408وتار

تا ناڕەزایی زیاتر هەڵنەکشاون کاتی بەخۆداچونەوەیە

4/21/2022 10:31:00 PM
ئامانج هەرتەلی




دیارە سەردانی بارزانی لە دوای دیداری ئۆردۆغان بۆ بەریتانیا، پەیوەندی بەو داگیرکاریەی بەریتانیاوە هەیە کە لەدوای جەنگی جیهانی یەکەم، وڵاتانی براوەی جەنگی جیهانی یەکەم کەوتنە دابەش کردنی میراتی پیاوە نەخۆشەکە،  میراتی بەپیاوە نەخۆشەکە دەوڵەتی عوسمانیە.

جەنگی جیهانی یەکەم بۆ گەلێکی وەک گەلی کورد، کەتیایدا میراتی پیاوە نەخۆشەکە دابەشکرا، جەنگێکی ماڵوێرانی بوو، کە بوەهۆی دابەش بوونی کورد بەسەر سێ گەلی ناوچەکەدا،  فارس و تورک و عەرەب. چوار وڵاتی وەک ئیران و تورکیا و سوریا و عێراق. دوای ئەوەی لە ڕێکەوتن نامەی سیڤەردا مافەکانی کورد جێگیرکرا، بەڵام کورد لەم ماوەیەدا وەک ئێستا لەبەر پەرتەوازەیی و دووبەرەکی و لەخۆبایی و عینادی. وایکرد گەلەکەمان لەمافی سەربەخۆی و ئازادی بێبەشبێت، لەبەر بێ هێزی کورد لەبواری دیبلۆماسی و لایەنی ڕۆشنبیری نەتەوەیی و بەگرنگ سەیرنەکردنی تاکی کورد و خاک و نیشتمان نەیانتوانی وەک گەلانی عەرەب و فارس و تورک خۆیان بکەن بەخاوەنی گەل و نیشتمان و  دەوڵەت بۆگەلی کورد درووست بکەن.

ئەوەی جێگای قسە لەسەر کردنە و بابەتی رۆژە، سەردانی وەفدی حکومەتی هەرێمە بۆ بەریتانیا، ئەم سەردانە بەدەرەجە یەک بۆ ڕازیکردنی بەریتانیا خاوەنی ویلایەتی مووسڵە بۆئەوەی لەڕێگای تورکیاوە غازی کوردستان بەجیهانی بکرێت، چونکە کوردستانی باشوور بەشێکە لەویلایەتی کونی دەوڵەتی عوسمانی کە وەک دەسکەوتی جەنگی جیهانی یەکەم بوە بەرکەوتەی بەریتانیا و بەبڕی ١٥ ملیۆن لیرەی ئەستەرلینی و ڕوخانی شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران لەپێناو سەرپێخستنی دەوڵەتی کەمالی خرایە سەر عێراقی مەلیکی و بەریتانیا سوود مەندی یەکەم بوو، ئێستاش خۆی بەخاونی دەزانێت.

لەدوای سەردانی بارزانی بۆ دەرەوە بەمەبەستی فرۆشتنی غازی باشوری کوردستان، کاتێک دەچێت بۆ تورکیا و کۆبونەوەی لەگەڵ ئۆردۆغان، بەشێوەیەک خرایەڕوو کەگوایە بۆ بەبازاڕ کردنی غاز بووە، بەڵام ڕێک لەوکاتەدا تورکیا هێرش بۆسەر باشوری کوردستان دەستپێدەکات، پرسیار ئەوەیه ئایا تورکیا بۆچی هێرش دەکاتە سەر باشوری کوردستان، لەمکاتەدا کەدەیەوێت غازی کوردستان بۆشایی غازی ڕووسی لەجیهاندا پڕبکاتەوە؟ مەبەست لەم هێرشە بۆ بزرکردنی فرۆشتنی غازە لەلای خەڵکی و سەرقاڵکردنی خەڵکە بەم شەڕەوە؟ یان پیلانێکە بۆ ناچارکردنی هەرێم و وڵاتانی بەڕازی بوون بەفرۆشتنی غاز بەتورکیا؟ یان ئەوەتە لەپێناو بەبازاڕکردن و پڕکردنەوەی وزەی ئەوروپا بەغازی کوردستان جیهان ناچاربکات وەک چۆن بەریتانیا لەساڵی ١٩٢٥ لەپێناو بەدەستهێنانی ویلایەتی موسڵ دەسبەرداری شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران بوو، ئێستاش ئەمریکا و ئەورووپا ناچار بکات دەسبەرداری پەکەکە و ڕۆژئاوای کوردستان بن بۆ ئەوەی ڕێگە بەغازی باشوور بدرێت لەڕێگەی تورکیاوە بگاتە دەستیان، لەم قەیرانە ڕزگاریانبێت کە بەهۆی نەکڕینی وزەی ڕووسیاوە بۆشایی گەورە درووست دەبێت بۆیان. 

هەروەها چونی بارزانیش بۆلەندەن بۆ ئەوەیە وەک فرۆشتنی نەوتی کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان بەڕووسیا و ناچارکردنی بەڕادەستکردنەوەی بەحکومەتی عێراقی، لەلایەن وڵاتانی وەک بەریتانیا و ئەمریکا، پێدەچێت ڕیفراندۆمی سەربەخۆی کوردستانیش لەپێناو ئەوسینارۆیەیدا کرابێت تاوەکو پەردەپۆشی فرۆشتنی نەوتی کەرکوک بەڕووسیا بکەن و خۆ لەشەرمەزاری هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی نەوت ڕزگاربکەن، جارێکیتر تووشی هەمان ڕەوش نەبنەوە کە توشی هاتن لەفرۆشتنیدا، دواتر یەکتریان بەجاش تاوانبار دەکرد، پێدەچێت ڕادەست نەکردنەوەی پارێزگاری کەرکوک بەکوردیش هەر ئەویاریە جیهانیەبێت کەهەیە و شەڕە لەسەر وزە.

بەڵام سەردانی بارزانی بۆبەریتانیا بەمەبەستی ڕازیکردنی ئەم وڵاتە کە ڕێگە بدات بەفرۆشتنی غاز بەجیهان کەوەک میراتی پیاوە نەخۆشەکە هێشتا حوکمی پێوەدەکات، لەکاتێکدا حکومەتی هەرێم هەمان ئەو دەردەی هەیە کەپیاوە نەخۆشەکە(دەوڵەتی عوسمانی) هەیبوو. پێدەچێت دوای ئەو خۆپیشاندانەی بەریتانیا لەدژی سەرۆکی حکومەت کاردانەوەی نەرێنی بۆسەر دەسەڵاتی بارزانی هەبێت لە ڕێگەدان بەفرۆشتنی غاز، وڵاتان بەهۆی کۆچی بەلێشاوی گەنجانی کورد بۆدەرەوە لەبێکاری لەسەر وڵاتێکی پڕلە داهات،  ناڕەزایەتی خەڵک بەهۆی دۆخی خراپی ژیانیان، هەروها گیرانی خەڵک لەسەر دەربڕینی ناڕەزایی و گوشاری نێودەوڵەتی بۆ ئازادکردنیان، بەڵام گوێ پێنەدان بەڕای دۆستان، هەروەها هێلکە بارانکردنی بارزانی وەک سەرۆکی حکومەت لەوڵاتێکی گەورەی وەک بەریتانیا کە ئێستاش خۆی بەخاوەنی عێراق دەزانێ. دەبێتە جێگای تێڕامان لای بەریتانیەکان. بۆچی دەبێت خەڵکی خۆی پەلاماری بدات؟ لەکاتێکدا ئاگاداری وردوودرشتی دۆخی سیاسی و ئابوری خەڵکی کوردستانن.

ئەگەر تادوێنێ ناڕەزایەتیکانی خەڵک لەشەقام بەخۆپیشاندان بووبێت دژی دەسەڵاتی کوردی بەهۆی دۆخی خراپی ژیان و نەدانی مووچە بەهۆی خراپ فرۆشتنی نەوت و ناشەفافی لەداهات و گەندەڵی و قۆرخکردنی بازاڕ، خەڵکی ناچار بەهەڵاتن بۆ دەرەوە کردبێ، ئیدی دوای گوێ پێنەدان و بەهەند وەرنەگرتنی ناڕەزایەتیەکان، حیساب نەکردن بۆ گەل،  خەڵک ناڕەزایەتی گۆڕی بۆ تێگرتنی هێلکە لەو شوێنەی کەپێویستە گوێی بۆ بگرن، لەوشوێنەی کە حیسابتان لەسەر دەکرێت و ئێوەش حیسابی پێویستە بۆ گەل بکەن، چیتر پێویست ناکات لەوەزیاتر گەل ماندووبکرێت، ئەگینا لەهێلکەوە دەگۆڕێت بۆشتی گەورەتر ئەوکات هەمووشتێک لەدەست دەردەچێت. هەروەها ئیدی گەل پێناچێ لەوەزیاتر بەدیار مەرگی خۆی دانیشێت، وەک چۆن نەوت بۆ نەگبەتی بۆژیانیان، غازیش ببێتە هەوێنی کولەمەرگی.

ناڕەزایەتی  خەڵک بەردەوام ڕووی لەهەڵکشانە، خەڵک شێوازی ناڕەزایەتیەکانی خۆی بەئەندازەی خراپی دۆخی ژیانی و گوێنەگرتنی دەسەڵات بۆ داخوازی خەڵک و بێزارکردنی بەردەوامی خەڵک گۆڕیوە، ئەوکاتەی خەڵک وڵات لەبێکاری جێدەهێڵێت ئیجە دەکاتە نیشتمانی، دەبێت لەوڵاتەی بۆی دەچێت، دەسەڵاتداران لەبری گوڵ چاوەڕوانی هێلکەبن. لەبری پێشوازی چاوەڕوانی ڕق و توڕەبوونی خەڵک بکەن. لەبری هوتافی بژی سەرۆک دەبێت گوێت لەدەنگی قسەی ڕەق و دڵ شکێن بکەن.

هەڵکشانی ناڕەزایەتیەکانی خەڵک بەسەردانی ئۆردۆغان و ڕازی کردنی لەندەن خاونابێتەوە، ئۆردۆغان خەونی کوشتنی هەموو کوردە، لەندەنیش ئامانجی بەدەستهێنانی خۆشگوزەرانیە بۆخۆیان، بۆیە هەڵکشانی ناڕەزایەتی خەڵک و گۆڕینی شێوازی ناڕەزایەتیەکان خەڵک پەیامێکی ڕوونی ئاگرینە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن