991وتار

حکومەتی هەرێم لەبەردەم شەپۆلی ناڕەزایەتدا

2/12/2019 12:58:00 PM
ئامانج هەرتەلی

حکومەتی کوردی لەبەردەم شەپۆلێکی گەورەی ناڕازی خەڵکدا، ئەم شەپۆلە لەلێوەری تەقینەوەدایە، کۆمەڵگایەک پڕبوە لەمرۆڤی بەتوانا، لێزان لەکاری جۆراو جۆر نەک هەردەتوانن خۆیان لەسەر پیان ڕابگرن، بەڵکو دەتوانن کۆمەڵگایەکی گەورە بنیات بنێن و ببنە پایەی بەهێزی درووست بوونی دەوڵەتێکی گەورەی کوردی.


بەڵام دەستەڵاتی کوردی هەموو خەونە گەورانەی تاکی کوردی فڕێداوەتە دونیای بەرژەوەندی خۆی، هەموو ئەم خەونانەی کەلەمچە کردوە لە گۆشەی هەرماڵێکدا بەندی کردوون، هەموو ئەوانەی خەونی گەورەیان هەیە ئیمکانیتێکی کەمیان لەژێر دەستدایە سەری خۆیان هەڵگرت و وڵاتیان جێهێشت، یان ئەوەتەن بڕیاری کۆچ دەدەن. ئەوانەی تریش لە کونجی بێهیوایدا بەدیار قەدەری دەستەڵاتی کوردیەوە دانیشتون، وەک ئەیوب لەسەبری کەمرشکێندا لێی پاڵکەوتون.


بەناوی قەیرانی داراییەوە ئەم دەستەڵاتی هەرێمە دۆخێکیان درووست کردوە، خەریکە کۆمەڵگا دابەشی سەر دووچین دەکەن، چینێکی بازرگانی دەستەڵات داری دەوڵەمەند، چینێکی هەژاری ڕووتوو قووتی برسی، ڕەنگە ئەم دەستەڵاتە گەیشبێتە ئەو ڕاستیەش لەترسی هەڵکوتانە سەر بەرپرسان و بردنی سەروەت و سامانیان، بڕیاری داماڵینی چەکیان دابێت، مەسلەکە ڕەنگە ئەوەندە داماڵینی چەک نەبێت بۆ ئەوەی خەڵک یەکتری نەکوژێت، ئەوەندەی پەیوەندی بەترسی بەرپرسانەوە هەیە لە توڕەی ئەوگەنجانەی لەماڵەکان کەوتنەوە بەدیار قەدەری بڕێک مووچەوە، کاتێک سەبری ئەیووبیان نامێنێت لەهەر شەقامێک و کوچەیەک بۆ بەرپرس و بازرگانێک دادەنیشن، بەڵام ڕەنگە داماڵینی چەک هێندە کاریگەری گەورە نەنوێنێ لەسەر ڕەوشی ئەم هەموو گەنجە بێکارە. بۆیە دەکرێت ئەگەر دەستەڵاتی کوردی بیر لە دۆزینەوەی کار بۆ ئەم هەموو گەنجە نەکاتەوە، ڕەنگە ڕۆژگارێک بێت، نەک بەچەک بەڵکو بە کلکە بێڵ و خاکەناز بکەونە گیانی ئەم دەستەڵاتە.


پێک نەهێنانی حکومەت و هێنان و بردنی، دوای نزیکە پێنج مانگ ئەوە بەخەڵکی کوردستان دەڵێت کە نەتوانن حکومەتێک پێکبهێنن، چۆن دەتوان خۆشگوزەرانی دابین بکەن؟ ئێوە لەسەر دووپۆست ڕێک نەبن چۆن دەتوانن لەسەر ئاسوودەی تاک ڕێک بکەون. لەکاتێکدا ئاسوودەی و خۆشگوزەرانی خەڵکی کوردستان لەژێر ڕەحامەتی بەغداد دایە، بۆیە هیواکان لەم حکومەتەشدا دیارنین و ئاسۆی ڕوونی هەر لەسەرتاوە بۆگەل پێنیە. کورد دەڵێت منداڵی بەدەرمانان قەت ناڕوات لەسەربانان.


ئەم بینەو بەردەی دەستەڵات و پێکنەهێنانی حکومەتی نوێ ترسێکی گەورەیە لەو شەپۆلەی ناڕەزایەتی کە لەهەناوی کۆمەڵگای کوردیدا خۆی حەشارداوە بۆ دوای پێکهنانی و ڕووبەڕووی دەبێتە، ئەم شەپۆلە ئەگەر بەبەرنامەیەکی تێر و تەسەل و حەلکردنی کێشەکان و بنەبڕ کردنی گەندەڵی و لابردنی مەحسووبیەت و مەنسووبیەت نەبێت، ناتوانێت خۆی لەبەردا بگرێت، بەڵام ئەگەر پێیوابێت بەلێدان و کوشتن ڕایدەگرێت ئەستەمە.  ڕۆژ دوای ڕۆژ بارستای و قەبارەی ئەم شەپۆلە زیاد دەکات. بەئەندازەی بێباکی و خەم ساردی و  لەخۆبای بوونی دەستەڵاتداران.


کەمنین ئەو شەپۆلانەی شتی گەورەیان وێران کردوە، خەونی گەورەیان تێکداوە، بۆیە ئەگەر ئەم دەستەڵاتە خەمی ئەزموونی کوردستانتانە کە بەخوێنی هەزاران کەڵەمێرد بنیات نراوە، ئەگەر خەمی لەدەستدانی شکۆی خۆیەتی، کاتی ئەوەیە حکومەتی هەرێم واز لەم بینەو بەردەیە بێنێت و حکومەتی تازە پێکبهێنرێت و بەپلانێکی گەورەوە دەست بکات بەکارەکانی ژیانی خەڵکی کوردستان باش بکات و مافی خوراوی خەڵک بداتەوە، مووچەش بگێڕێتەوە دۆخی جاران و سیستەمی کاریش ڕێکبخان، ئەگینا لەبەردەم شەپۆلی ناڕازی و نەمانی سەبری ئەیووبی ئەوانەی خەونەکانیان بەندکراوە ناگرێت تەفزوو تونادەبێت

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن