حیزبەکان لە گەڕەلاوژەی سازشدا
3/28/2022 9:59:00 PM
ئامانج هەرتەلی
کاتێک تەماشا سیاسەت و
ئیدارەی کوردی لەهەرێم دەکەین، جگەلە گەڕەلاوژە و بێ سەروبەری هیچیتری تێدا نابینرێت،
لە دۆخێکی خراپی بێ سەروبەری ناڕێکوپێکدایە، بەشێوەیەک تێکچڕژەوە کەس بەکەس نییە،
هەمووی خۆی بەپاڵەوان و پارێزەری هەرێم و کیانی کوردی دەزانێت، بەڵام خەریکن ئەم کیانە
وێران دەکەن و خەونی سەدان کورد کە خوێنیان لە پێناویدا ڕشت و ماڵوێرانی و کوێرەوەی نەتەوەیەک دەکەنە قوربانی حەزی شەخشی
چەند کەسێک.
باوباوی ئەوەیە هەرکەس
بۆ خۆی زیاتر پپچڕێت، شەڕی بەرژەوەندیەکان ئەوەندە گەورەن بیریان لای وێران بوونی
هەرێم نییە، کەس ئامادەی سازشکردن نییە، لەبەرامبەری یەکتر لە عینادیدان بۆ ئەوەی
کەسیان سازش بۆیەکتری نەکەن، بەڵام ئامادەن لەپێناوی ئەوەی بەسەر یەکتریدا زاڵبن و
وەک پاڵەوانی ساحە لەکوردستاندا، واخۆیان نمایش بکەن وەک پاڵەوان، هەروەها ئامادەن سازشی گەورە بۆ هێز و لایەنی تر بکەن، لەپێناوی سەرکەوتنی
کاتی خاڵێکی ڕەش بخەنە سەر مێژووی دەسەڵاتی سیاسی خۆیان و پەڵەیەکی ڕەشیش لە مێژوودا
جێگیر بکەن بۆ نەوەکانی داهاتون.
وەک ئەوەی لەشەڕی براکوژی لەپەلکێش کردنی دووژمنانی گەلەکەمان بۆ سەریەکتری
جگەلەوەی جێگای شورەییە و هەمووی واخۆنیاشندەدات لێی پەشیمانە، بەکارێکی خراپی دەزانێت،
بەڵام ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت پاشخانی ئەوێ ڕۆژێیە و تائێستاش نەیانتوانیوە لەژێر هەژموونی
ئەم پاشخانە دەرچن، بەڵکو بەزنجیر بەستراوەتەوە بەقاچیانەوە بەملکەچی لەژێر هەژموونی
ئەم وڵاتانەدا دەستەمۆن، بەئارەزووی خۆیان بڕیار و گوتاری خۆییان بەسەرتاندا دەسەپێنن،
بۆ ئەوەی نەبن بەدەستەمۆ حیزبە عێراقیەکان و ئەوانیش هەژمونی خۆتان بەسەردا نەسەپێنن
باشتروایە واز لەم عینادیە بێنن و بگەنە ڕێکەوتن.
کاتی ئەوەنییە کورد بخەنە
دۆخێکی مەترسییدار کەسبەی گەلی کورد لەسەر ئەم عینادایە باجێکی گەورەبدات، توشی شەرمەزاری
گەورەی بکەن، مێژووی ڕابردووی سیاسەتکردنتان لەبەرچاوە. بەڵام بەداخەوە دانەنیشتن
و گوێ بۆ یەکتری نەگرتن، وای کردووە کەس لەسەر کەس نەوەستێت. سەپاندی ڕۆحی هەژموونگەرایی
وایکردووە ماڵوێرانی و کوێرەوەی نەتەوەیەک لەسیاسەتدا بەعینادی و سازش بۆ یەکتری نەکردن
ببینین، ئەوەی ئەمڕۆ لە کوردستان دەگوزەرێت، لەهیچ سەردەم و کاتێکدا لەناو کورد نەبووە
مەگەر لەسەردەمی شەڕی ناوخۆدا ئەوە هەبوبێت هەرلایەک لەلایەن دوژمانانی گەلەکەمانەوە
وەک ئێستا ئاڕاستەکرابن.
ئەم بارودۆخەی ئێستا لە
کوردستان دەگوزەرێت، لە ئۆکڕانیادا نییە، لە ئۆکڕانیا ئەگەر هەمووشتێک لەناوچوبێت یەکگرتوی
لەناو نەچووە، سازشکردن بۆ دووژمنەکەیان لە ڕۆحیاندانییە ئامادەی بەرخودان نەک تەسلیم
بوون. خاوەنی سیاسەتێکی ڕوونن سەرکردەکانیان، بەپەرۆشن بەرپرس و دەسەڵاتدارانی ئۆکڕانیا،
یەکدەنگن بۆ وەستانەوە بەرامبەر بەو جەنگە، دژی حەزی شەخسی پۆتنن بۆ دەست بەسەرداگرتنی
وڵاتیان و تاڵانکردنیان، ئامادەن بمرن بەڵام وڵاتیان تاڵان نەکرێت و نەکەوێتە دەست
ڕووس و خێر و بێری ببرێت.
بەڵام لەکوردستاندا ئەوەندە
دژی یەکترین ئەوەندە دژی دووژمنەکانمان نین، ئامادەن دووژمنەکانمان هەرچی هەیە بیبات
بەس سازش بۆیەکتری نەکەن و گەلی کورد سوودمەند نەبێت، ڕەنگە ئەو سازشەی زۆرەی بۆ ئەو
حیزبانەی عێراقی دەکەن، بەچارێگ لەو سازشە بۆیەکتری بکەن سەرکەوتنی گەورە مسۆگەر دەکەن،
سبەی لەبری ڕوڕەشی بەردەم مێژووبن، ببنە پاڵەوانی ڕزگاری نەتەوە کەنایبینین.
ئەوەندە ناتەبان لەسەر
بەدەستخستنی پۆست و پەیداکردنی پارە، کەس حاڵی بەحاڵی حیزبەکانی کورد نەبێت، هەموو
هێزە عێراقیەکان شەڕ لەسەر ئەوەدەکەن چۆن خزمەتی گەلەکەی خۆیان بکەن، بەڵام ئەوانەی
ئێمە شەڕ لەسەر بەدەست هێنانی پۆست دەکەن بۆ حیزب و لەناو حیزبیش بۆ شەخس. لەکاتێکدا
لە ٢٠٠٣ کورد خاوەنی چەندین پۆستی سیادی و گەورەیە نەیانتوانیوە بەزەڕەیەک دۆخی
کوردبگۆڕن، ببنە هۆکاری چارەسەری کێشەیەک لەوانەی لەگەڵ حکومەتی عێراقی بەهەڵپەسێردراوی
ماونەتەوە، بەڵکو لەوێ وەک مووچە خۆری حیزب مامەڵایەن کردووە نەک وەک مرۆڤی دەسەڵاتداری
گەورەی سیاسی. کەواتە شەڕی پۆست و پایە لەبەغدا بەو سیاسەتەی ئێستا جگە لە بچوکردنەوەی
کورد هیچیتر نییە.
ئەوەندە ناسیاسین، هەرێمیان
گەیاندۆتە لێواری هەڵتەکاندن و وێرانکردن، ئەم جۆرە لەسیاسەت کردن وایکردوە بیری کورد بوونیان لە بەر خود گەورەی لەبیر
چۆتەوە، لەبری ئەوەی هەرێم بکەنە ناوەندی پێکهێنانی حکومەتی عێراقی وابکەن وەفدی حیزبە
عێراقیەکان شەو و ڕۆژ لەهەرێم بکەونەوە، مەرجە قورسەکانی کوردیان بەسەردا بسەپێنن،
بەداخەوە کوردیان گەیاندۆتە ئاستێک کە لەبەردەمی پەرلەمانتاری عەرەب بپاڕێنەوە بەوەی
بێن نیساب تەواو بکەن یان نیساب تەواو نەکەن، ئەوەندە تەنازول و سازشتان بۆ حیزبە
عێراقیەکان کردوە، وەک بەشێک لەوان دەردەکەون و جیاتان ناکەینەوە.
لەکاتێکدا ئەو هێزانەی
ئێوە ڕێکەوتنیان لەگەڵ دەکەن و کەوتونەتە تەنازول بۆیان هەرئەوانەن خۆتان زۆرینەیا
بەدووژمنی کوردیان دەزانن، لەکاتێکدا سبەی بەسەرکەوتنی هەرلایەک جگە لەسەپاندنی هەژمونی
خۆیان و وڵاتانیتر بەسەر کورد و گوشارخستنە سەری زیاتر هیچیتری لێ بەرهەم نایەت، بەڵکو
قەیرانەکان قوڵتر و ئێوەش کۆتایتان دێت، لەو گەڕەلەوژەیەی درووستان کردوە بۆ کورد
بە لەناوچونی ئەزموونی هەرێم کۆتایدێت، ڕەنگە ئەم گەڕەلاوژەیە ئێوە و ئەزموونی هەرێم
لەناوبەرێت، بەڵام کوردی پێلەناوناچێت.