869وتار

گۆڕان لە نێوان دۆخی پرسە و نوژەنکردنەوەیدا

10/21/2021 12:08:00 PM
بەختیار نامیق

 بزوتنەوەی گۆڕان وەک فۆرمێکی جیاواز لە پارتی و یەکێتی دەرکەوت وەک بەدیلێک بۆ مۆدێلی پارتی و یەکێتی و بە پێی پڕۆژەکانی کاری لەسەر چاکسازی گشتی و دۆسیەی بە نیشتمانی بون دەکرد ، هیچ کاتێکیش دژی پارتی و یەکێتی نەبوە بەڵکو گوتاری باڵای بەرهەمدەهێنا بەرزتر لە پارتی و یەکێتی ، گۆڕان بۆ بونیادنانی ژورێکی نەشتەرگەری دەرکەوت تا بتوانێ هەرێم بباتە قۆناغی نیشتمانی و گەلێک شتی تر...

هەمومان ئەو ڕاستیە دەزانین کە ٧٥٪ دەنگدەر دەنگی نەداوە یان دەنگەکەی سوتاندوە ، لەم نێوەندەدا دەنگدەری گۆڕان بە سوتان یان بایکۆت سزای گۆڕانی داوە و دەنگی بە هیچ لایەنێک نەداوە ، ئەو مەساحەیەی بایکۆت هەر گروپێک یان حیزبێک ٣٥٪ بهێنی بۆ پەرلەمانی کوردستان دەبێت بە هێزی یەکەم ، لە ئێستادا هەمو هێزەکان لە ڕێگەی سێبەرەکانیانەوە کار بۆ ئەوە دەکەن ئەو مەساحەیە داگیر بکەن یان پشکی شێریان بەربکەوێ.

گۆڕان لە سزادان و سفربونەوەیەکی قورسدایە ڕۆشتنی کات و یاری کردن بە کات لە بەرژەوەندی گۆڕاندا نیە ، تا بتوانی دەنگدەری خۆی ئاشت بکاتەوە ، هەمو گۆڕانیش دەزانێت سەقفی داواکاری دەنگدەرانی چیە ، دوای دەست لەکارکێشانەوەی خانە و ڕێکخەر دەنگدەری گۆڕان چاوەڕێی هەنگاوەکانی تر دەکات ، ئەوانیش:

١-گوتاری گشتی گۆڕان کە دەبێ دژ بە مۆدێلی پارتی و یەکێتی بێ ، بەوەی کە دوای ئەوەی گۆڕان بەشدار بوە لە دەستەڵاتەکان بەڵام ناهێڵن بە پێی پڕۆژە نیشتمانیەکانی گۆڕانکاری بکات ڕونکردنەوە بدات ، ئەمەش لە ڕێگەی ڕاگەیاندنی گۆڕانەوە دەبێ ، بە داخەوە وەک قۆناغی دوەم بۆ مخاتەبەکردنی ڕای گشتی نەک هیچ ناکا بەڵکو لە جاران بێدەنگترە ، دەکرێ بە زوترین کات ڕای بە خۆداچونەوەی گۆڕان لە ڕاگەیاندنەوە دەر بکەوێ ، بەوەی کە:

٢-دەست لەکار کێشانەوەی لە حکومەت و سەرۆکایەتی هەرێم و ئیدارە خۆجێییەکان ، دیسان تا ئێستا هیچ هەڵوێستێکی ڕون دیار نیە.

٣-دەست لەکار کێشانەوەی ژورەکان و جڤاتی نیشتمانی ، نەک نەکراوە ، بەڵکو بەوەعدو وعود خەریکی کات کوشتنن و ئەم کات کوشتنە وەک خوێندنی فاتحە و دۆخی پرسەی گشتی وایە.
٤-ڕونەکردنەوەی ئاشت کردنەوە و گەڕاندنەوەی زویرەکانی گۆڕان ، بە تایبەت ئایکۆنە سەرەکیەکانیان ، سەردانی دەکرێن و هیچ ڕونکردنەوەیەک نیە بۆ ڕای گشتی.

ڕۆشتنی کات لە بەرژەوەندی گۆڕاندا نیە ، لە ئێستادا هەمو فۆکسەکان لەسەر چڤاتی نیشتمانی و چیای نەوشیروان مستەفایە نەک هەر هیچ ناڵێن بەڵکو باژێڕەوانێک کە دەکاتە ئەندامی جڤات هیچ ناڵێن و هیچ کۆمێنتێکیان نیە کە ئەمەش دەکاتە خۆکوژی ، تا ئەو ئاستەی بەرپرسی ژوری یاسایی گۆڕان داوا دەکات و داواکەی پشت گوێ دەخرێ ، کە ژوری یاسایی دەتوانێ بەرزترین ئۆرگان دادگایی بکات ، وەڵام نەدانەوەی بە دێڕێک لە لایەن جڤات و چیای کاک نەوشیروانەوە کارێکی کوشندەیە بۆ جەستەی گۆڕان ، هەموشمان دەزانین بۆ هەمو پرسەکان تۆپەکە لە قاچی چیادایە.
نوژەنکردنەوەی گۆڕان ، چۆن دەبێت ..؟؟؟

گۆڕان وەک بینایەک چۆن نۆژەندەکرێتەوە ، ئاوا پێویستی بە نۆژەنکردنەوە هەیە ، دەبێت  سەقفی بیناکە لەسەر چەند پایەیەک دابنرێ ، هەر پایەیەک هێزێک بێت و سەقف ئادائی گشتی و ستراتیژی گۆڕان بێت وە بۆ هەر پایەیەک کەسایەتیکی تایبەت بەو بوارەی هەبێت  ، بە هەمویان خانە پێک بهێنرێت و چڤاتی نیشتمانیش وەک پەرلەمان و دەستەڵاتی باڵا و ڕێکخەریش تەنها تەشریفاتی بێت ، پایەکان بریتی بن لە :

١-پایەیەک وەک هێزی شۆڕشگێڕی و کۆمەڵایەتی  ، بۆ نمونە عوسمانی حاجی مەحمود .
٢-پایەیەک وەک هێزی یاسایی ، بۆ نمونە حاکم شێخ لەتیف.
٣-پایەیەک وەک هێزی ڕاگەیاندن ، بۆ نمونە هەڤاڵ کوێستانی یان هوشیار عەبدوڵا.
٤-پایەیەک وەک هێزی ڕێکخستن ، بۆ نمونە شەماڵ عەبدولوەفا.
٥-پایەیەک وەک هێزی پەیوندیەکان ، بۆ نمونە هوشیار عومەر یان شۆڕش حاجی.
٦-پایەیەک بۆ هێزی فکری ، بۆ نمونە دکتۆر بورهان یاسین.
٧-پایەیەک بۆ هێزی پەرلەمانی ، بۆ نمونە عەلی حەمەساڵح.
چی تر گۆڕان نابێت چاوەڕێ بکات ، پێش ئەوەی گوتارێکی تر بچێتە ناو ساحەکەیەوە (کە دەنگدەر گۆڕانیشی دەرکردوە) دەبێت داواکاری گشتی دەنگدەر جێبەجێ بکات ، نەک خواستی گروپێک ، گەر وا نەکات ئەوا بە یەکجاری لە لایەن دەنگدەرانیەوە گۆڕی بۆ  هەڵدەکەنرێ.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن