920وتار

لێگەڕێن با بارەگاکان بسوتێنن

12/7/2020 5:02:00 PM
بەختیار نامیق


هاوڵاتی بون بە سەنتەرکردنی هاوڵاتی یەکێکە لە بنەماکانی بونی هەر دەستەڵاتێک وە تا چی ئاستێک ئەم دەستەڵاتە لەسەر بنەمای هاوڵاتی بون دروست بوە ، هاوڵاتی بون بە مانای ئەوەی تاک لە بەرامبەر حوکمڕانیدا هەست با ماف و ئەرکی خۆی بکات ، بەڵام دەوڵەتێک لەسەر بنەمای خێڵگەرای و دەستەڵاتی ڕەهای بنەماڵەکان دامەزرا بێت ، ئەوا هاوڵاتی وەک ماف دەکەوێتە دەرەوەی بازنەی ئەم دەوڵەتە و وەک ئەرک دەبێت هەمو ئەرکەکانی جێبەجێ بکات  ، بە مانایەکی تر ئەم حکومداری کوردیە لە باشور بەرهەمی دو وڵات و دو بنەماڵەیە و هەر هاوڵاتیەک سەر بەم دو بنەماڵەیە نەبێت ناتوانێ بە مافەکانی خۆی بگات ، بەڵام وەک ئەرک باجی قورس دەدات ، نابەرابەری گەیشتوەتە شوێنێک کە نەوەی بنەماڵەکان و چڵکاوخۆرەکانیان لە دنیایەکی تردا دەژین و هاوڵاتی تریش لە دنیایەکی پڕ ماندوبونی بێ مافدا دەژی ، دنیایەکیان دروست کردوە کە نابەرابەری وای کردوە کە چینی ناوەند تەواو داڕماوە و بێکاری گەنجان چوتە ئاستێکی مەترسی دار .

جا ئەگەر سەیر بکەی نەوەی دەستەڵاتدارەکان و نەوەی خەڵک چۆن دەژی، ئەو دەزانی بۆچی گەنجێک پڕە لە توڕە بون، پڕە لە ڕەشەبا، کوڕی بەرپرسەکان هەر ڕۆژەی سەیارەیەک و هەر جارەی وڵاتێک و کاری باش و دەستیان گرتوە بەسەر داهاتی ئەم وڵاتەدا لە ڕێی شەرعیەتدانی باوکیانەوە .
کوڕی دەروەی ئەم بازنەیە خەرجی ڕۆژانەی پێ نیە ، دەبینی ڕۆژانە باری قاچاخ دێت و ئێران و تورکیا ئەم وڵاتە تاڵان دەکەن، گەنجێک دەبینێ برسی دەکرێ بۆ ئەوەی تورکێک یان ئێرانیەک یان کوڕی بەرپرسێک تێر بێت چۆن ناتەقێتەوە و چۆن بارەگا ناسوتێنی ، گەنجێک دەبینی کوڕانی بەرپرسی ئەم وڵاتە میوانداری کچانی مۆدێل دەکەن و لە تەنها پێنج ڕۆژدا دەبن بە خاوەن سەیارەی گرانبەها ، ئەمیش خەرجی ڕۆژانەی پێ نیە چۆن بە گژ ئەرز و ئاسماندا ناچێتەوە ، چۆن بارەگاکانتان ناسوتێنێ .

گەنجێک دەزانێ داهاتی ئەم وڵاتە لە بازاڕەکانی دەروەدایە یان لە گیرفانی ئێران و تورکیادایە ، یان دەچێتە گیرفانی کچە مۆدێلەکانەوە و ئەمیش نەک هەر لە ماڵەکەی توانای کڕینی قاتێکی نیە بەڵکو دەبێت ئەرکەکانی جێبەجێ بکات و هیچ مافێکی نەبێ ، بێکار بێ پارە و دەبینێ باوکی کاری نیە و موچەی نیە ، ئیتر چۆن ناچێتەوە بەگژ بارەگاکانتان و ڕقی خۆی ناڕێژێ ، ئەم بارەگا سوتاندنەش بەشێكی توڕەبونی گەنجان خامۆش دەکات ، دواتر دەچێتە خانەیەکی تر ئەم گەنجە لە تاو ژیان دەبێتە ئەو ڕەشەبایەی هەمو دەستەڵاتدارانی ئەم هەرێمە دەسوتینێ .

لێگەڕین با بارەگاکان بسوتێنن، لێگەڕێن با جامخانەکانتان بشکێنن، لێگەڕین با هەرچی سەیارەی وەنەوشە و لێکزز و جیکڵاسە بوستێنن، ئەم ڕەمزانە لای گەنج بوەتە وێنەی ئەو دنیا ناشیرینەی کە بەرهەمی شۆڕشگێڕەکانی شاخ بوە ، لێگەرێن تا نەگەیشتوەتە خۆتان با بارەگاکانتان بسوتێنن .

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن