744وتار

هەرێمی کوردستان و ئەفغانستان خاڵە جیاواز و لێکچوەکانیان

8/19/2021 10:41:00 AM
بەختیار نامیق



 دوای ڕوداوەکانی ئەفغانستان و قسەکانی بایدن بەوەی عێراق بە جێدێڵێ و لەم نێوەندەشدا جێهێشتنی هەرێمی کوردستان و عێراق ، زۆربەی بۆچونەکان باس لەوە دەکەن کە هەرێمی کوردستان هەمان سیناریۆی بەسەرا بسەپێ بەوەی خاڵی لێکچوی زۆرە تا ئەو ئاستەی فەرماندە سەربازیەکانی ئەفغانستان ناوە کوردیەکانیان پێ بڵێن وەک کۆمیدیا ، دەتوانین تەنها لەیەک دەلاقەوە بەراوردەکان نەبینین ، بەڵکو لە چەند دەلاقەیەکەوە بەراوردەکان بخوێنینەوە ، ئەویش بە هەردو دیودا ، خاڵی جیاوازی و خاڵی لێکچو :

خاڵە جیاوازەکان :
١-ئەفغانستان وک هەرێم جگە لە ناتۆ و ئەمریکا ، وڵاتانی تر دابەشیان نەکردبو بەسەر دوو زۆن و دوو بلۆکی تورکی و ئێرانیدا بگرە ڕۆڵی تورکی و ئێرانی زۆر کەم بو هەتا بە بەراوردی پاکستان .
٢-لە حاڵەتی دەرکەوتنی داعش دوای گەڕانەوەی ناتۆ و ئەمریکا ئۆتۆماتیکیەن زۆنی زەرد زیاتر لە ئێستا دەچێتە سەر تورکیا و زۆنی سەوز بۆ سەر ئێران، لە ئێستا تۆختر ، بۆیە هەروا بە ئاسانی ئەنقەرە و تاران ناهێڵن هێزێ وەک نمونەی تالیبان هەڕەشە بێ بۆ سەر بەرژەوەندیان .

٣-تاکە هێزێک کە وەک تالیبان هەڕەشە بێت بۆ زۆنی زەرد داعشە و ئەویش سەر بە تورکیایە و تورک ناهێڵێت ، مەگەر ڕیفراندومێکی تر بکەین .
٤-هێزێکی تر کە وەک تالیبان هەڕەشە بێت بۆ سەر هەرێم حشدی شەعبیە ، ئەمیش سەر بە ئێرانە و  هەڕەشە نابێ بۆ سەر هەرێم ، ئەمەش مەگەر سەرپێچی گەورە ببێت ، یان گۆڕانکاری گەورە ببێت.
٥-لە حاڵەتی پاشەکشەی ئەمریکا ، تورکیا و ئێران لە زۆرێک لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی قەوقاز بە گڵوپی سەوزی ڕوسی و چینیەوە هەژمونیان فراوانتر دەبێ ، ئەگەری ئەوەی هەیە ( کارت بە کارت ) لە بەرامبەر کودستانی ڕۆژئاوا و سوریا بۆ تورکیا و هەرێم و عێراق بۆ ئێران دابەش ببێ بە لەبەرچاو گرتنی بەرژەوەندی یەکتر ، هەرێم بە هەردو زۆنەکەوە بچێتە ژێر هەژمونی ئێرانیەوە ( چونی مەسعود بارزانی بۆ ئێران و هەڵکردنی ئاڵای کوردستان و تەسفیەکردنی ئامۆزاکان و بێدەنگی تورکیا بەرامبەر ئێران و دۆسیەی پەکەکە و شەنگال ) سوریا و ڕۆژئاوا بۆ تورکیا ، هەردو دۆسیەکە لە ڕێگەی بەغداد و دیمەشقەوە ببێت .
٦-لە هەرێم نە گروپێکی چەکداری ئۆپۆزسێون هەیە و نەحیزبێکی ئۆپۆزسێون کە بە جدی بیانەوێ دەستەڵاتی کوردی بگۆڕن ، ئەو دەنگانەش کەتوندن و داوای لابردنی دەستەڵاتی کوردی دەکەن بێ ڕابەرایەتین و چوارچێوەیەکی حیزی یان گروپی چەکداریان نیە وەک تالیبان و پشتیوانی جیهانی و ناوچەییان نیە، تا بتوانن هەمان سیناریۆی ئەفغان لە هەرێم دوبارە بکەنەوە.
٧-هەرێم بوەتە سەکۆیەک بۆ کوکردنەوەی بەرژەوەندی وڵاتانی دژ بەیەک بە هۆی نەوت و غاز و سەرچاوەکانی تری سروشتی ، وڵاتان چەند دژ بن لە هەرێم هاوبەرژەوەندین و دۆخی سەقامگیریان دەوێ ، بەڵام لە ئەفغان سەرچاوەی سروشتی نیە ، جیوسیاسی و جیپۆلەتیکی گرنگە ئەویش وەک مینێکی چێنراوی ئەمریکی دژ بە ڕێگای ئاوریشمی ئەوە دەخوازێ کە ڕوی دا.
٨-لە حاڵەتی ڕودانی هەر ڕوداوێک بە ئاراستەی ڕوخانی هەرێم ناوەند کۆنتڕۆڵی هەرێم دەکا نەک هێزێکی تری کوردی ٫ دەکرێ پەکەکە لەڕێی هێزێکی سێبەرەوە بۆ کاتی ئەمە بکات بەڵام بەردەوام نابێ و ئێران و تورکیا ناهێڵن چونکە لە ناوچەکەدا هاوبەرژەوەندین.
چەند خاڵێکی تری بچوک ، بەڵام سەرەکیترنیان ئەمانە بون کە باسمان لێوە کرد.

خاڵە لێکچوەکان:
١-خاڵە لێکچوەکانی هەرێم و ئەفغان تەنها لەسەر ئاستی ئیداری و لۆکاڵی هەیە ، ئەویش دۆسەیەی بندیوار و ....هتد.
٢-بێ متمانەیی لە نێوان حیزب و ئەندام ، پێشمەرگە و نەبونی ئینتما ، حکومەت و هاوڵاتی.
٣-گەندەڵی کە سەرەکیترین نەخۆشی هەرێم و ئەفغان بو .
٤-نەبونی هێزی نیشتیمانی و ئاسایشێکی یەکگرتوی پیشەیی نیشتیمانی.
٤-نا بەرابەری و نەبونی عەدالەتی کۆمەڵایەتی .
٥-دەستەڵاتی فراوانی خێڵ و بنەماڵە و بێ ئەرزش کردنی دەرگاکانی چاودێری وەک پەرلەمان و چاودێریە گشتیەکان و میدیا.
٦-ناڕونی لە داهات و هەژاری حکومەت و دەوڵەمەندی حیزب و خێڵ و بنەماڵە و مەسئولەکان.
چەند خاڵێکی تر وەک نەبونی خزمەتگوزاری و ..هتد.

ئەکرێ دوای کشانەوەی ئەمریکا لە ساڵی نوێدا خۆپیشاندانی سەرتاسەری ڕوبدات ، بەڵام بە هۆی نەبونی ڕابەرایەتیەکی بەهێزی ڕێکخراوەوە ، هەر وەک خۆپیشاندانەکانی تری لێ بێت ، هیچ ناگۆڕێ و تەنها دەستەڵاتی ئێران و تورکیا بەهێزتر دەبێ  ، ئەگەر هەرێم خوێ لەگەڵ بارودۆخەکەدا نەگونجێنێ و چاکسازی نەکا ئەوا دەگەڕێتەوە چوارچێوەی یەکەم و بەیانی یانزەی ئازاری ساڵی ١٩٧٠

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن