215وتار

لە ٢٥ حەوتدا چی گۆڕدرا؟

7/22/2024 2:39:00 PM
ئامانج هەرتەلی

گۆڕان ئەو هێزاتازەیە بوو لەم ڕۆژدا چرای ئازادی بۆ خەڵکی داگیرساند، خەڵکیش سنورێکی بەردینی پتەوی لەنێوان  دەسەڵات و خۆیدا شکاند، پیشانی دەسەڵاتی کوردیدا کە ئەوان زۆر دوور کەوتونەتەوە لەخەڵک و جیاوازترن لەم خەڵکە، خەڵک جیاوازتر دەژیت و بیردەکاتەوە، خەونی هەردووکیان زۆر دوورە لەیەکتری، کەچی هێشتا لەتیڤیەکانەوە دەسەڵاتداران بەئاوازی شاخ دەدوێن، بەڵام نەنانی ئەوێڕۆژێ دەخۆن و نەجل و بەرگی ئەو کات لەبەردەکەون و نە ئۆتۆمۆبیلی ئەو سەردەم پیاسەدەکەن و نەلە خانوی ئەو سەردەمدا دەژین، کەچی خەڵک بەم وتارانە ماندوو دەکەن، ئەمە وایکرد بوو خەڵک لەم قسانە بێزاربێت، تیڤیەکانیش ناشیرین بن. بەڵام لەم قۆناغی بێ ئومێدیەدا پیاوێکی ماندوو دێت، بەزمانێکی تازە دەدوێت، بە عەقڵی تازە بیردەکاتەوە و لە تیڤی تازە دەردەکەوێت کە پڕۆژەی تازەی پێیە بۆ ژیان و بۆ بەڕێوەبردنی حوکمی کوردی، کەچی هێشتا وەک سەردەمی شاخ دەژیا و بەجل و بەرگی هەژاران و بەسادەی لەگەڵ خەڵک دەرکەوت، ئەمە وایکرد خەڵک وەک سمبولی ئازادی و سەرکردە و ڕۆشنای ڕێگای تازەی ژیانیان قبوڵکرد.

 ٢٥ی تەمووز لەمێژووی حوکمڕانیڕانی کوردیدا ڕۆژێکی دیارە، ئەوڕۆژە زۆربیرکردنەوەی گۆڕی، زۆر پێشبینی سەرەو ژێرکرد و فەرهەنگی سیاسی کوردی پێداچونەوەی قوڵی بەخۆیەوە دی، خەیاڵدانی هەندێک سیاسی بەتاڵ پیشیاندا و پێشبینی خەڵکی بەرژەوەندی خواز و هەرزەی سیاسی و سیاسی پاوانخواز و بەرژەوەندی خوازی بەتاڵکردەوە، لەو ڕۆژەدا خەڵکی کوردستان بەیەک دەنگ هاوشێوەی ڕاپەڕینی بەهاری ساڵی ١٩٩١ی خەڵکی کوردستان بەدەسەڵاتی کوردیان وت تەواو. 

٢٥ی تەموزی٢٠٠٩، کۆتاییان بەخەونی درێژخایەنی خەباتی شۆڕشگێڕی خۆیان هێنابوو، بەرگی ئەم درووشمە بریقەدارانەیان لەبەردا داماڵین و بەرگی گەندەڵی و فەسادی ئیداری و شکستی حوکمڕانی پیشانی خەڵکدا، لەم ڕێکەوتە بەم لاوە دەسەڵاتی کوردی دانی بە شست و گەندەڵی و دزی خۆیدانا، لەغرووری سەرکەوتنەکانیەوە کەوت بەسەر شکستەکانیدا، لەغرووری بەبت بوونەوە کەوتنەوە بەسەر شکستەکانی خۆیاندا و گەڕانەوە ناو کەوڵی خۆیان و لەبەردەم ئاوێنەی گەلدا خۆیان  بیننیەوە وەک مرۆڤێکی ناشیرین و گەندەڵ بوو. 

٢٥ی تەمووز خەڵکی کوردستان تەواوی فەرهەنگی سیاسی حوکمی کوردی بەولەوەی خستە ژێر پرسیاری قوڵ و تیغی تیژی گەل، کەدەسەڵاتدارانی هەرێم لەماوەی حوکمڕانی خۆیان پێچەوانەی خەڵکی کوردستان هەنگاو ناوە، دژ بە خواست و ویستی خەڵکی کوردستان جوڵاونەتەوە، دەیانویست و خواستی ئەوەیان هەبوو، وەکو پاشا و پیاوانی ئاینی سەدەکانی ناوەڕاستی ئەوروپا خۆیان لەقاڵبدەن و خەڵک لە پێناوی خواستەخۆیان بەکاربهێنن، بەهەر شوێنێکدا ڕۆیشتن خەڵک سەریان داخەن و بەرزنەکەوە، هەمووشتێکی وڵات بەگیانی خەڵکەکەشەوە بۆخۆیان و خانەوادەکانیانبێت، لەم ڕۆژەدا خەڵک هەمووشتێکی پێچەوانە کردەوە و هەموو خواستی ئەم دەسەڵاتەی ژێرپێخست. بەدەنگێکی ئازاد بەهاوارێکی بڵند و نەرم و بە ئاوازێکی زۆر جوامێرانە هەموو خواستێکی داسەپاوی لەخەیاڵدانی بەرپرسانی ڕەتکردەوە، ئەوانیشی هێنایەوە هۆشی خۆیان.

 لەم ڕۆژە بەم لاوە، ئیدی بەرپرسان کەخەونی ئەوەیان دەبینی کەتەنها لەسەیارەی جەم ڕەشەوە بەچاوێکی ناشیرین بڕواننە خەڵک، گۆڕان و خەڵک لەڕێگەی دەنگدان بەگۆڕانەوە جارێکیتر بەرپرسە غروورەکانی هێنایەوە ناوخەڵک و لەپێناوی دەنگدا شارەو شاری پێکردن و لەدەرگای هەموو خەڵکی پێدان، ئەمە ئەو گۆڕانکاریە گەورەیە بوو کە گۆڕان کردی، ڕەنگە خەڵک گاڵتە بەوێنەگرتنی لەگەڵ بەرپرسان بکات، بەڵام ئەوەخواستی هەموو لایەنگرێکە، جاران لایەنگران خواخوایان بوو تەنها بۆ چەند چرکەیەک بیان بینن و وێنەیەک بگرن، کەچی ئەمڕۆ خۆیان دێنە ناوخەڵک و بەدەستی خۆیان سێڵڤی لەگەڵ هەوادارانیان دەگرن، ئەمە دەرەنجامی ئەم گۆڕانە ڕیشەیەیە کە گۆڕان هێنایەکایە و خەڵکی کوردستان بەدەنگدان لەم ڕۆژەدا ڕق و توڕەی خۆی پیشانی دەسەڵاتدارانی هەرێمدا.

لەم ڕۆژە بەم لاوە، هەرچی حیزبی دەرەوەی هەردوو دەسەڵات هەبوو،  ئیدی هەموو گوشەرەکان لەسەر ئەندام و لایەنگرانیان لاکەوت و ئازادی زیاتریان بۆ گەڕایەوە، ڕۆژنامە نوسان و ئازادی خوازان باشتر گوزارشتیان لەبیر و بۆچونەکانی خۆیان کرد،  خەڵک لەجاران باشتر و چاونەترسانەتر گوزارشتیان لەخواست و مافەکانی خۆیان کرد، سەرەڕای هەموو ئەمانەش کە گۆڕانکاری گەورە بوون، بەڵام سەدان هەڵسوڕاوی گۆڕان کەوتنە بەر هەڕەشەی نانبڕین و دەرکردن و گواستنەوە، ئەمانە بەرەنجامی هەڵوێستی جوامێرانەی گۆڕانخوازان بوون، کە دەسەڵاتی توشی شۆکێکی گەورە کرد. کوردستانی توشی دابڕانێکی مێژووی گەورە کرد، لە نێوان پێش ٢٥ی حەوت دوای ئەوڕۆژە، ئیدی دەسەڵاتی کوردی هەموو ڕێگاکانی تاقیکردەوە بۆ ئەوەی بارودۆخی کوردستان بگێڕێتەوە بۆ پێش ئەمڕۆژە، بە گرتن و چاوسورکردنەوە و بڕینی مووچە و قوتی خەڵک، درووست کردنی حیز بو لیستی کارتۆنی. بەڵام گۆڕان لە دوای ئەم بەروارەوە هەموو پەردەکانی لادا و شانۆی سیاسی بەسەر خەڵکدا کردەوە، ئەوانیش بەڕوونی دانیان بەهەموشتێک دانا بەبەرچاوی جەماوەر، ئیدی ئەگەر گۆڕانیش نەمێنێت خەونی گۆڕانکاری دەمێنێت و جارێکیتر دەسەڵاتداران چەند خۆیان بەبهێز بزانن و ناتوانن ئەم مێژووە بسڕنەوە، بگەڕێنەوە بۆ پێش ئەمڕۆژە،  بەڵکو ئەم مێژووە شانازیەکی گەورەیە بۆ ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا، کەپشکێکی گەورەی بەردەکەوێت و بەشەکەی تری شانازی ئەم مێژووە بۆ هەڵسوڕاوان و خەڵکی ماندوو و تینوی ئازادی کوردستان دەگەڕێتەوە.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن