589وتار

چی لە پشتی درووست بونی بزووتنەوەی گۆڕان بوو؟

7/25/2021 10:57:00 AM
ئامانج هەرتەلی


ئامانجی نەوشیروان مستەفا لە درووست کردنی بزووتنەوەی گۆڕان، کە بەیەکەمین هێزە دادەنرێت، کەفەلسەفەی کاری گۆڕینی دەسەڵات بوو لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە، بۆ یەکەمینجار ئاڕاستەی کاری سیاسی بەڕێگای مەدەنی و دوور لەتوندوتیژی هەڵبژرد، ئامانجی گەورەی چاکەی گشتی و تەبایی و ئارامی نیشتمان و سەروەری یاسا و وەستانەوە دژی گەندەڵی بوو. ئەم کارەی نەوشیروان مستەفا ڕەگێکی مێژووی قوڵی هەبوو، یەکەمین هەنگاوی لەسەرەتای درووست کردنی حکومەتی کوردی دەردەکەوێ، ئەوکات ویستی حکومەتی کوردی خاوەنی یەک هێزی پێشمەرگەبێت، دادگاکان سەربەخۆبن و پۆلیس و ئاسیش بە ڕۆڵی خۆیان هەستن، ئەوکات بەم ئاسانییە نەیان توانی ئێستا دوای درووست بوونی ئەم هەموو بەرژەوەندیە گەورانە ئەستەمە بکرێت، بەڵام ئەوە دەتوانرێ بکرێ چەند ئەستەمبێت ئەگەر ئیرادە هەبێت. 

٢٥ی٧ هەمووساڵی یادی شۆڕێکی سپییە لە دژی نادادی و قۆرغکاری ساسی و ئابوری، دوای ئەوەی نەوشیروان مستەفا هەمیشە لە پێناو گەشەکردنی کۆمەڵگای کوردی هەوڵیداوە بێترس و سڵەمینەوە بەگژ ستەمی دووژمنانی کوردا بچێتەوە و هاوکات بەرامبەر دەسەڵاتی کوردی وەستاوەتەوە لەسەر نادادی و گەندەڵی و خراپەکاری کەدەکرێت، ( کریس کۆچێرا)  لەو ڕاپۆرتەی، لە ئایاری ساڵی ٢٠٠٨ لە ژمارە ٣٨٩ گۆڤاری The middle east دا بڵاوی کردۆتەوە دەنوسێت: نەوشیروان مستەفا، بە ((  منداڵە ترسناکەکەی)) بزووتنەوەی نەتەوەی کوردی عیراق ناسراوە، هەروەها ئاماژە بەوە دەکات کە لە خاوەنی ڕۆژنامەیەکە بەناوی (( ڕۆژنامە))  لەگەڵ سایتێکی جەماوەری، کە تیایدا بەڕاشکاوی  باس لەو شتانە دەکات کە زۆرێک لە خەڵکی تەنانەت ناتوانن بەچرپەش باسی لێوە بکەن.

کریس کۆچێرا لەهەمان ڕاپۆرتدا ڕۆشنای دەخاتە سەر قسەیەکی نەوشیروان مستەفا، (( ئێمە بەیەکەوە قسە دەکەین، من هاوڕێیانم نەک دوژمنیان، دەمەوێت چاکسازیی لەحکومەت، لە پەرلەمان، لەو بیرۆکراسیەتەی هەیە بکەم. واباشترە کە کێشەیەک دەبێت گفتوگۆی لە بارەوە بکرێت)).

ئەم قسەیەی کاک نەوشیروان ئاماژەی ڕونە کە درووست کردنی بزووتنەوەی گۆڕان لەم کاتەدا، بۆ دژایەتی کردنی کەس و لایەنی سیاسی نەبوە، بەڵکو بۆچاکردنی دۆخی خراپی حوکمڕانی هەرێمی کوردستان بوە، بۆ ئەوەی ئەم هەرێمەمان لەدەست نەچێ کە بەخوێنی هەزاران ڕۆڵەی ئەم نەتەوەیە بنیات نراوە.


دوای ئەوەی هەوڵ و توانای زۆری خۆی لەناو یەکێتی تەرخاندەکات بۆ گۆڕینی کاری حکومڕانی و سیاسی حیزبەکەی، سەرناگرێت بڕیار دەدات واز لەحیزبایەتی بهێنێت و دوورکەوێتەوە بۆ ئەم مەبەسەتە، لەچاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەی هاوڵاتی ژمارە ٣١٠ی ٢٤ی ١ی ٢٠٠٧ لەگەڵ نەوشیروان نەوشیروان مستەفا بەم شێوەیە لەسەر ئەم بارودۆخە  وەڵامی ئەم پرسیارە دەداتەوە. 

هاوڵاتی: ئەم کشانەوەیەت لە ژیانی حیزبیی چ جییاوازییەکی هەیە لەگەڵ ئەوەی ساڵی ۱۹۹٤ دا، ئایا ڕووداوی وەک ئەوەی ساڵی ۱۹۹٥ جارێکی تر ئەتهێنێتەوە ناو ژیانی حیزبی؟
نەوشیروان : من ئەوجارانەی دوورکەوتوومەتەوە لە ژیانی حیزبی  لە هەندێک لە  کۆبوونەوەکانی ناو  کوردستاندا دوورکەوتوومەتەوە، ئەگینا لەکاتی ڕووخاندنی صەدامدا منی تیابووم، لەنوسینی دەستوردا منی تیابووم، گفتوگۆکانی نێوان پارتی و یەکێتی لەکاتی شەڕدا، جارێک لە تاران بووم، جارێک لە ئێرلەندا بووم، جارێک لە پاریس منی تیابووم، ڕەنگە لە کۆبوونەوەی شانە و کۆمیتە و ڕەنگە دوورکەوتبمەوە، ئەگینا لە ڕووداوە سیاسیە گەورەکاندا بەشداربووم، دوورکەوتنەوەی من لەو زەمانەدا لەبەرئەوە بووە لەناو یەکێتیدا شەڕی ناوخۆ هەبوو، من کەسێکم لەزۆر لاوە بەوە تاوانبارم دەکەن کە دەستم هەبووە لەهەڵگیرسانی شەڕی براکوژیدا ، شەڕم کردووە لەگەڵ لایەنی جیاجیادا، قەت حەزم نەکردووە لەناو یەکێتیدا شتێک هەڵبگیرسێت سەبەبەکەی بگەڕێننەوە بۆ من، بڵێن شەڕی کەس نەما شەڕی یەکێتیشی کرد، ئەمجارەیان بۆیە چووومە دەرەوە.

نەوشیروان مستەفا، ئامانجی لە دروست کردنی بزووتنەوەی گۆڕان، گۆڕینی دۆخی تەواوی هەرێمی کوردستان بۆ دۆخێکی زۆرباشتر کە شایەن بە خەڵکی کوردستان بێت، بۆ ئەوەی لەڕێگەی ئەم بزووتنەوەیە بتوانێ والا حیزبەکانی  کوردی بکات،  لەبیری چارەکردنی کێشەکان لەڕێەی  چەکەوە بگۆڕێ بۆ گفتوگۆ،  بۆیە بەم جۆرە لەکاری حیزبایەتی بێزار دەبێت، لە هەنگاوی نوێدیدا، بە درووست کردنی بزووتنەوەیەکی تازە  دەست بە  پەرەپێدان و تەواوکردنی کاری سیاسی خۆی دەکات کە تێیدا خزمەت بە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بکات.

رەوانشاد دەیەوێت ئەو عاقڵیەتەی حوکمڕانی بگۆڕێ، کە بەدرێژای خەباتی چەکداری ئاڕاستەی سیاسی زەڕبەدان بوە لە دامەزراوەکانی دەوڵەت، پێیوایە تا ئەم ساتە دەسەڵاتی کوردی هێشتا درێژە بەم جۆرە لە ڕێبازی کاری دەدات بۆیەش نەی توانیوە لەم جوغزی بیرکردنەوەی  بچێتەدەرەوە، لەوەڵامی یەکێک لە پرسیارەکانی  (( ڕۆژنامەی ئاسۆ)) ژمارە ٢٧ی ٦ی ٢٠٠٦، دەڵێت: تۆ پەرەپێدانی سیاسی لە وڵاتێکدا کە ئێمە بە درێژایی  هەشتا ساڵ لە شەڕدا بووین لەگەڵ حکومەتدا ، حکومەتت بەهی خۆت نەزانیوە ، داموودەزگاکانت بەهی خۆت نەزانیوە ، پرد و ڕێگا و تاوەری کارەبات بەهی خۆت نەزانیوە ،  ماوەیەکی درێژ خەڵکت ڕاهێناوە لەسەر ئەوەی ئەمانە چۆن تێکبدەن ، پاش ئەوەی حکومەت دەگرێتە دەست دەبێت بە پارێزەری ئەمانە ، لەتێکدەرەوە دەبیت بە بنیاتنەر ، ئەو پرۆسەیه واتە گۆڕانی ئەوەی خەڵکی لە شەڕکەرەوە بکەیت بە بنیاتنەر ، بیکەی بەوەی کە عەرەب پێی دەڵێت (رجل الدولە) پرۆسەیەکی زۆر زۆر ئاڵۆزە
ڕەوانشاد بزووتنەوەی گۆڕانی لە بەر ئەم دۆخە درووست کردوە، کەهەندێک کەس بێ تێگەیشتن لەفکر و ئایدۆلۆژیای گۆڕان، ئەوەیە فەلسەفە و تێڕامانی ڕەوانشاد بۆ گۆڕانکاری کۆمەڵگەی کوردی، دەسەڵاتی کوردی لە جێ بەجێکردنی هەنگاوەکانی ڕەوانشاد خۆیان قەزانجی گەورەیان دەکرد، بەڵام بەداخەوە بەرژەوەندی باڵای کەسی و دواتریش حیزبی لەسەروی بەرژەوەندی دانراوە، ئەوەی لەسەروی ئەوانیشە بەرژەوەندی وەڵاتانی داگیرکەر بەگرنگترین دانراوە، ئەمەیە وایکردوە هەرزوو بزووتنەوەی  گۆڕان وەک دووژمن سەیرکرا و کەوتنە دژایەتی کردنی، چونکە بەرژەوەندی کەسی و حیزبی و وڵاتانی داگیرکەر دەکەوتە بەرمەترسی و بەرژەوەندی باڵای گەل سەر دەکەوت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن