683وتار

چی مرۆڤ تەسلیم دەکات؟

9/1/2021 6:30:00 PM
ئامانج هەرتەلی

زۆر ئەوانەی ڕۆژانە قسەدەکەن و خۆیان وانیشان دەدەن پاڵەوانی ڕۆژگارن، ئەوان دەمێکە یاخین، دەمێکە سەرکێشی بەگیانیانەوە دەکەن، قوربانی گەورە دەدەن لەپێناو گەیشتن بەحەقیەقەت، چاوەڕێی گەیشتنن بەو ئامانجە کە میللەت دەخاتە ئاسودەی. بەڵام بە پێچەوانەوە دەبینین زۆرینەوەی ئەوانە تەسلیم بە دۆخێک بونە کە خۆیان لێی ناڕازین و ناڕاستەوخۆ کەوتونەتە ژێرکاریگەری دونیایەک کەپێی دەگوترێ دونیای تەکنەلۆژیا، لەپشتی ئامێری ئەلیکتڕۆنیەوە چەندان خەبیر و شارەزای زۆر بەپارەیەکی خەیاڵی ڕاست و چەپ کەوتونەتە چەواشاکاری زۆر و زەوەند، تێیدا پێش هەمووشتێک شیرازەی خێزانی تێکدەدات بەهۆی کاریگەری درووستکردن لەسەر دەرونی تاک.

ڕۆژگاری ئەمڕۆ، ڕۆژگارێکی ئاسانە بۆ فریودانی تاک چونکە تاک هێندە پەیوەست بوە بە ئامێرە ئەلیکتڕۆنیەکانەوە، بەئەندازەی خۆراک و ئاو و هەوا پەیوەستە پێیەوە، دووری خستۆتەوە لەبیرکردنەوەی ژیرانە، بۆیە ئەوەی دەیخوێنیتەوە لەتۆڕەکۆمەڵایەتیەکان هەمویان مرۆڤی یاخی و سەرکێش، بەڵام لەودیوی ئەمەوە مرۆڤێک تەسلیم بوو بە دونیای دەسەڵات، ئەو دەسەڵاتەی دەیەوێ مرۆڤێکی خەسی  لە کۆمەڵگا درووست بکات، تاوەکو لەپشتی ئەم مرۆڤە خەسیوەوە تا ئەبەد خۆی پاڵەوان بێت.

پێش ئەوەی  هەموو بەیانیەک کە لەخەو هەڵدەستێ سەدان خەونی لەناوبەرێت. دەسەڵاتێک دەیەوێ بۆ هەموتاکێک ماڵەکەی خۆی بکات بە تەمبەڵ خانە و هەمو سەرە کاتژمێرێک لەلایەن چەند مرۆڤێکی تێری خۆیەوە لەڕێگەی چەند پۆستێکەوە پێبڵێت هیچ لەدۆخەکە ناگۆڕێت، کەمانگانە بەپارەی خەیاڵی بەکرێی گرتون و کە هەر ڕۆژە لەدەزگایەک کاردەکەن، لەکوێ پارەی زیاتریان بدرێتێ لەوێ کاردەکەن بەبێ ئەوەی گوێ بە ڕەوشی کۆمەڵگە بدەن دەرەنجامەکانی چی دەبێت، بۆ ئەوەش ئەم پارە خەیاڵیەیان لێ سەرف دەکەن بۆ ئەوەی خەڵکی یاخی تەسلیم بە دەسەڵات بکەن، بەو دروشمانەی زەمانێکە دەی ئاخننە گوێی خەڵک دەڵێن؛ ئەوانە خەڵکانێک تێرن، تا ئەوانەی تریش تێر دەبن زۆری دەوێت و ژیانی تۆش کۆتای دێت، ئەمە قسەی ئەوانەیە کە بەردەوام سود لەم هەلومەرجە وەردەگرن، نایانەوێ لێیان تێکبچێت، بەڵکو لەڕێگای ئەم جۆرە قسانەوە کار لەسەر کوشتنی خەونی تەواو گۆمەڵگە دەکەن، بەمەش  خەونی هەرتاکێک دەکوژێننەوە، بۆ ئەوەی ببیتە ئەستێرەیەکی گەش و کاریگەری لەسەر نەخشەی سیاسی دابنێیت دەبێت تەسلیم نەبیت بەم قسانە، دەبێت ئامادەبی بۆ کەوتنی بەئازار و دەبێت چاوەڕوانی چەندین هەوراز و نشێو بکەیت، دەبێت چاوەڕوانی چەندین تونێلی تاریک بکەیت بۆ گوزەر کردن ، بەر چەندین بەربەستی گەورە بکەویت تا سەرکەوتن بەدەست دێنی، ئەگەر مرۆڤی شۆڕش گێڕ چاوەڕوانی ساتی خۆش و دونیای بێ گرێ و گۆڵ بێت بۆسەرکەوتن ئەمە ئەستەمە و قەت نایبینێ.

پرسیاری سەرەکی ئەوەیە ئایا تەسلیم بوویت بەم دۆخەی دەسەڵات، یان نا؟ ئەوانەی تەسلیم بە دونیای دەسەڵات بونە هەمان ئەو ئاوازانە دەڵێنەوە کە هەموو دەسەڵاتێک لەپێناوی چەواشەکردنی خەڵکەکەیدا تا دوا ساتەکانی ژیانی و تا ساتی کەوتنی دەیڵێتەوە، لەپێناوی مانەوەیدا، ئەوەی ئێستا  دەسەڵاتی کوردی شەو و ڕۆژ لە پەیج و مەڵپەڕی سێبەرەوە فڕێی دەدات ئەوەیە کەدەڵێ؛  دەنگدان هیچ نییە، سیاسەت درۆیە، دەنگ بدەی یان نەدەی ئەوانە ماونەتەوە، ئەوانە هێزی چەکداریان هەیە، پارەیان پێیە، لەگەڵ سینیش بیکات دەیباتەوە، بایکۆت دەنگدان بکەن، بایکۆت باشترین شتە، ... هتد، هەموو ئەوانە لە دەمی دەسەڵاتی کوردی دەردەچێت، هەرکەسێکیش پابەندی ئەم جۆرە لەقسانە بوو، بێ دوودڵی چەندە یاخیبێت مرۆڤێکی تەسلیم بوە، ئەوان دوای ئەوەی هەموو ڕێگەیەکیان تاقی کردوە لەپێناو مانەوە، ئەم جارە  لەسۆشیال میدیا هەوڵی تەسلیم کردنی کۆمەڵگە بەخۆیان  دەدەن، تائێستا دەسەڵات توانیویەتی کۆمەڵگە تەسلیمی ئەم دۆخە بکات.

بۆئەوەی بیسەلمێنی مرۆڤێکی یاخیت و باوڕت بەسەرکەوتنی خۆت هەیە پێویستە باوڕت بەوەبێت، دەنگدان باشترین ڕێگەی سەرکەوتنە کەتیایدا دەتوانی نەخشەی سیاسی بگۆڕێ ڕەنگی زۆنەکان کاڵکەیتەوە، دەبێت باوڕت بەوەبێ هەرکەسێک دێتە سەر کورسی دەسەڵات دەبێ خزمەتکاربێت  و خزمەتی کۆمەڵگە بکات، دەبێت باوڕ بەوەبکەیت سیاسەت زانستە نەوەک درۆ، پێتوانەبێ کاتێک دەنگتدا ئەوانە دەمێننەوە، لەسین دەبەنەوە تۆ دەبێت ئەگەر تەسلیم نەبوی هەموو ئەم قسانەی دەسەڵات بەدرۆ بخەیتەوە، ئەگینا  گومان لەخۆت بکە مرۆڤێکی تەسلیمیت هەرچەند خۆ بەیاخی و شۆڕشگێڕ بزانی، شۆڕشگێڕی بەکرداری پێچەوانەی خواستی دەسەڵات دەبێت. 

ئەوانەی دژی خواستەکانی دەسەڵاتداری پاوانخواز دەوەستنەوە، سەرسەختانە داکۆکی لەمافی خوراوی میللەت دەکەن، ئەوانەی هەموو درۆیەکی دەسەڵات ڕەت دەکەنەوە و لەسەر هەموو مافێکی کۆمەڵگە قسەیان هەیە و بەکردار داکۆکیان لێدەن، ئەوانەی دەیانەوێ بە خەڵکی بەشمەینەت دەڵێن لەمافەکانتان سڵ مەکەنەوە، دڕ بەشەوەزەنگ بدەن و مەوەستن و داکۆکی لەمافیان دەکەن، ئەوانە مرۆڤی تەسلیم بە دەسەڵات نەبوونە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن