798وتار

سزادان و ساختەکردن و هەڵسانەوە ، گۆڕان بەرەو کوێ دەبات..؟؟؟

10/20/2021 10:06:00 AM
بەختیار نامیق

گۆڕان دوای قۆناغی سزادانی لە لایەن هەوادار و دەنگدەری خۆیەوە دەبێت بە کردار بە خۆداچونەوە بکات ، ئەگەر هەمو حیزبەکان پشکیان هەبوبێ لە ساختەکاریدا ئەوا گۆڕان زۆرترینی سزادان بوە لەلایەن خەڵکی خۆیەوە ، خۆ ئەگەر گۆڕان خەڵکی خۆی لەگەڵ بوایە ساختەکاری نەیدەتوانی کاریگەری هەبێت ، چونکە ساختەکردن بەشێکی هەژماری دەنگەکان دەکات ، بۆ نمونە لەسەردەمی کاک نەوشیروان ٣٥ کورسی پەرلەمانی هەرێمی دەهێنا و ساختە دەیهێنایە سەر ٢٥ کورسی هەر هێزێکی بەهێزی لێ دروست دەکرا ، بۆ عێراق ١٢ کورسی دەهێنا و ساختە دەیکرد بە ٩ کورسی بەڵام هەر هێز بو ، دەکرێ بپرسین ئەی گۆڕان بۆ لە هاوکێشەی ململانێی وڵاتانی ناوچەیی و جیهانیدا نەبو ، بۆ هەڵە لەسەر هەڵە دەیکات ، بۆ نەینتوانی لەسەر هێڵی تورکیا +سعودیە+ئیمارات+ئەمریکا و ئیسرائیل لە لایەک و بەرەی ئێرانی لە لایەک بێت ، ئەی بۆ بازرگانێکی قەرزاری خەڵک و حکومەت بێ ئەوەی نوێنەری سەر سندوقی هەبێت ، بێ ئەوەی فلێکس و وێنەی کاندید و هەڵمەتی مەیدانی هەبێ دەتوانێ ژمارە بێت لە هاوکێشەی ناوچەیدا و ببێتە ڕەقم و پاشکۆی درێژکراوەکانی تورکیا ، بە مانایەکی تر ئەگەر کڵاومان نەکراوەتە سەر لە پشتی هەڵبژاردن و حیزبەکانەوە و بە تایبەت لە فلاش میمۆریەکەی ئیماراتدا بۆ وای لێهات ، گۆڕان کۆمەڵێک هۆکار وێرانی کرد کە ستراتیژی گۆڕان نیشتمانیە و نابێتە پاشکۆ بەڵام پشتوانی خەڵکیشی دۆڕاند کە بە پەلەی یەکەم خانە و چڤاتی نیشتمانی هۆکاری سەرەکین:


١-نەبونی ڕاگەیاندنێکی هەمە چەشنی فرە لایەنە ، کە سێ ساڵ بێ دەنگی لەسەر ڕوداوەکان بە تایبەت خزمەتگوزاریەکان ، بزوتنەوەی گۆڕانی لە قسەکەرێکی جدیەوە کردە کەڕولاڵ و کوێرێکی بەستەزمان. 

٢-ڕێکەوتن لەگەڵ پارتی بێ هیچ ئەجێندایەکی ڕون و بێ دەنگیەکی کوشندە ،  جیاواز لەو ڕێکەوتنەی سەردەمی کاک نەوشیروان.

٣- چونە ناو حکومەت و سەرۆکایەتی هەرێم و ئیدارە خۆجییەکانەوە ، دیاری کردنی سەقفی مانەوە و مەرجی چاکسازی ، هیچیان نەکراو گۆڕان بێ دەنگی هەڵبژارد جێی نەهێشت.

٤-کوڕانی کاک نەوشیروان کە بێ دەنگ بونیان کوشندەترین گورز بو ، کە دەتوانرا قسەیان هەبێ و ڕونکردنەویان بدایە کە موڵکەکانی گۆڕان هەر لە خزمەت گۆڕاندایە و دەستکاری نەکراوە.

٥-کێشەی عاجزەکانی ناو گۆڕان بە تایبەت ئایکۆنە سەرەکیەکان و ئەوانەی ڕۆژ بە ڕۆژ زیاد دەبون لە چونە دەرەوەیان ، کە دەکرا بەو ئاقارە نەڕۆشتایە.

٦-نەبونی گوتارێکی ڕون و ئەدائێکی چاودێری گشتی ،  بە تایبەت دوای چونە حکومەت و نەبونی کاریگەری گەورە لەسەر ژیانی خەڵک .

٧-نەمانی دەم و چاوی کاریگەر و کارئەکتەری بەهێزی دژ بە مۆدێلی پارتی و یەکێتی.

٨-هاوپەیمانی لەگەڵ یەکێتی بێ بونی ئەجێندایەکی ڕون و نەبونی متمانەی دەنگدەر بە ڕێکەوتنەکە ، جیاواز لە ڕێکەوتنەکەی دەباشان.

٩-تێنەگشتن لە ماتماتکی دانانی کاندیدیەکان کە دەبو لەو بازنانەی کاندیدی گۆڕانی لێیە کاندیدی یەکێتی لاواز بوایە یان هەر یەکێتی کاندیدی نەبوایە وەک چۆن لە زۆر بازنە گۆڕان کاندیدی نەبو.
هەمو ئەم خاڵانە و چەندین خاڵی لاوەکی تریش .

قۆناغی هەستانەوە :
سەرەتای قۆناغی هەستانەوە بە ئاشبونەوەمان لەگەڵ شەقام و داواکاریەکانیان دەست پێ دەکات ، دەست لەکار کێشانەوەی خانە و ڕێکخەری گشتی سەرەتایەکی باش بو وە نمونەی نیە لە باشور ، بەڵام ناکاتە دوا داواکاری کۆی دەنگدەر ی گۆڕان کە هێزی سەرەکیەتی ، بەڵکو دەبێ هەنگاوەکانی تری دەست پێ بکات  ، کە ماوەیەکی کەمی ماوە بۆ هەڵبژاردنەکانی کوردستان :

١-دانانی دەستەیەکی کاتی لە سەرانی گروپە جیاوازەکان بۆ کارەکانی گۆڕان.

١-کشانەوەی لە سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەت و ئیدارە خۆجییەکان .

٢- بەستنی کۆنفرانسێکی نیشتمانی و دەستکاری کرنی دەستور و هەیکەلی ڕێکخراوەیی.

٣-هەڵوەشاندنەوەی کۆی ڕێکخستن و دروستکردنی گروپی خۆبەخش له ڕێکخستن و تەنها لە ڕاگەیاندن و سوسیال میدیا کار بکەن و بەس لە پارێزگاکان بارەگای سەرەکی هەبێ .
 دەتوانین بپرسین ، ئایا دەتوانرێ هێزە ناکۆکەکانی گۆڕان بۆ قۆناغی هەستانەوە کۆبکرێتەوە لە دەوری یەک ئامانج..؟؟
لە ئێستادا داواکاری خەڵک بۆ گەڕاندنەوەی گروپە جیاوازەکان زۆر قورسە ، بەتایبەت ناو گردەکە و خوار گردەکە کەبونەتە چەند گروپێک و سەرەڕای کۆک بون بەوەی چی بکرێت بۆ ئاشتکرنەوەی گۆڕان و دەنگدەری و هەستانەوەی ، بەڵام ناکۆکی قورس هەیە لەو ئایکۆنانەی کە دەبێ بگەڕێنەوە گردەکە  لە نێوان ، گروپی پەرلەمانی بەغداد ، گروپی عوسمانی حاجی مەحمود ، گروپی ناڕازی پەرلەمانی کۆن و نوێی پەرلەمانی تازە ، گروپی قادری حاجی عەلی ، گروپی ناڕازی هەولێر و دهۆک ، گروپی ناڕازی هەندەران  ، هەندێ گروپی بچوکی تر.

بە هەمان شێوە لە گردەکەش چەندین ڕای جیاواز هەیە ، پرسیارەکە لێرەدایە ئایا لیدەرێک یان کەسێک هەیە کە بتوانی هەمو هێزە ناکۆکەکان لە دەوری داواکاری گشتی دەنگدەر کۆبکاتەوە ، کە دەزانین کاتمان کەم لەبەردەستە بە دوو هۆکار :

١-دوای دۆڕان و فێڵکردن لە کوتلەکانی سەر بە ئێران ، ئەگەری تۆڵە کردنەوەی ئێران لە پارتی و هێنانە پێشەوەی لاهور بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان لە ئارادایە ، لە حاڵەتی هێنانە پێشەوەی لاهور گۆڕان بۆی قورستر دەبێ ببێتەوە بە خاوەن گوتاری شەقام .

٢-کاتێکی کەمی ماوە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ، گۆڕان فریای کارەکانی بۆ ئاشتبونەوە ناکەوێت.
وە ئایا لیدەرێک یان گروپێک هەیە بتوانێت کۆی گروپە ناکۆکەکان کۆبکاتەوە و ببێتە هۆیەک بۆ یەکێتی ناوەکی گۆڕان تا ئەم بزوتنەوەیە بچێتەوە سەر ڕێچکەی کاک نەوشیروان و ببێتەوە بە زمانحاڵی شەقام .
ــــــــ
 تێبینی : من خۆم بەشێکی بچوکم لە شکستەکان و داوای لێبورنیشم کردوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن