1123وتار

وەڵامێک بۆ ئومێد خۆشناو

1/4/2021 10:26:00 PM
بەختیار نامیق



بزوتنەوەی گۆڕان لەسەرەتای دروستبونییەوە و لە قۆناغی کاک نەوشیروان و دوای قۆناغى کاک نەوشیروان بەدەر لە هەیکەلەی حیزبی پڕۆژەیەکی ڕیفۆرمخوازی نیشتمانی بوە.

ئەم هێزە کاری لەسەر چاکسازی گشتی کردوە لەسەر هەمو ئاستەکان تا بتوانرێت ئەوەی چەندین ساڵە لە سایەی پەنجا بە پەنجا و ڕێککەوتننامەی ستراتیژی و دابەشکاری ناوچەیی بەسەر زۆنی زەرد و سەوزدا بوە، چاکسازی تێدا بکات ، بە قۆناغ کاری لەسەر بکات و نەهێلێت ئەم هەرێمە چی لەسەر ئاستی ناوخۆیی و چی لەسەر ئاستی دەرەکی لەبار بچێ و ئەو هەلە مێژوییە ببێتە بناغەیەک بۆ ئەوەی هەرێم بەرهەمهێنی دەستەلاتێکی تەندروست بێت و ببێتە هەرێم و حکومەتی هاوڵاتی.

گۆڕان پڕۆژەیەکە تایبەت نیە بە حیزبێکی دیاری کراو ، بەڵکو بە هەمو لایەنەکان دەڵێ ئەگەر ئەتانەوێ هەرێم چاکسازی تێدا بکرێت تەنها ئەم ڕێگایە هەیە بمانباتە بەردەم دڵنیایی و پرۆسەیەکی گشتگیری نیشتمانیەوە .

ئەوە گۆڕان بو هەر لەسەرتاوە کاری لەسەر چاکسازی کرد و دەیویست ئەو حەوزەی ناوی دەستەڵاتەکانی هەرێمە (دادوەری و جێەجێکردن و یاسادانان) چاکسازی تێدا بکات و تاک هەست بکات بەشێکە لە خۆی ، بۆ ئەم مەبەستە دەرگای گفتوگۆی لە دامەزراندنیەوە کراوە بوە تا ڕێککەوتن لەگەڵ هەرلایەنێک بکات کە دەرک بەوە بکات هەرێم بە هۆی دوو دەستەڵات و درێژکراوەی دوو دەوڵەتی دراوسێ لە دۆخێکی مەترسیداردایە ، گۆڕان پێی وتن ئەگەر ئەم پڕۆژانە جێبەجێ نەکەن ئەوا لەسەر ئاستی ناوخۆ لەوە زیاتر ناشیرینتر دەبن و لەسەر ئاستی دەرەکی و گۆڕانکاریەکانیش بەرگەی ئاسانترین گۆڕانکاری و بەریەککەوتنی دەرەکی ناگرن.بینیمان هەر واش بو .

ئەگەر چی هاوڵاتی خۆی باش دەزانێ ئێوە کێن و چۆن قۆرخکاری گروپێک لەولا تەواوی سامان و دەستەڵاتی ئەم هەرێمەتان بۆ خۆتان قۆرخ کردوە ، تاک باش دەزانی لەم لاش فۆتۆکۆپی هەمان زۆنی زەردە .

گۆڕان تەنها ڕێککەوتنی لەگەڵ پارتی نیە وەک حیزب، بەڵکو ڕێککەوتنی لەگەڵ پارتی ویەکێتیش کردوە کە هاتە ناو دەستەڵات لە سەقفێکی زەمەنیدا ناوەڕۆکی ئەو ڕێککەوتنانە لانی کەم ڕەنگ بداتەوە و کاری لەسەر بکرێت .

گۆڕان لە پێناو لەبارنەچونی ئەم دەستکەوتانە هاتوەتە ناو ئەو حەوزەی کە ئێوە و یەکێتی پیستان کردوە ، خۆی ناشیرین کردوە تا بتوانێت ئەم حەوزە پاکبکاتەوە ، گۆڕان بە هەستکردن بە بەرپرسیاریەتی ناو ماڵی کوردی و ئەم هەرێمە هاتوەتە ناو ئەم حەوزەی دەستەڵاتانەوە کە ساڵانێکە ئێوە پیس و ناشیرینی دەکەن، تا بتوانێت پاکی بکاتەوە، بە شێوەیەک لە پێناو ئەم بەرپرسیاریەتیە و پاککردنەوەی حەوزەی دەستەڵاتە خۆشی ناشیرین بوە تا ئەو ئاستەی کەوتوەتە بەر لێشاوی ڕەخنەی توند و هەتا جنێو فرۆشتی یارانی خۆشی و سوتاندنی بارەگاکانی کە ڕۆژانێک بو لەبەردەم هەڕەشەی ئێوەدا پشتێنەی پاراستنی مرۆییان بۆ دروست دەکرد.

گۆڕان بۆ پاککردنەوەی دەستەڵات و کۆتایی هێنان بە پاشکۆیەتی یەکێتی و پارتی بۆ وڵاتانی ناوچە باجی قورسی داوە و بگرە بوەتە جێی ڕەخنە و تانە و تەشەری دۆست و دوژمنی ، گۆڕان گەر بیویستایە وەک ئێوە بکات بە سڵاوێک بۆ وڵاتانی دراوسێ دەیتوانی وەک ئێوە زۆر شت بکات ، بەڵام لەبەر بەرپرسیاریەتی و قوربانیدان بە خۆی لە پێناو دەستکەوتێکی مێژویی و خوێنی هەزارەها شەهید قبوڵی بوە جنێو و ڕەخنە باران بکرێت بارەگاکانی بسوتێنرێت و دەستخۆشی لە خۆپیشاندەرانیش بکات نەک خوێنیان بڕێژێت، بەو مەرجەی بتوانرێت هەنگاو هەڵبهێنرێت بەرە و چاکسازی دۆخەکە و لەمە زیاتر تێک نەچێت .

بەڵی گۆڕان ڕێککەوتی لەگەڵ ئێوە و یەکێتی کردوە تا بتوانێت بە قوربانی دانی خۆی کار بۆ چاکسازی بکرێت، بەڵام کاتێک حیزبەکەی تۆ و حیزبی زۆنەکەی ئەملاش بەردەوامن لەسەر گەندەڵی و باڵباڵێنەی ناو خۆتان و قاچاخچێتی و لاوازکردنی حکومەت و دادوەری و پەرلەمان و بەهێز کردنی چەند قاتەی حیزبەکانتان و بنەماڵەکانتان و گروپەکانی قۆرخکاری و لاوازترکردنی حکومەت و دنیایەک قەیران و نەبونی موچە و هەڵەی سیاسی و حکومی چۆن دەتوانێ بێدەنگ بێت لەکاتێکدا ڕێککەوتنی هەیە لەگەڵتان بۆ چاکسازی.


بەڵی گۆڕان حیزبی بێدەنگکردن نیە و هەمو ئەوانەی لایەنگر و دەنگدەری گۆڕان بون بێدەگ نابن، دەنگدەر و لایەنگر و هەڵسوڕاوی گۆڕان دەبینێ گۆڕان ڕێککەوتن دەکات لەگەڵ ئێوە و یەکێتی هیچ لە دۆخە گشتیەکە ناگۆڕێ بە گژ گۆڕاندا دەچێتەوە پێش ئێوە و بارەگاکانی خۆشیان دەسوتێنن .

گۆڕان لە پێناو هەست کردن بە بەرپرسیاریەتی باجی قورسی داوە و بگرە هەمو گەندەڵی و دزی و قاچاخچێتی ( کە پارتی و یەکێتیش ئەمە دەڵێن) لەلایەن هاوڵاتیەوە خراوەتە ئەستۆی گۆڕان لە کاتێکدا خەڵک باش دەزانی دۆسیەی نەوت و گومرگ چەندی دەچێتە ناو خەزێنەی حکومەت و بەردەست ئەو وەزارەتانەی دراوە بە گۆڕان ، گۆڕان بە پێی لێدوانی خۆی و سەرانی گەورەی ئێوەشەوە ڕێککەوتی کردوە و بەرپرسیاریەتی هەڵگرتوە، وەک چۆن ڕۆژانێک بو لە ڕاپەڕیندا هەمو سەرانی هەردو زۆنەکە بەدوای ڕێکخەرەکەیەوە بون .

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن