ئایا شکستی گۆڕان باشتر بو یان سەرکەوتنی کارتۆنی ئەوان
11/7/2021 12:59:00 PM
بەختیار نامیق
ئەگەر چی گۆڕان نەیتوانی هیچ کورسەیەک بە دەست بێنێ ، بەڵام لە زۆر ڕوەوە هێشتا لە هەمو حیزبەکانی تر کراوە تر و ڕونتر و باشترە ، با بپرسین چۆن.؟؟
١-دەنگدەری گۆڕان بێ هیچ بەرژەوەندیەک گۆڕانی سەرخست و دوای لادانی لە داخوازی شەقام توانی هەر هەمان دەنگدەر سفری بکاتەوە ، لە کاتێکداهەمو حیزبەکانی تر بە ناچاری و بە ئیمتیاز دەنگدەریان ناچار کردوە دەنگی پێ بدەن ، کەواتە هێشتا گۆڕان زیندوترە لە کۆی حیزبەکانی تر.
٢-گۆڕان چوە دەسەڵات ئەیتوانی چەکداری خۆی دروست بکات و ببێتە شەریکە نەوتی پارتی و یەکێتی و بەشێک بێ لە گرێبەستی پەنجا ساڵە ، بەڵام پێداگری کرد لەسەر چاکسازی ئەگەر چی هیچی پێ نەکرا بەڵام پەنای نەبردە بەر چەک و دزی.
٣-دەست لە کار کێشانەوەی خانە بە هۆی شکست و گوشاری دەنگدەران و کادرانیەوە ، ئەم مۆدێلە نەک لە ناو حیزبەکانی تردا نیە بگرە سەرکردایەتیەکان بە هۆی شکست و خیانەتەکانی ٣١ ئاب و ١٦ ئۆکتۆبەرەوە یەکێکیان دەستیان لە کار نەکێشایەوە.
٤-گۆڕان نەبوە پاشکۆی هیچ وڵاتێکی ناوچەیی ، لە بەرامبەردا هەمو حیزبەکان یان جاشی ناوچەین یان لینکێکیان هەیە بە وڵاتانی ترەوە.
٥-هیچ دۆسیەیەکی قورسی واژۆی عقوداتی سامانی سروشتیان نیە و بەشێک نەبوە لە ڕێککەوتننامەی جاشایەتی ستراتیژی ، بە پێچەوانەوە پارتی و یەکێتی خاوەن دەیان و سەدان فایلی ڕەشن حیزبەکانی تریش پشکیان هەبوە.
٦-هیچ کاتێک پەنای نەبردوە بۆ ساختەکردن لە دەنگداندا بە پێچەوانەوە ساختەی لێکراوە ، لە بەرامبەردا حیزبەکانی تر بە شێکی گەوەی سەرکەوتنیان ساختە و دزی بوە.
٧-بۆ پەرت بون و ناڕەزای و ڕۆشتن و ڕەخنە پەنای بۆ هیچ جۆرە سڕینەوەیەکی فیزیکی یان تیرۆر نەبردوە بە پێچەوانەی پارتی و یەکێتیەوە ،کە زیندانی تایبەت و تیرۆر و ژەهرخواردنی یەکتر دەکەن .
٩-کوڕانی کاک نەوشیروان تا ئێستاش هەمو قسەیەکیان ڕوبەڕو پێ دەوترێت سەبارەت بە حیزب و سامانی گۆڕان ، ئەگەر چی ئەوان تا ئێستا بستێکی گردەکەیان دەستکاری نەکردوە بەڵام لە گشتدا نەرم بون ، لە بەرامبەردا سەیری کوڕانی مام جەلال و مەسعود بارزانی کوڕ و کوڕەزای و عەلی باپیر بکەن.
١٠-گۆڕان نەهاتوە بۆ پۆستەکان کەس و کاری کاک نەوشیروان دابنێن ، بە پێچەوانەوە هیچ کەسێکی خزمی کاک نەوشیروان دانەنراوە ئەگەر زۆر لێهاتو و هەوڵی خۆی نەبوبێ ، لە بەرامبەردا بڕۆن سەیری خزمی سەرانی هەمو حیزبەکانی تر بکەن تا دەگاتە هەڵگری پاشکۆی تاڵەبانی و بارزانی .
١١-گۆڕان لە هەڵبژاردنەکاندا پارە و دەمانچەی دابەش نەکردوە ، بڕۆن سەیری هەمو حیزبەکانی تر بکەن.
گۆڕان چوار هەڵەی ستراتیژی کرد ( ڕێککەوتن لەگەڵ پارتی بێ هیچ کاریگەریەک ، چونە حکومەت و سەرۆکایەتی هەرێم و تەواو بونی سەقفی زەمەنی و نەکشانەوەی ، ڕێککەوتنی لەگەڵ یەکێتی ، بێدەنگی و ونبونی فۆرمی جیاوازتر لە پاڕتی و یەکێتی و بون بەشێک لەو مۆدێلە ناشیرینە و نەمانی گوتاری شەقام) بەمەش بە هۆی زیندویەتی هەوادار و کادرەکانیەوە سزا دراو سفریان کردەوە ، کەواتە شکستی گۆڕان نیشانەی زیندویەتیتی، ئەگەر چی بەرەی بایکۆت دوو هێندەی هەمو حیزبەکان بوە.
دواجار با بپرسین ئایا شکستی گۆڕان باشتر بو یان سەرکەوتنی کارتۆنی ئەوان.