ئەمــە چ گەوجاندنێکە؟
2/1/2019 2:59:00 PM
ئامانج هەرتەلی
چەند ساڵێکە هەموو ڕۆژێک باس باسی مووچەیە لە بودجەی
عێراقدا، بەڵام کە بودجە تێپەڕی ئیدی دەکەونە پاساوهێنانەوە کە بەغداد ناینێرێت،
چونکە هەولێر پابەند نیە بە رادەستکردنی نەوت بە سۆمۆ، لەکاتێکدا ئەوان لەم
دەمانەدا، سەری زمان و بنی زمانیان مژدە بەخشینەوەیە بەخەڵک کە بڕگەکانی تایبەت بە
کوردیان لە بودجەدا جێکردۆتەوە.
سزادانی خەڵکی کوردستان لەلایەن بەرپرسانی هەرێم،
دوو رووی هەیە، روویەکیان بۆ ئەوەیە خەڵک داوای مافەکانی نەکەن و خۆشگوزەرانی
نەبینێت و بەهەموو شتێک رازی بێت، ڕووەکەی تریشی ئەوەیە کە خەڵکی کوردستان نەزانێت
داهاتی ئەم هەرێمە چەندە؟ وە دەچێتە کوێ؟ کێ دەیبات؟ بۆیە لە پێناو خۆدەوڵەمەندکردن
و شاردنەوەی داهاتی هەرێم لە ڕێگای فرۆشتنی نەوت بە سەربەخۆ نە پەرلەمان دەزانێ
چیە و لەکوێیە؟ نەکەس دەزانێ؟ بەڵکو دەیانەوێت لەسەر حیسابی ئەم گەلە خۆیان
دەوڵەمەند بکەن، ئەمە باشترین رێگەیە بۆ خۆدەوڵەمەندکردن و کۆکردنەوەی سامان چونکە
هیچ سانسۆرێکیان لەسەرنیە چاودێریان بکات، بە رێگای سەربەخۆی فرۆشتنی نەوت لە کوردستان
پەرلەمانی کوردستانیش ناتوانێت چاودێریان بکات. مەگەر دوای چەند ساڵێکیتر کۆمپانیاکانی
تری جیهان پێمان بڵێن رۆژانە چەند نەوتیان لە کورد کڕیوە؟
هەروەها ساڵانە دوای ئەوەی بودجە لە بەغدادەوە
دەهات لە پەرلەمان پرۆژەو خزمەتگوزاری پێدەکرا. بەغداد چاودێری وردی دەکردە سەر بەرپرسانی
هەرێم لە خەرجکردنی، لەم چوارچێوەیەش بەشێکی باشیان دەبرد، بەڵام لە ئێستادا چەند
ساڵێکە دەرگای بودجەیان لە پەرلەمان داخستووە لەلایەک لەلاکەی تریش ئەو بڕە پارەیەی
دەیدەنە مووچەخۆران وەک سەدەقەیان لێکردووە.
بەغدادش پێی خۆش نیە کورد لە باشوری کوردستان
گەلێکی خۆشگوزەران بێت، بەڵکو دەیەوێت زەلیلی بەردەرگای خۆی بکات، بۆئەوەی فکرەی
نەتەوەیی و بەرخودان و سەربەخۆیی و دەوڵەتداری لە ناخیدا دەرکێشێت.
کەس نەماوەوە تێتان نەگات، کەس نیە نەتانناسێت
بۆیە دەست لە گەوجاندن هەڵگرن، هەتا بودجە پەسەند دەکرێت بەناوی نەمانی پاشەکەوتەوە
یان زیادکردنی مووچەی فەرمانبەران هەموو ڕۆژێک قسەی زل مەکەن، دواتریش دێن و پاساو
بؤ پابەندبوون بە ياساى بودجەى فيدراڵيەوە دێننەوە!