638وتار

بۆچی دەیانەوێ شکۆی پەرلەمان بشکێنن..؟؟

11/1/2021 1:22:00 PM
بەختیار شارەزووری و سەرکەوتی جیهاز

سیستەمی حکومڕانی بە پێی بیری کوالێتی وڵاتێک بۆ وڵاتێکی تر دەگۆڕێ ، ئەگەر چی بە پێی بنەماکانی دیموکراسی و جۆری سیستەمەکە دەگۆڕێ ، بەڵام لە گشتدا دەکرێت بەسەر دو بەشی سەرەکیدا دابەش ببێ ( پەرلەمانی و سەرۆکایەتی )  بۆ ئەوەی دیکتاتۆر و هێزی سەربازی زاڵ نەبێت بەسەر کۆی حکومڕانیدا ، وەک وڵاتانی بە ئەزمون سیستەمی پەرلەمانی باشترین جۆری سیستەمە بۆ حکومڕانی  ، لەم ڕوانگەیەوە لە کوردستان لە نێوان خۆسەپێنی دوو بنەماڵە لەلایەک و بەرەکەی تر سیستەمی پەرلەمانیە شەڕێکی قورس هەیە لە نێوان دوو سەنگەردا ، بەڵام ئەوەی ئێستا هەیە نیچمە سەرۆکایەتی و نیچمە بنەماڵەییە.
ئەگەر چی دیموکراسی و دەستا و دەست کردنی دەستەڵات و سیستەمی پەرلەمانی بۆ کۆمەڵگایەک دەبێت کە ئاستی هوشیاری تاک و گشتی بوبێتە کارگەیەک بۆ بەرهەمهێنانی کارئەکتەری ناو دەستەڵاتەکان کە لە ژێر چاودێری هەڵبژاردن و خەڵکدا بێت بۆ لێپێچینەوە و گۆڕینی بە کەسێکی تر ، بەڵام تا ئاستێک هیچ وڵاتێک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەیتوانیوە ئەم سیستەمە وەک وڵاتانی پێشکەوتو ئەزمون بکات ، بەڵام لە گشتدا هەوڵی بۆ دراوە و فەشەلی هێناوە و بگرە تا ئاستێک شانشینەکان باشتر بون لە دیموکراسیەکان .


لە کوردستان داواکاری بۆ سیستەمی پەرلەمانی و کوتایی هێنان بە سیستەمی سەرۆکایەتی لە قۆناغی نەوشیروان مستەفاوە دەست پێ دەکات ، کە وا بێت پەرلەمان خاوەنی دەستەڵاتی باڵا بێت و لێپێچینەوە لە هەمو دەستەڵاتەکانی تر بکات وەک ناوەندێکی دەستەڵاتی یاسادانان و چاودێری ، ئالێرەوە ململانێ کەوتە نێوان دو مۆدێلەوە ، مۆدێلێک داوای دەستەڵاتی سەرۆکایەتی ڕەهای دەکرد و لە دوو بنەماڵەدا کۆبوبوەوە ، ئەمە لە کاتێکدا بو خودی هەرێم نە یەک پارچە بوە و نە سەربەخۆ بوە ، بگرە دابەش بوە بۆ دوو زۆن و دوو دەستەڵات و دوو بنەماڵە و درێژکراوەی تاران و ئەنقەرە بون ، بەڵام سەرەڕای ئەمانە هێشتا هیوایەک هەبو بۆ کۆتایی هێنان بە دوو زۆنی و دامەزراندنی دەستەڵاتێکی ڕەشید و سیستەمێکی پەرلەمانی و دامەزاروەی نیشتمانی .


ئەم دوو هێز و دوو زۆن و دوو بنەماڵەیە لە ژێر سێبەری ڕێککەوتنامەی ستراتیژی هەوڵیان داوە مۆدێلی بنەماڵەیی سەرۆکایەتی بێت ، لە بەرامبەردا ئەوەی ترس بوە لە بەردەمیاندا پەرلەمان و دەستەڵاتی گەل و حکومی سندوقەکانی دەنگدان بوە ، ئەگەر چی بەناو ئێستە نیمچە سەرۆکایەتیە و ئەگەری هەیە لە ژێر گوشاری پەرلەمان و شەقامدا تەواو بگۆڕێ بە پەرلەمانی ، بەڵام تا ئێستا تا ئاستێک بنەماڵەی دوو زۆنەکە سەرکەوتو بون لە داگیرکردنی جومگەکانی دەستەڵات و بێ باک بون لە خەڵک و سندوقەکانی دەنگدان ، ئەوەی تاکە هێزە ترس بێ لە بەردەمیاندا پەرلەمانە ، هەر بۆیە بە بەرنامە بە تایبەت ئەم دوو بنەماڵەیە کار بۆ بێ ئەرزش کردنی پەرلەمان و نەهێشتنی ڕۆڵی نوێنەرانی خەڵک و داوای ڕەوای سیستەمی پەرلەمانی دەکەن.


ئەم دوو بنەماڵەیە کە ئێستە زۆرینەن لە پەرلەمان بە تەزویر و درۆ و دراو و ناچارکردنی خەڵک بە دەنگدان بونتە زۆرینەیەکی کارتۆنی ، بەڵام نایشارنەوە کەترسیان هەیە لەوەی لە ناو پەرلەمانەوە دوبارە هێزێکی جدی دروست بێتەوە و ڕێگر بێ لە پلانەکانیان ، بە تایبەت دوای بایکۆتی گشتی لە هەڵبژاردنەکانی عێراقدا ، هەر بۆیە دەیانەوێ بە سیناریۆ کار بۆ شکاندنی شکۆی پەرلەمان بکەن و بێ ئەرزشی بکەن بەوەی کە وێنەیەکی گشتی گاڵتەجاڕی و زمانێکی پیسی نەشیاو بخەنە ناو پەرلەمانەوە کە ئەمەش بە پلانە بۆ ئەوەی لە دور مەودادا ژینگەی پەرلەمان نەتوانێ هەستێتەوە دژ بە دەستەڵاتی بە پیرۆزکردنی بنەماڵە بوەستێتەوە .


کردنی هۆڵی پەرلەمان بە بەردەم شەقاوەخانە و جنێوخانە لەخۆڕا نەهاتوە هەوڵە بۆ کوشتن و لە ناوبردنی ئەو سەرزەمینەی کە دەکرێ ڕۆژێ لە ڕۆژان ببێتەوە بە شوێنێک بۆ شۆڕش دژی بنەماڵەکان ، ئەیانەوێ بۆ نەوەکانیشان گرەنتی مانەوەیان بکەن لە دەستەڵاتدا بێ ترسی سەنگەری بەرگری کە پەرلەمانە .

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن