331وتار

بۆ پەرلەمان درێژ نەکرێتەوە؟

10/4/2022 8:12:00 PM
ئامانج هەرتەلی

هاتوهاواری درێژکردنەوە یان درێژنەکردنەوەی پەرلەمان، چ لەمەسلەکە دەگۆڕێت؟ پەرلەمان چ ڕۆڵێکی هەبوە تاخەڵک چاوی لەوەبێت خەڵکی تازە و خوێنگەرم بنێرێتە پەرلەمان؟ چ لەمەسلەکە دەگۆڕێت سبەی هەڵبژاردن بکرێت؟

هەموو ئەم پرسیارانە و سەدان پرسیاریتر، مێشکمان سەرقاڵ دەکەن بەوەی با پەرلەمان ماوەی کارکردنی درێژ نەکرێتەوە، وەک ئەوەی پەرلەمان لەماوەی چوار ساڵی ڕابردوو، لەسەر کێشەی بوجە دانیشتنی کردبێت و وەزیر سامانە سروشتیەکانی بانگ کردبێت و داهاتی فرۆشی نەوت و بڕی نەوتی فرۆشراوی بۆخەڵک ئاشکرا کردبێت.

یان لەماوەی چوار ساڵی ڕابردوو، لەسەر دواخستنی پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران کۆ بوبێتەوە لایەنی پەیوەندیداری تایبەت بەم پرسە بانگهێشتی پەرلەمان کردبێت لێپرسینەوە لەگەڵ کردبێت.
پەرلەمان ڕەنگە دانیشتبێت و لەسەر داهاتی ناوخۆ و ناشەفافی و مشتومڕی قاچاغچیەتی سەر سنورەکان گفتوگۆی کردبێت،  بەیاسا ڕێگری لەم کارە کردبێت.

لەماوەی چوارساڵی ڕابردوو ڕەنگە پەرلەمان هاتبێت لەسەر گرانی بازاڕ و نرخی سوتەمەنی، خراپی دەرمان و سەدان کێشەیتر دانیشتبێت، گرفتەکانی کۆمەڵگەی کوردی بوبێتە باس و خواسی پەرلەمان.
پەرلەمان هیچ خەمی خەڵکی نەبوە، هیچ لەکێشە کەڵەکە بوانی ئەم گەلەی نەبۆتە پرس و خەمی خۆی تابڵێین پەرلەمانێکی چالاک بووە، لە ئاست خواستی خەڵک دابووە، ئەم خولەی پەرلەمان خراپترین خول بووە، چونکە لەم خولەدا سەدان کێشەی هاوڵاتیان هەبووە، کەچی هیچ کێشەیەک خەمی پەرلەمان نەبووە، نەک چارەسەری بۆ نەدۆزراوەتەوە بەڵکو هەر باسی نەبووە.

بۆیە ئەم پەرلەمانە ئەگەر دێژ بکرێتەوە چی دەبێت؟ ئەگەر درێژ نەکرێتەوە چ لەمەسلەکە دەگۆڕێت؟

ئەم پەرلەمانە مردووە ئەگەر درێژ بکرێتەوە، بۆماوەیەکی تر خەڵک لە ژاوەژاوی هەڵبژاردن دوردەبێت، خەڵک بە بەڵێنی درۆینەی هەڵبژاردن سەرقاڵ ناکرێت، دواجاریش نەتیجەی هەڵبژاردن ڕون و ئاشکرایە کە بریتیە لە تەزویرێکی ڕێکخراو.  دواجار جگەلە هەندێک ڕۆبۆتی تری حیزبی دەنێردرێن بۆ پەرلەمان، ئەم ڕۆبۆتانە بەوزە و گیانی خەڵک کاردەکەن لە پێناوی بەرژەوەندی حیزب، کەواتە مانەوەی ئەم ڕۆبۆتانە بۆ خزمەتی حیزب زۆر باشترە لەوەی هەندێکی بنێرینە پەرلەمان.

ئەگەر درێژ نەکرێتەوە هیچ لەمەسەلەکە ناگۆڕێت، بەڵکو ئەوەی دەگۆڕێت کۆمەڵێک دەمووچاوی تازەی کادری حیزبە، کە بۆ پاراستنی بەرژەوەندی باڵای حیزب دایاندەمەزرێنن لە ژێرناوی هەڵبژاردن و دیموکراسی، خەڵکیش سەرقاڵ دەکەن بە کۆمەڵێک درۆ و بەڵێنی بێکردار، کە هیچیان جێبەجێناکرێن و تەنها بۆگەوجاندنی خەڵکە، بەوەش خەڵک لە درۆکانی هەڵبژاردن تێری  خواردووە، سەرەنجام بەشداری پڕۆسەکەناکات و بۆ کادرانی حیزبەکانی جێدەهێڵن، بەتەزویرات ڕێژەی بەشداری لە کاتژمێرەکانی کۆتایدا پڕی دەکەنەوە، ئەوەش وادەکات پڕۆسەیەکی ناشەفاف دەبێت.

دواجار هەموو هەڵبژاردنێکیان بۆ ئەوەیە بڵێن هەڵبژاردن دەکرێت، ئەگینا دووحوکم و دووئیدارە بونی هەیە، لەئێستادا زۆر بەڕوونی هەستی پێدەکرێت. لە ئێستا دەکرێت لەبری درێژنەکردنەوە پەرلەمان هەڵوەشێننەوە و مەکتەب سیاسی حیزبەکان ئەو ڕۆڵە بگێڕن. بەڵام بۆ ئەوەی بڵێن پەرلەمان هەیە با ئەم تیمە تا دوا ساڵی تەمەنی ئەم دەسەڵاتە بمێنێتەوە، چونکە هیچ خزمەتێک ناکات، باخەڵکیش بەخۆیەوە سەرقاڵ نەکات.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن