177وتار

نەبونی دڵنیایی ئابوری و فرۆشتنی داهاتومان

9/6/2023 9:35:00 AM
بەختیار نامیق


سیستەمی نوێی جیهان و سەرمایەداری تەنها وەک کڕیار و بەپێوانەی هێزی کڕین دەڕوانێتە دەوڵەتان و مرۆڤی جیهانی سێهەم، بەڵکو وەک میکرۆئیکۆنۆمی بە ژمارەی قازنج و کەڵەکەبونی سەرمایە پێوانەی دەکات ، هەم لەسەر ئاستی تاک و هەم لەسەر ئاستی دەوڵەت بە پێوانەی بەرژەوەندی و چەندێتی و چۆنییەتی سامانی سروشتی دەیبینێت ، هەرێمی کوردستان دوای قوناغی سەدام و دەرهێنانی نەوت و ئابوری سەربەخۆ و بە ناوی کرانەوەوە بوە بە بەشێک لەو سیستەمی سەرمایەداریە قازانج ویستە ، بە جۆرێک نەک هێزی ئێستامان بەڵکو داهاتوشمان فرۆشراوە ، لە بەرامبەردا لە ڕوی ئابوری و داهاتەوە فرە سێکتەر نین ئەگەر چی ژینگەی فرە سێکتەری ئابوری لەبارە ، بەڵام بوین بە هەرێمێکی نەوتی ، لێرەوە وەک هێزی کار و هێزی ئابوری تاک و داهاتومان لەژێر کۆمەڵێک مارکێتینی ئابوری و بانکیدا فرۆشراوە، تاک و خێزان نیە قەرزاری قیست نەبێت بۆ ماوەی چەند ساڵێک بە تایبەت لە شارەکاندا ، وەک حکومداری هەرێمیش هەمان گیرۆدەی ئابورین ، حکومەتی هەرێم نەک خۆمان بەڵکو نەوەکانی دوای خۆمانیشیان قەرزار کردوە ، لەسەر ئاستی سایکۆلۆژیای تاک و کۆمەڵگاش دڵنیایی و ئاسودەیی و ئاشتی کۆمەڵایەتی بونی نیە ، خۆ ئەگەر کورد لە ڕوی ئابوری قەرزەوە دۆخی پێداویستی لە قۆناغەکانی ڕابردوو باشتر بێ ، ئەوا لە ڕوی سایکۆلۆژیای تاک و دامەزراوەییەوە تەواو وێرانین ، نە تاک و نە حکومەت هەست بە دڵنیایی ناکات ، بەڵکو لە ژمێریارییەکی ماتماتیکیدا و ژێرخانێکی ئابوری لەرزۆکدا هەمومان ئێستا و داهاتوشمان فرۆشراوە ، بە مانایەکی تر ئەوەی لە بواری ئابوریدا پێی دەوترێ خەرجی گیرفان ، بە گیرفانی تاک و حکومەتەوە نەک ئەوەی لەناو گیرفاندایە ، بەڵکو ئەوەشی لە داهاتودا دێتە ناو گیرفانەکانەوە خەرج کراوە و قەرزاری داهاتویش بوین ، هێز و تەمەنمان لە ژێر حکومی قەرزی گیرفاندا فرۆشراوە ، هەمو ئەم قەرزاریانە لە سایەی حکومێکی نەشارەزا لە دەوڵەتداری و کاگێڕی و سەرمایەیی هێزی مرۆییدا بوە ، نەشارەزایی لە دۆسیەی نەوت و قۆناغەکانی لە دەرهێنانەوە تا فرۆشتن و گرێبەستەکان بوە ، پاشان نەزانین لە بەڕێوەبەریدا ، کە ئەم عەقڵیەتە زیاتر شوانکارەیی و خێڵەکییە و کاتێک بە دنیایەک سەرچاوەی سروشتیەوە دەچێتە ناو کۆشکی سیستەمی سەرمایەدارییەوە ، دەچێتە ناو قومارخانەی بازاڕی نێودەوڵەتییەوە ، هەر لە دەرگاکەدا دەخەڵەتێنرێت و ناچار بە داخڵ بون دەبێت ، هەر هەنگاوێکی بە ناشارەزایی بۆ ناو ئەم کۆشکە زیاتر فێڵی لێدەکرێت و کات و وزە و بەرهەمی لێدەسێنرێت بە هەراج ، بێ ئەوەی بزانێ داهاتوی خۆی و خەڵکەکەشی دۆڕاندوە ، بازاڕی سەرمایەداری بە تایبەت بازاڕی ڕەشی نێودەوڵەتی وەک قومارخانەی نێودەوڵەتی گەر وریا و شارەزا نەبیت بە زیندوی نەک هەر خۆت بەڵکو داهاتوشی بردوەتەوە و تۆش دۆڕاوی ، دواتر ئاسودەیی و دڵنیایی کۆمەڵایەتیشت نامێنێ ، ئێستا دۆخێکە هەم تاک هەم حکومەت داهاتوی فرۆشراوە و دڵنیایی سفرە و ئابوری لەرزۆک و یەک سێکتەرە ، بۆیە لای هەمو تاکێک ترسێکی گەورەی نا دڵنیایی ئابوری هەیە و حکومەتیش بەردەوامە لەسەر فرۆشتنمان و فرۆشتنی داهاتوی دوریشمان ،  وەک بەدیل فریادڕەس لە ڕوی سیاسی و حیزبیەوە خاڵین لە ڕابەرایەتی و دۆخی نائومێدی لە ئێستا و داهاتوو ڕۆژ بە ڕۆژ خراپتر دەبێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن