تاکەی ئێوە بڕیاری گۆشەگیرکردنی خەڵک دەدەن؟
3/1/2024 7:17:00 PM
ئامانج هەرتەلی
چەند ڕۆژێکە زۆرینەی خەڵک خۆشحاڵ و کەمینەی دەسەڵات نیگەرانە بەبڕیاری
دادگای فیدڕاڵی عێراق لەبارەی کێشەی مووچە. کێشەی مووچە ئەگەر بڕیار وایە حکومەتی
هەرێم چارەسەری بکات، پێویست ناکات، چاوی لەدەسڵاتی بەغدابێت بۆ پێدانی مووچە، چەندین ساڵە حکومەتی هەرێم نەوت دەفرۆشێت، هەردەیانگوت مووچەی فەرمانبەران
لەلای بەغدایە، پێویستە بەغدا موچە بدات، لەژێر ئەم بانگەشەیدا چەندین مووچەی فەرمانبەرانیان
پاشەکەوت کرد، خەڵکی کوردستانیان توشی قەیرانی قوڵی ژیان کرد.
کاتێک خەڵک توشی قەیرانی قوڵی دارایی بوو، بەبیانوی نەناردنی پارە لەلای بەغدا،
خۆیان لە داهاتی فرۆشی نەوت دەدزیەوە کاتیان بە مووچەخۆرانیان دەکوشت، کەچی ئەمڕۆ
دوای ڕاگرتنی نەوت دەڵێن: ئەگەر ئێمە نەوتمان سەربەخۆ بفرۆشتایە موچەکان دوانەدەکەوت،
وەک ئەوەی دە ساڵبێت ئەم حکومەتە نەوتی نەفرۆشتبێت، لەسایەی ئابوری سەربەخۆ، چەندین
مووچە پاشەکەوت نەکرابێت، و بەغدا و موچەخۆرانیش بوختان بۆ ئەم دەسەڵاتە بکەن.
دوای دە ساڵ چەوساندنەوەی خەڵک و دەست بەسەرداگرتنی مووچە و قوتی خەڵک، ئەم
دەسەڵاتە هێشتا بەغدا تاوانبار دەکات، دواجار بەغدا لەسەر داواکاری مووچەخۆرانی هەرێم،
لەڕێگەی دادگای فیدڕاڵی لەخزمەت خەڵک بەدابەشکردنی مووچە ڕاستەوخۆ لەلایەن بەغداوە
بڕیاری دا، بەوەش دەسەڵاتدارانی هەرێم نیگەرانن.
کە ئەم بڕیارە نیگەرانی کردوون، دە ساڵە لەژێر ئابوری سەربەخۆدا چەند مووچەی
خەڵکتان لەلایە؟ ئەگەر پێتان وایە ستەمە لەحکومەتی هەرێم دەکرێت، بۆ واتانکرد خەڵک
پەنا بۆ دادگای فیدڕاڵی بەرێت؟ ئەگەر ئەوە بە هەڵوەشانەوەی هەرێم دەزانن، بۆ زیاتر
لە پێنج مانگ مامۆستایان لەسەر شەقام بوون یەک داواکاریتان بۆجێ بەجێ نەکردن؟ بەڵکو
سێ مووچەشتان پاشەکەوت کرد؟ کوان سێمووچەی پایزی ساڵی ڕابردوو؟ ئەگەر خۆتان بەخەمخۆری خەڵک دەزانن بۆ لەژێر
ناوی ئابوری سەربەخۆدا پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەرانتان ڕاگرتوە؟ ئەگەر ئەمە ستەم
نەبێت چی ستەمە؟
تەواوی ئەم پرسیارانەی سەرەوە وایان کرد هەم بەغدا هەستی بەستەمکاری ئەم دەسەڵاتە
و هەم دادگای فیدڕاڵی دەزانێت کە ناردنی پارە بەتەنها خزمەت بەم خەڵکە ناکات، بەڵکو
زیانی زۆری داوا لەخەڵک و پێویستە لەمەولا خۆیان ئیدارەی پارەی ئەم خەڵکە بدەن،
چونکە بەبێ ڕاستەوخۆی ئیدارەدانی بەغدا ئەوان هەست دەکەن کەستەم لەم خەڵکە دەکرێت،
بەپارە نەدان و پلە بەرزنەکردنەوەی فەرمانبەرانی مەدەنی.
بۆیە بڕیاری دادگای فیداڕاڵی ئەگەر ستەمکارنەیە، فەرموو دەساڵە پلەتان ڕاگرتوە؟
بۆچی ڕاتان گرتوە؟ بۆچی مافی فەرمانبەران دەخۆن ئەگەر ڕاستگۆن و نیەت پاکن بەرامبەر
بەخەڵکی خۆتان، ئەگەر ئێوە ئەم مافانەتان نەخواردایە خەڵکیش نەدەچوە بەغدا، ئێوە بەستەمی
دەستی خۆتان ئەم دەرگایەتان کردەوە، کەخەڵک ڕێگای دادگای فیدڕاڵی بگرێتەبەر
ئەگەر دڵسۆزن بۆخەڵک و نیشتمان ئەم هەموو باجانە بۆچییە؟ دوای ئەم باجانە چیان
لێدێت؟ باری قورسی باج و دواکەوتنی مووچە و گرانی سوتەمەن و بونی نەخۆشخانەی ئەهلی
و ووێران کردنی کەرتی تەندرووستی بەدەستی حکومەتی هەرێم، بەناچاری خەڵک بەبڕیاری
دادگای فیدڕاڵی دڵخۆش دەبن.
هیچ بیانویەکیش بەبەغدا مەگرن، ڕاستگۆ بونایە لەگەڵ خەڵک و هاونیشتمانیانی
خۆتان، بازاڕتان قورغ نەکردایە، سوتەمەنیتان گران نەکردایە، ڕێگریتان لە دەرمانی و
خۆراکی بەسەرچوو بکردایە، ڕێگرتان لە
درووست کردنی نەخۆشخانەی ئەهلی بکردایە، نەخۆشخانەی گشتیتان وێران نەکردایە، بەغداش جورئەتی بڕیاری لەم جۆرەی نەکرد، دەیانزانی خەڵک
پشگیرتانە. هەموو ئەوبڕیارانەی لەبەغدا دەدرێن
دژی حکومەتی هەرێم، سەبەبکاری خۆتانن و بەس.
بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی ئێستا لەبەرژەوەندی هەمولایەکە، وابڕوات مل بۆ
داواکانی دادگای فیدڕاڵی نەدەن، زیاتریش شت لەدەست دەدەن، بەوەش ئێستا خەڵک شوێنی
وەرگرتنی سکاڵاکانی دۆزیوەتەوە، تا ئێوە بڕیاری گۆشەگیرکردنی خەڵک بدەن، خەڵکیش بە
سکاڵاکانیان زیاتر ئێوە بە دادگای فیدڕاڵی گۆشەگیر دەکات، لەکۆمەڵگەی نێودەوڵەتی
داتاندەبڕن. بۆیە ئێستا خەڵک چاوکراوەترە لەئێوە، تائێستا خەڵک ڕێزیان لەئەزموونی
هەرێم دەگرت، بەڵام کەئێوە بە ستەمکردن لەخەڵک ڕێز لەخۆتان و هەرێم ناگرن، خەڵکیش
ناچارە لەپێناوی شکۆی خۆی، شکۆی ئێوەش بەناچاری بشکێنێت.