754وتار

بۆ پەندێک لە مێژوو وەرناگرن

4/22/2021 1:02:00 PM
ئامانج هەرتەلی


لەکۆبونەوەی (مەجلیسی مەبعوسان)دا کە بەتایبەتی بۆ لێدوان لەو هەڕەشەیە دەکرا، لە کاتێکدا  هەندێک لەکاربەدەستانی بابیعالی چۆڵی خەزێنەی دەوڵەت و نەبوونی  پارەو دراویان دەکردە بیانو، بۆ قبوڵکردنی مەرجە قورسەکانی دەوڵەتانی ئەوروپی، مەبعوسێکی کورد( نوێنەری هەڵبژێردراو بۆ پەرلەمان) هەڵیدایە و وتی:

(( ئێوە دەڵێن کاروباری دارایی لە تەنگانەیەکی سەختدایە، ئێمە چۆن دەتوانین باوڕ بەو قسەیە بکەین لەکاتێکدا ئێوە لەم کەشو فشەدان، جلوبەرگی ڕەنگا و ڕەنگ و ماڵی ڕازوەوی پڕ لە کەلوپەلی جوان، گالیسکەی ئەسپی قەشەنگتان هەیە.))


وەرن بۆلای ئێمە بۆ کوردستان بەچاوی خۆتان کوێرەوەری و ناخۆشی ژیانی ئێمە ببینن. تا لەوڵاتی خۆم بووم هەرجلی دڕاوی پینەکراوم لە بەردابوو، وەکو خەڵکەکەی تر. بەڵام کە ئێوەم بەم جلوبەرگە ڕسمیە نایاب و خشڵدارانەوە بینی، لە حاڵی خۆم تەریق بومەوە.


ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا لە لاپەڕە ١٨٣ کتێبی کورد و عەجەمدا بۆمان باسدەکات، کاتێک وڵاتانی ئەوروپا هەڕەشە لە دەوڵەتی عوسمانی دەکەن، لەوێ پەرلەمانتارێکی کورد کە ئەوان دەبینێ و دۆخی ژیانی خۆی و گەلەکەی دەبینێ لەگەڵ دەسەڵاتدارانی تورک، کەجیاوازی چینایەتی چەند گەورەیە.


کاتێک ئەم ڕوداوە و لەم دۆخەدا دەینوسینەوە، هەمان دۆخی چینایەتی کەلێنکی گەورەی خستۆتە نێوان خەڵک و دەسەڵاتداران، کاتێک تەماشای ژیانی شاهانەی و خۆش گوزەرانی و ڕەتڵی دوامۆدیلی سەیارەکانیان دەکەی، لە تیڤیەکانەوە گوێ لەم بەرپرسانە دەگری، کە خەزێنەی دەوڵەت بەتاڵە و توانای دانی موچەیان نییە، لەشوێنی خۆی مرۆڤ تەریق دەبێتەوە.


لەکاتێکدا چەندین مووچەی فەرمانبەران قەرزار و دەیان موچە بەلێبڕن و پاشەکەوتەوە دابەشیان کردوە، بەخۆیان لە لەزەت و سەفا و گەشت نەکەوتون، هێشتا بەتەنگ زیاتر دەوەڵەمەندی خۆیانەوەن،  داواش لەخەڵک دەکەن باوڕ بەم قسانە بکەن، ئەم قسانە کاتێک ڕۆڵ و کاریگەری گەورە لەسەر هاوڵاتی درووست دەکەن، کە لەپێناوی خەڵکی برسی و فەرمانبەری ماندوی ئەم وڵاتە  دەسبەرداری خۆشی و لەزەتەکانی خۆیانبن.


دۆخی ئێستا هەرێم ئەگەر بەراوردی هەردوو دەسەڵاتداری قاجار و خەلافەتی عوسمانی کەناونرابوو پیاوە نەخۆشکە کە دواساڵەکانی قەڕنی نۆزدەدا بکەین  جیاوازیەکی زۆر نابینی، کە لەنێوان خەڵک و دەسەڵاتداراندا کەلێنی گەورە هەیە، ئەم چینانە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لەیەکتری دوردەکەونەوە. جیاوازی ژیان زۆر دەبێ، خەڵک هەیە مناڵەکانی بۆ پارویەک نان دەگری. کەچی کارگەیشتۆتە ئەوەی ئاردی ماڵن کەلەبایع دەدرێ بسوتێنرێ تاهەژارێک بە ئاسوودە نانێک نەخوت، بازرگانێک زیان نەکات.


 وڵاتانی ئەوروپی لە بری ئەوان بڕیاریان دەدا و چارەنوسی گەلانی دیاری دەکرد، شوێنە ستڕاتیجی و گرنگەکانیان دەگیردەکرد، هەرێمی کوردستان وەک ئەوان ئەوکات نەتوانای بڕیاری وەک پێویستی ماوە، نەدەشتوانی دەست بۆ باشکردنی ژیانی خەڵک بەرێ، ئەوەتا لەبری هەرزانکردنی دەرمان و خواردن، بازاڕ ڕۆژ لەدوای ڕۆژ گرانتر و موچەی فەرمانبەرانیش بەلێبڕینەوە دەدەن، ئەمە کەی ڕەوایە بازاڕ گران بکەی بەڵام مووچە لەفەرمانبەران ببڕی.


بۆڕزگاربون لەم دۆخەدا پێویستە خەڵکی دڵسۆز دەستبکەن بەگرتنە بەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ چارەکردنی ئەم دۆخە خراپە، تا لانی کەم هەرێمی کوردستان لەڕمان بپارێزرێ.


بەڵام بەم جۆرە بیرکردنەوەیە تا بەردەوامبن لەسەری و گوێ بەخەڵکی هەژار و کوێرەوەری خەڵکی بەش مەینەت نەدەن، ڕۆژ لەدوای ڕۆژ دۆخی هەرێم خراپتر دەبێت، کاتێک دەڕوخێت، زیان لێکەوتوی گەورە ئێوەی دەسەڵاتدار دەبن نەوەک میللەت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن