو ئاستەکاندا هەیە بە دابەشکاری جوگرافی و بودجەشەوە
، بۆ دۆسیە گەورەکان ئەنقەرە و تاران بە پێی بەرژەوەندی هاوبەشیان بڕیار دەدەن ، تەنها
بۆ کارە خزمەتگوزارییەکانیان دەتوانن بڕیار
بدەن ، حیزبەکانی تریش هەر یەکەیان سەر بە یەکێ لەم زۆنانەیە یان سەر پشکیان هەیە
لە هەردولا ، هەرێمیش بە حوکمی ژینگەی سیاسی و ئابوری شوێنێکە بوەتە سەکۆی بەرژەوەندی
هاوبەشی نێوان وڵاتە زل هێزەکانی ناوچەیی و جیهانی .
تەوافقی سیاسی عێراقی و ڕێککەوتنی ستراتیژی هەرێم
دوو دیوی یەک دراون ، کە بۆ هەرێم و عێراق دانراوە و کۆنتڕۆڵەکەی لە ئەنقەرە و
تارانە ، لە گەورەتریشدا (کارت بە کارت ) سوریا بۆ تورکیا و عێراقیش بۆ ئێران و بە
پاراستنی بەرژەوەندی هەر یەکێکیان لەو وڵاتەی بەری دەکەوێ و بێدەنگی ئەوی تریان (
بوردمان کردنی هەولێر لەلایەن درۆنەکانی ئێرانەوە و بێدەنگی تورکیا و گرتنی عەفرین
لەلایەن تورکیا و بێدەنگی ئێران )
ئیتر ئەوەی دەگوزەرێ کە گوایە پەرلەمانی عێراقی
فڵان بڕیاری دا و دادگا فڵان بڕیاری دا ، یان فلان هێز دەیەوێ فڵان هێز بسڕێتەوە و
یان عێراق دەیەوێ هەرێم لەسەر نەخشە نەهێڵێت جگە لە سیناریویەک وەک بەرنامەی کارتۆنی
منداڵاکان لە تیڤییەکانەوە هیچی تر نیە ، کاتێک ئەمانە گۆڕانکاری بەسەردا دێت کە لە
سەنتەرەوە واتا ئەنقەرە و تاران ململانێکایان ببێت بە جەنگ و بەرژەوەندییە هاوبەشەکانیان
تێک بچێت ، لە پشتی ئەمانەوە هیزی دادگا و دەستور و سیستەمی وڵات ئەو گەمژاندنەیە
کە خەڵکی پێوە سەرقاڵ دەکەن و گەندەڵێش بۆ وڵاتانی داگیرکەر ژینگەیەکی باشە تا سەرکردەکانی
پێ بکەن بە کۆیلەی ئەجێندای خۆیان